بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ھەرھەمانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە میتافیزیکدا، ھەرھەمانی (identity، وەرگێڕانەکانی تر: ھەوێتی، ئەمئەوێتی، ھەرئەوێتی، ھەمانی، ھەرئەوەبوون) ئەو پەیوەندییەیە کە ھەر شتێ تەنیا لەگەڵ خۆیدا ھەیەتی.[١] یاسایەک کە بە یاسای ھەرھەمانی ناسراوە دەڵێ ئەلف ئەلفە، یا بە زمانێکی تر، ھەر شتێ عەینەن خۆیەتی. ھەروەھا، بە پێی بنەواشەی ھەرھەمانیی جیاوازیھەڵنەگرەکان، ئەگەر x و y لە ھەموو تایبەتمەندییەکدا شەریک بن، ئەودەم یەک دانە و ھەر ھەمان شتن.

ئەوە زۆر گرنگە کە جیاوازی دانرێ لە نێوان ھەرھەمانیی ژمارەکی (numerical identity) و ھەرھەمانیی چۆنێتییانە (qualitative identity). ئەگەر دووچەرخەکانی دوو کوڕی شەش و ھەشت ساڵەی ژنێک عەینی یەکتر بێ، ئەوکات دەکرێ بڵێین کوڕەکان ھەر ھەمان دووچەرخە و ھەر ھەمان دایکیشیان ھەیە. ئاشکرایە لێرە وشەی «ھەمان» لە دوو مانادا بە کار چووە: دایکەکە یەک دانەیە و ھەر ھەمان دایکە، بەڵام دووچەرخەکان دوانن و ھەر ھەمان دووچەرخەن. ھەرھەمانیی دایکەکە ھەرھەمانیی ژمارەکییە. ھەرھەمانیی دووچەرخەکان ھەرھەمانییە لە ڕووی چۆنێتییەوە.[٢] لە فەلسەفەدا، زیاتر گرنگی بە ھەرھەمانیی ژمارەکی دەدرێ.

ھەندێ لە فەیلەسووفان حاشا لە بوونی پەیوەندییەک وەکوو ھەرھەمانی دەکەن. لودڤیک ڤیتگنشتاین لە «تراکتاتوس»ەکەی خۆیدا وای نووسیوە: «ئاشکرایە ھەرھەمانی پەیوەندییەک نییە لە نێوان دوو شتدا.» بەم چەشنەش درێژەی پێ دەدا: «ئەوەی کە بوترێ دوو شت ھەر ھەمانن، بێمانایە و، ئەوەش کە بوترێ شتێ ھەر ھەمان خۆیەتی، وەکوو ئەوە وایە کە ھیچ نەوتراوە.»

دژی ھەرھەمانی جیاوازییە.[٣]

زاراوەی identity لە فەلسەفە و لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا

[دەستکاری]

زاراوەی identity، جگە لە فەلسەفە، لە سایکۆلۆژی و زانستە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بە کار دەڕوا و ناسراوتریشە. لەوێ، زۆرتر کێیەتی یا شوناس یا ناسنامەی پێ دەوترێ. لە فەلسەفەدا، identity (ھەرھەمانی) بە تەنگ پەیوەندییەکەوەیە، بەتایبەت پەیوەندییەک کە x  و y دەیانبێ ئەگەر و تەنیا ئەگەر یەکێک و کوتومت ھەمان بن. بە پێچەوانەوە، لە سایکۆلۆژی و زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، identity (کێیەتی، ناسنامە، شوناس) دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فام و دەرکەی ھەر کەسێک لە خۆی ھەیەتی یا ئەو جۆرەی لە کۆمەڵدا خۆی دەنوێنێ. بەتایبەت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لایەنانەی کە، وا لە ھەر مرۆڤێ دەکەن کەسێکی تاقانە و بێھاوتا بێ و، لە ڕووی چۆنێتییەوە لە ئەم و ئەو جیاواز بێ. بۆ وێنە، کێیەتیی کولتووری، کێیەتی جنسی، کێیەتیی نەتەوەیی.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Noonan، Harold؛ Curtis، Ben (2022)، Zalta، Edward N.؛ Nodelman، Uri (eds.)، «Identity»، The Stanford Encyclopedia of Philosophy (چاپی Fall 2022)، Metaphysics Research Lab, Stanford University، لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ھێنراوە
  2. «Enzyklopädie Philosophie». web.archive.org. ١١ی ئازاری ٢٠٢١. لە ڕەسەنەکە لە ١١ی ئازاری ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  3. Difference entry in Penguin Dictionary of Philosophy