زاوزێ پێ کردنی دەستکرد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

زاوزێ پێ کردنی دەستکرد یان ھەڵبژاردەی دەستکرد بریتییە لەو ڕێکارەی مرۆڤەکان پێی ھەڵدەستن لە بەکارھێنانی لێکدانی ئاژەڵەکان و لێکدانی ڕووەکەکان بەمەبەستی بەدەستھێنانێکی دەستکردی خەسڵەتە ڕووخسارییەکان (فینۆتیپیک - Phenotypic) لەڕێی دیاریکردنی ئەو ئاژەڵ و ڕووەکە نێر و مێیانەی ئەگەرییان زیاترە لە زاوزێ کردنی سێکسی و خستنەوەی وەچە پێکەوە. کردەی لێکدانەکە لەلایەن کەسێکی شارەزا و پسپۆری لێکدانەوە ئەنجام دەدرێت.[١] دەکرێت گوڵ، سەوزە و درەختە میوەدارەکان لەیەکبدرێن لەلایەن کەسانی شارەزای بازرگانی و نابازرگانییەوە و بەرھەمە دانەوێلە گەورە و زۆرەکان بەرھەمی و دەستکردی کەسانی شارەزا و پسپۆرن.

لە لێکدانی ئاژەڵەکان دا، شێوازەکانی لێکدانی ناوخۆیی (لە نێوان خزم دا)، لێکدانی ھێڵی (نزیک لە ھەمان جۆر) و لێکدانی دەرەکی (لەگەڵ جۆرێکی جیاوازدا) بەکاردێت و بە ھەمان شێوەی ڕێگا ھاوشێوەکان لە لێکدانی ڕووەکەکان دا بەکاردێت. چارڵز داروین باسی سەرکەوتووی لێکدانی دەستکردی کردووە لە بەرھەمھێنانی گۆرانکاری بە تێپەڕینی کات لە کتێبە بەناوبانگەکەی ساڵی ١٨٥٩ بە ناوی (دەربارەی سەرچاوەی جۆرەکان - On the Origin of Species). یەکەم بەشی کتێبەکە باسی لێکدانی دەستکرد و ماڵی کردنی ئاژەڵەکانی کۆتر، پشیلە، ڕەشەوڵاخ و سەگەکان دەکات. داروین کردەی ھەڵبژاردەی دەستکردی وەک خاڵی بەھێز بەکارھێنا لە ناساندن و پتەکردنی بیردۆزی ھەڵبژاردەی سروشتی.[٢]

بەکارھێنانی مەبەستداری کردەی لێکدانی دەستکرد بەمەبەستی بەرھەمھێنانی ئەنجامە خوازراوەکان بۆتە کارێکی یەکجار باو و بەربڵاو لە بواری کشتوکاڵ و زیندەزانی تاقیکاری.

لێکدانی دەستکرد دەکرێت مەبەستدار نەبێت (لە ئەنجام کرداری کشتووکاڵ کردن لەلایەن مرۆڤەوە) و ھەروەھا دەکرێت ئەنجامی نامەبەستداری خوازراو و نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە. بۆ نموونە، لە ھەندێک دانەوێلەدا زیادبوونی قەبارەی تۆو دەکرێت بگەرێتەوە بۆ چالاکی و کردەی کێلانی زەوی وەک لەوەی کردەی ھەڵبژاردنی مەبەستدار بووبێت بۆ تۆوی گەورەتر. ئەگەرێکی زۆر ھەیە پەیوەستیی و بەندبوون ھەبووبێت لەنێوان ھۆکارە دەستکرد و سروشتییەکان دا کە بۆتە ھۆی ئەنجامی ماڵی کردنی ڕووەکەکان.[٣]

لێکدانی دەستکرد لە ناوەندی بەخێوکردنی زیندەوەرە ئاوییەکان[دەستکاری]

لێکدانی دەستکرد لە ناوەندەکانی بەخێوکردنی زیندەوەرە ئاوییەکان دا گرنگییەکی زۆری ھەیە بەھۆی باشتربوونی بۆماوەییەکان لە ماسی و گوێچکەماسی. بە پێچەوانەی بەرھەمە وشکانییەکانەوە ھەتا ئەم ساڵانەی ڕابردووش سوودەکانی لێکدانی دەستکرد لە ناوەندە ئاوییەکان دا نەدۆزرابۆوو.

