ھەڵبژاردەی سروشتی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ھەڵبژاردەی سروشتی بریتییە لە توانا و غەریزەی بەردەوام بوون لە ژیان و زازوێ کردنی تاکەکان بەھۆی جیاوازیان لە ھەڵسوکەوت دا. ھەڵبژاردەی سروشتی ڕێکارێکی سەرەکی پەرەسەندن پێکدەھێنێت و چارلز داروین ھەستا بە ناساندن و بڵاوکردنەوەی دەستەواژەکە و بەراوردکردنی بە ھەڵبژاردەی دەستکرد کە ھەڵبژاردەی دەستکرد کردەیەکی خۆویستانەیە بەڵام ھەڵبژاردەی سروشتی خۆویستانە نییە.

گۆرانکاری لە ھەموو کۆمەڵە زیندەوەرەکان دا بوونی ھەیە. ئەم گۆرانکارییە ڕوودەدات بەھۆی سەرھەڵدانی بازدانی ھەڕەمەکی لە جینۆمی تاکە زیندەوەرێک دا کە دواتر ئەو بازدانانە دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ وەچەکانیان. بەدرێژای ژیانی تاکەکان، جینۆمەکان بە بەردەوامی کارلێک دەکەن لەگەڵ ژینگەکانیان دا بۆ ھێنانەدی گۆرانکاری لە خەسڵەتەکانیان دا و ژینگەی جینۆمەکە پێکدێت لەمانە (زیندەزانی خانەیی ناو خانەکە، خانەکانی دیکە، تاکەکانی دیکە، کۆمەڵەکان، جۆرەکان و ژینگە نازیندووەکان). لەبەرئەوەی ئەو تاکانەی خاوەنی چەند خەسڵەتێکی دیاریکراوی جیاوازن مەیلیان زیاترە بۆ بەردەوامی و زۆربوون بە بەراورد بەو تاکانەی خاوەنی خەسڵەتی گۆراوی کەمتر سەرکەوتوون ئەمەش دەبێتەھۆی پەرەسەندنی کۆمەڵەکان. ھەروەھا چەند ھۆکارێکی دیکەش کاردەکەنە سەر سەرکەوتوویی لە زۆربوون دا وەک ھەڵبژاردەی سێکسی و ھەڵبژاردەی بەپیتێتی.

ھەڵبژاردەی سروشتی بە بەردی بناغەی زانستی زیندەزانی نوێ دادەنرێت. وەکو بیرۆکە لەلایەن (چارلز داروین) و (ئەلفرێد ڕەسل واڵس) ەوە لە ساڵی ١٨٥٨ دا بەچاپ گەیەنراوە لە کۆکراوەی کۆمەڵە لێکۆڵینەوەک دا و دواتر داروین لە ساڵی ١٨٥٩ دا لە کتێبە بەناوبانگەکەی دا بە ناوی (دەربارەی سەرچاوەی جۆرەکان بەھۆی ھەڵبژاردەی سروشتی یان پاراستنی ڕەگەزە خوازراوەکان لە ململانێی بۆ ژیان دا) زیاتر ڕوونی دەکاتەوە کە تێیدا ھەستاوە بە ناساندنی ھەڵبژاردەی سروشتی وەک ھاوشێوەی ھەڵبژاردەی دەستکرد.

لەڕاستی دا چەمکی ھەڵبژاردەی سروشتی ھاتووەتە کایەوە لە نەبوونی بیردۆزێکی تەواو دەربارەی بۆماوەزانی و لە سەردەمی نووسینەکانی داروین دا، زانست ھێشتا مابووی ھەستێت بە دانانی بیردۆزی نوێ لەسەر بۆماوەزانی. دەستەی (پەرەسەندنی داروینی باو) لەگەڵ چەند دۆزینەوەیەک دا لە بۆماوەزانی کلاسیک دا ھەستان بە دروستکردنی (پێکھاتنی نوێ) لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دا. ھەرچەندە جینۆمەکان دەتوانن بەشێوەیەکی ھێواش ببنە ھۆی لادانی بۆماوەیی ھەڕەمەکی بەڵام ھەڵبژاردەی سروشتی بە بیرۆکەی سەرەکەی دادەنرێت لە پەرەسەندنی خۆگونجاودا.

ڕێکارەکان[دەستکاری]

گۆرانکاری سروشتی ڕوودەدات لە نێوان تاکەکانی ھەر کۆمەڵە زیندەوەرێک دا. ھەندێک لە گۆڕانکارییەکان دەکرێت ببنە ھۆی زیادکردنی ھەلی تاکەکە بۆ بەردەوامی و زاوزێکردن بەشێوەیەک لە ماوەی ژیانی دا خێرای زاوزێکردن بەرزببێتەوە کە ئەمەش واتای خستنەوەی وەچەی زیاتر دەگەیەنێت. ئەو خەسڵەتانەی سوود دەگەیەنن بە شێواز و ژمارەی زاوزێ کردن و گواستراوەن لە باوانەوە بۆ وەچەکان ئەوا دەبنە ھۆی (زاوزێکردنی گۆراو).

تەنانەت ئەگەر سوودی زاوزێکە کەمیش بێت ئەوا بە درێژای چەندین وەچە خەسڵەتە گواستراوە باشەکە دەبێتە خەسڵەتێکی زاڵ لە تەواوی کۆمەڵەکەدا. بەم ھۆیەوە ژینگەی سروشتی زیندەوەرێک ھەڵدەستێت بە دەستنیشانکردنی ئەو خەسڵەتانەی دەبنە ھۆی پەیداکردنی سوودێکی زۆربوون کە دەبێتە ھۆی ڕوودانی گۆرانکاری پەرەسەندوو وەک ئەوەی داروین باسی کردووە.[١]

بۆ نموونە کاریگەری ھەڵبژاردەی سروشتی لەسەر پەرەسەندنی مۆرانە، مێرووی باڵداری مۆرانە بە ھەردوو ڕەنگی کاڵ و تۆخ لە بەڕیتانیای مەزن دەژین. لە سەردەمی شۆرشی پیشەسازی دا زۆربەی ئەو دارانەی مۆرانەکان پشوویان لەسەر دەدا بەھۆی دووکەڵ و سوتووەوە ڕەش بوون کە ببووە ھۆی سوودگەیاندن بە مۆرانە ڕەنگ تۆخەکان لەڕێی ئاسانکردنی خۆشاردنەوە لە ڕاوکەران. ئەم دیاردەیە ھەلێکی باشتری ڕەخساند بۆ مۆرانەکان لە مانەوە و بەردەوامی خستنەوەی وەچەی ڕەنگ تۆخ. لە ماوەی تەنھا ٥٠ ساڵ دا ھەموو مۆرانەکانی ناوچەی پیشەسازی مانچستەر گۆران بۆ ڕەنگ تۆخ. ئەم دیاردەیە جارێکی تر گۆرانکاری بەسەردا ھات و پێچەوانە بۆوە بەھۆی کاریگەری (بڕیاری ھەوای پاکژی ساڵی ١٩٥٦) کە ڕێژەی مۆرانە ڕەنگ تۆخەکان کەم بوونەوە.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Lear 1988, p. 38
  2. ^ Aristotle, Physics, Book II, Chapters 4 and 8