سانیحە ئەمین زەکی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

سانيحە ئەمين زەكى :(١٩٢٠-٢٠٠٩) نووسەر و وەرگێڕ

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

سانيحە ئەمين زەكى

سانیحە کچی محەمەدئەمین زەکی بەگی مێژوونووسە، ساڵی ١٩٢٠ لە شاری ئەستەمووڵ ھاتووەتە دنیاوە و تاقە کچی باوکیەتی. چوار ساڵان بووە کە لە ١٩٢٤دا بە ماڵەوە ھاتوونە بەغدا و لێی نیشتەجێ‌بوون. ھەر لە منداڵییەوە، بە حوکمی پشتیوانیی باوکی، بواری ھەبووە فێری ئەسپ‌سواری ببێ و لەچک و عەبا بەکارنەھێنێ. ئەمە نەخشی بەرچاوی لە پێکھێنانی کەسێتییەکەی‌دا ھەبووە و وای لێ‌کردووە لە زووەوە باوەڕی بە ھاوشانیی نێر و مێ ھەبێ و ئەوە بە بناغەی کۆمەڵێکی دروستی شارستانی دابنێ. قوناغەکانی خوێندنی سەرەتایی تا ئامادەییی مەرکەزیی لە بەغدا تەواوکردووە و لە شیعر و ئەدەبی عەرەبی‌دا باڵادەست‌بووە. لەبەرئەوەی ماڵێکیان لە شەقڵاوە ھەبووە و ھاوینانیان لەوێ بەسەربردووە، فێری زمانی کوردیش بووە.[١][٢]

مشاهير الكرد وكردستان[دەستکاری]

لێرەوە شانازیی بە ناسنامەی نەتەوەییی خۆی لا پەیدابووە و ھۆشیاریی نیشتمانیی کوردیی گەشەی‌کردووە. بەوپێیە، كتێبی کوردی بەناوبانگی باوکیی بە ناوی (مشاھیر الکرد وکردستان)ەوە کردووە بە عەرەبی، کە یەکەم بەرگی ١٩٤٥ و دووەم بەرگیشی بە دەستکاریی محەمەدعەلی عەونییەوە ١٩٤٧ بڵاوبووەتەوە. تەمای بووە بچێتە زانکۆی ئەمریکایی لە بەیرووت، بەڵام لەبەر تەندروستیی باوکی، کە لە دوادواکانی ژیانی‌دا بەدەست نەخۆشیی بەتایبەت ڕۆماتیزمەوە ناڵاندوویە، نەیتوانیوە بخوێنێ و خەریکی خزمەتی بووە. [١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی[دەستکاری]

ساڵی ١٩٤٨ لەگەڵ محەمەد حەسەن مەخزوومیی دراوسێ‌ماڵیان، پاش چیرۆکێکی درێژی خۆشەویستی، خێزانی پێک‌ھێناوە و بەرھەمی ژیانی ھاوبەشیان کچێکی "ژاڵە" ناو (پڕۆفیسۆرە لە زانکۆی ئەمریکایی لە بەیرووت) و کوڕێکی "حەسەن" ناو (دکتۆرای پزیشکیی ھەیە لە ئەمریکا)ە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

لە ساڵانی کۆتاییی ژیانی‌دا چووەتە شاری بەیرووت و لەوێ جێگیربووە، چونکە مێردەکەی لە بنەڕەت‌دا خەڵکی وڵاتی لوبنان بووە. تا ڕۆژی ١٦/٧/٢٠٠٩ لەوێ کۆچی‌دواییی کردووە.[١][٢]

نووسینەكانی[دەستکاری]

سانیحە، نووسینێکی‌تری لە ڕۆژنامەی "ژین"دا بڵاوبووەتەوە.[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت لاپەڕەیەکی ژیاننامەکەی، ئامادەکراوی بەڕێز د. ژاڵە محەمەد مەخزوومیی کچی
  2. ^ ئ ا ب پ ت گۆڤاری گەلاوێژ، بەرگی یازدەهەم/ بەشی یەكەم- ژیاننامە و پێڕست، ئامادەكردنی سدیق ساڵح، ڕەفیق ساڵح، عبدوڵڵا زەنگەنە، لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٦، ل8088-8089