خەسڵەتە خوازراوەکان لە کێلگەی بەخێوکردنە ئاوییەکان

جۆرە ئاوییەکان بەخێودەکرێن لەبەر چەند خەسڵەتێکی دیاریکراو وەک ڕێژەی گەشەکردن، ڕێژەی مانەوە، جۆرێتی گۆشت، بەرگری نەخۆشیی، بەپیتیی و خەسڵەتە توێکڵییەکان (سەدەف) وەک قەبارەی و ڕەنگی توێکڵەکان.

  • ڕێژەی گەشەکردن: ڕێژەی گەشەکردن بە کێشی جەستە یان درێژی جەستە دەپێورێت.
  • ڕێژەی مانەوە: ڕێژەی مانەوە دەکرێت ھەژماربکرێت بە پلەکانی بەرگری دژی نەخۆشییەکان.[٤]
  • جۆرێتی گۆشت: لە جۆرێتی گۆشتی ماسیی دا ئەمانە بە ھەند وەردەگیرێت (قەبارە، گۆشتنی، ڕێژەی چەوری، ڕەنگی گۆشت، تام، شێوەی جەستە، پێکھاتەی ڕۆن و ئۆمێگا سێ.
  • بەپیتی: لەبەرئەوەی ماسی و گوێچکەماسی خۆیان بە ئاسایی ڕێژەیەکی بەرزی بەپیتیان ھەیە بۆیە بە خەسڵەتێکی گرنگ و باش دانانرێت بەڵام چالاکی و کردەکانی لێکدانی دەستکرد دەکرێت قەبارەی ھێلکە بە ھەند وەربگرێت و پەیوەستی بکاتەوە بە ڕێژەی مانەوە و گەشەکردنی سەرەتایی.

سوود و زیانەکان[دەستکاری]

لێکدانی دەستکرد ڕێگەیەکی ڕاستەوخۆیە لە دەستنیشانکردنی ئەوەی ئایا دەکرێت خەسڵەتێکی دیاریکراو پەرەبسێنێت لە وەڵام دا بۆ ھەڵبژاردن. ڕێگای لێکدانی یەک وەچە ڕێگایەکی ورد و راستەوخۆ نییە و بەکارھێنانی کردەی لێکدانی دەستکرد باشترە بۆ خەسڵەتەکانی وەک جەستەزانی و ھەڵسوکەوت کە پێوانەکردنیان سەختە لەبەرئەوەی پێویستی بەتاقیکردنەوەی ژمارەیەکی کەمتری تاکەکان ھەیە بە بەراورد بە ژمارەی تاقیکردنەوەکانی ڕێگەی یەک وەچە.

سەرەڕای ئەوە ڕێکارەکە چەند زیانێکی ھەیە چونکە ناکرێت تاکە تاقیکردنەوەیەکی ئەنجامدراو لە لێکدانی دەستکرددا بۆ ھەڵسەنگاندنی تەواوی جیاوازییەکانی بۆماوەیی کۆمەڵەیەک بەکاربھێنرێت بۆیە بۆ ھەر خەسڵەتێکی دیاریکراو دەبێت تاقیکردنەوەیەکی تایبەت و جودای بۆ ئەنجام بدرێت. ھەروەھا پێویستیی ئەنجام دانی تاقیکردنەوەکانی لێکدانی دەستکرد لە تاقیگە و خانووی شووشەی دا بۆ ھێشتنەوە و پاراستنی زیندەوەرەکان وای کردووە ئەم ڕێگەی لێکدانە کارێکی ناکردەیی بێت بۆ چەندین زیندەوەر. لەم بارەدا ئەنجامدانی نموونەکانی زاوزێی دەستبەسەرداگیراو کارێکی یەکجار سەختە کە لایەنێکی سەرەکیی لێکدانی دەستکرد پێکدەھێنێت.[٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ https://www.merriam-webster.com/dictionary/breed (Noun definition 1)
  2. ^ Darwin
  3. ^ Purugganan, M. D.; Fuller, D. Q. (2009). "The nature of selection during plant domestication". Nature. 457 (7231): 843–8. Bibcode:2009Natur.457..843P. doi:10.1038/nature07895. PMID 19212403.
  4. ^ Gjedrem, T. (1983). "Genetic variation in quantitative traits and selective breeding in fish and shellfish". Aquaculture. 33 (1–4): 51–72. doi:10.1016/0044-8486(83)90386-1.
  5. ^ Gjedrem, T. (1985). "Improvement of productivity through breeding schemes". GeoJournal. 10 (3): 233–241. doi:10.1007/BF00462124.