دەربارەی سەرچاوەی جۆرەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دەربارەی سەرچاوەی جۆرەکان (یان ناوە تەواوەکەی دەربارەی سەرچاوەی جۆرەکان لەڕێگەی ھەڵبژاردەی سروشتی یان پاراستنی ڕەگەزە خوازراوەکان لە ململانێی ژیان دا)[١] لە ڕێکەوتی ٢٤ تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٥٩ دا بڵاوکراوەتەوە کە بەرھەمێکی زانستیی زانا چارڵز داروینە و بە بناغەی زانستی زیندەزانی پەرەسەندن دادەنرێت.[٢] کتێبەکەی داروین ھەڵدەستا بە پێشنیارکردنی بیردۆزێکی زانستی کە کۆمەڵە زیندەوەرەکان بەدرێژای وەچەکان پەرەدەسێنن لەڕێی ڕێکارێکی ھەڵبژاردنی سروشتییەوە. ھەروەھا ھەستا بە خستنەبەردەست کردنی کۆمەڵێک بەڵگە کە ھەمەجۆرێتی ژیان لە بنچەیەکی ھاوبەشەوە سەرچاوەی گرتووە لەڕێی لق لێبوونەوەی پەرەسەندن و لەگەڵیشی دا ئەو بەڵگانەی خستەبەردەست کە لە ساڵی ١٨٣٠ لەسەر (گەشتی لێکۆڵینەوەی سەگی ڕاوکەر) دا کۆی کردبوونەوە لەگەڵ ئەنجامی لێکۆڵینەوە، تاقیکردنەوە و پەیوەندییەکانی.[٣]

لەوەوپێش بیرۆکەی پەرەسەندنی جۆراوجۆر پێشنیارکرابوون بۆ ڕوونکردنەوەی بەدەستھاتووە نوێیەکانی زیندەزانی و گەشەکردنی بەردەوام بوونی ھەبوو لە پشتگیری کردنی ئەم بیرۆکانە لەناو توێکارزان و خەڵکی دا بەڵام لە ماوەی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەھەم دا دامەزراوەی زانستی ئینگلیزی بە توندی پەیوەستبوون بە کلێسای ئینگلتەرا و زانست بە بەشێک لە باوەڕی سروشتت ھەژماردەکرا. بۆچوونەکان دەربارەی گۆرانی جۆرەکان جێی مشتوومڕ و ناکۆکی بوو چونکە دژی ئەو باوەڕە بوون کە جۆرەکان بەشێکی نەگۆراون لە زنجیرەیەکی دارێژراو و شێوەکراودا و مرۆڤەکان دانسقە و بێھاوتان و پەیوەست نیین بە ئاژەڵەکانی دیکەوە. لایەنە سیاسی و باوەڕدارییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو گفتووگۆیان لەسەر دەکرا بەڵام گۆرانکاری جۆرەکان پەسەند نەکراوبوو لەلایەن کۆمەڵە زانستییەکانەوە.

کتێبەکە بۆ کەسانی نەشارەزای زیندەزانی نووسرابوو وە لەگەڵ چاپکردنی دا خواستێکی بەربڵاوی لەسەربوو. بەھۆی ئەوەی داروین زانایەکەی دیار و ناسراو بوو دۆزینەوە و ئەنجامگەرییەکانی بەھەند وەردەگیران و ئەو بەڵگانەی پێشکەشی دەکردن دەبوونە ھۆی مشتوومڕی زانستی، فەلسەفی و ئایین.

بەدڕێژای دوو دەیە ڕێکەوتن و ھاوڕاییەکی بەربڵاوی زانستی ھەبوو کە پەرەسەندن لەگەڵ ڕەوتێکی جیابۆوە لە بنەچەی ھاوبەش ڕوویداوە بڵام زاناکان بەشێوەیەکی ھێواشانە ئەو گرنگییەیان دەدا بە دیاردەی ھەڵبژاردەی سروشتی بە بەراورد بەوەی داروین پێی وگوونجاو بوو. لە ماوەی «خۆرئاوابوونی ڕێبازی داروین» ی دا لە نێوان ساڵانی ١٨٨٠ بۆ ١٩٣٠ کان دا، بایەخێکی زۆر دەدرا بە چەندین ڕێکاری دیکەی پەرەسەندن و لەگەڵ گەشەکردنی پێکھاتنی پەرەسەندنی نوێ لە نێوان ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٤٠ کان دا چەمکی داروینی لەسەر خۆگەنجاندنی پەرەسەندوو لەڕێی ھەڵبژاردەی سروشتییەوە بووە چەقی بیردۆزی پەرەسەندنی نوێ و ئێستاش بۆتە چەمکێکی گشتگیر و یەکگرتوو لە زانستە زیندەییەکان دا.

کورتەی بیردۆزەکەی داروین[دەستکاری]

بیردۆزەکەی پەرەسەندنی داروین بەندە لەسەر چەندین ڕاستی گرنگ و ئەو چەمکە پوختانەی لێوەی بەدەستھێنراوە کە زانای زیندەزانی (ئێرنست مەیەر) بەم شێوەیە کورتی کردۆتەوە:[٤]

  • ھەموو جۆرەکان ھێندە بەپیتن کە ئەگەر ھەموو وەچەکانیان توانای بەردەوام بوونیان ھەبێت لە ژیان بۆ زاوزێ کردن ئەوا ژمارە و ڕێژەی کۆمەڵەکە زیاد دەکات.
  • سەرەڕای گۆرانە کاتییەکان، کۆمەڵەکان بەشێوەیەکی نزیکی لە ھەمان قەبارەی خۆیان دا دەمێنەوە.
  • سەرچاوەکان (وەک خۆراک) سنووردارە و لەگەڵ ڕۆیشتنی کات دا بەشێوەیەکی ڕێژەی بە نەگۆری دەمێنێتەوە.
  • لە کۆمەڵەیەک دا تاکەکان بەشێوەیەکی فراوان جیاوازیان ھەیە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.
  • زۆربەی ئەو جیاوازییە بەشێوەیەکی بۆماوەیی گواستراوەیە.
  • تاکەکانی بەڕادەیەکەی کەمتر گونجاون بۆ ژینگەکە ئەگەرێکی کەمتریان ھەیە لە بەردەوام بوون و زاوزێ کردن لە کاتێک دا تاکەکانی باشتر گوونجاون لەگەڵ ژینگەکەدا ئەگەری زیاتریان ھەیە بۆ بەردەوام بوون لە ژیان و زاوزێ کردن و بەجێھێشتنی خەسڵەتە بەجێماوەکانیان بۆ وەچەکانی داھاتوویان. لە ئەنجام دا ئەمە دەبێتە ھۆی ھاتنەکایەی ڕێکاری ھەڵبژاردەی سروشتی.
  • ئەم ڕێکارە کارتێکراوە دەبێتە ھۆی گۆرانکاری لە کۆمەڵەکان دا بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەکانیان دا و کۆبوونەوەی جیاوازیی و گۆرانکارییەکان بەپێی کات بۆ پێکھێنانی جۆری نوێ.
  • داروین پەرەسەندنی مرۆڤی وەک بەشێک لەو رێکارە سروشتییانە تەماشا دەکرد کە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرد و ھەموو دەست تێ وەردانێکی خوداوەندیی ڕەت دەکردەوە. لە ساڵی ١٨٥٦ دا، وا دانرابوو لە کتێبە بەناوبانگەکەی دا دەربرەی جۆرەکان بە ناوی «ھەڵبژاردەی سروشتی» تێبینییەکانی سەر مرۆڤ لەخۆبگرێت بەڵام دوای پەیوەندییەکەی لەگەڵ واڵاس دا لە ڕێکەوتی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨٥٧ داروین وەڵامی دایەوە بە «تۆ دەپرسیت کە ئایا پێویستە باسی مرۆڤ بکەم یان نا، من پێم وایە خۆم لە تەواوی بابەتەکە بەدوور بگرم چونکە بابەتەکە دەورەدراوە بە بیروبۆچوونی پێشینەیی و پێشداوھری ھەرچەندە بەڕاستی دانی پێدادەنێم کە بەرزترین و سەرنجڕاکێشترین بابەتە بۆ سروشتزان.»

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ The book's full original title was On the Origin of Species by Means of Natural Selection, or the Preservation of Favoured Races in the Struggle for Life. In the 1872 sixth edition "On" was omitted, so the full title is The origin of species by means of natural selection, or the preservation of favoured races in the struggle for life. This edition is usually known as The Origin of Species. The 6th is Darwin's final edition; there were minor modifications in the text of certain subsequent issues. See Freeman, R. B. "The works of Charles Darwin: an annotated bibliographical handlist." In Van Wyhe, John, ed. Darwin Online: On the Origin of Species, 2002.
  2. ^ Desmond & Moore 1991, p. ٤٧٧.
  3. ^ "Darwin Manuscripts (Digitised notes on Origin)". Cambridge Digital Library. Retrieved 24 November 2014.
  4. ^ Mayr 1982, pp. 479–480