دەروازە:ڕۆمانەکان/ژیاننامەی ھەڵبژێردراو/٣

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
200
200

بەختیار عەلی ڕۆماننووس، شاعیر و ڕۆشنبیری کوردە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕەھەند. یەکەم ڕۆمانی بە ناوی مەرگی تاقانەی دوووەم، ساڵی ١٩٩٧ لە سوێد بڵاو کرایەوە.

بەختیار عەلی لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی "شێخ سەلام" لە سلێمانی تەواو کردووە و پاشان خوێندنی ناوەندی لە "ناوەندی ئەزمەڕ" و خوێندی ئامادەیی لە ئامادەیی "ھەڵکەوت"ی کوڕان تەواو کردووە. پاشان لە ھەردوو زانکۆی سلێمانی و سەلاحەدین خوێندکاری کۆلیژی زانست بەشی زەویناسی دەبێت، بەڵام لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٣ لە ھەولێر بریندار دەبێت و دەست لە خوێندنی زانکۆ ھەڵدەگرێت و بە تەواوی خۆی بۆ کاری نووسین و ئەدەبیات یەکلا دەکاتەوە. لە ھەمان ساڵدا "قەسیدەی نیشتمان" کە کۆنترین بەرھەمی بڵاوکراوەیەتی نوسیووە. دواتر لە دیوانی گوناھ و کەرنەڤالدا چاپ دەکرێت کە ساڵی ١٩٩٢ بڵاو کراوەتەوە. لە پاییزی ١٩٨٩دا یەکەم وتاری لە ڕۆژنامەی پاشکۆی عێراق دا بڵاو دەبێتەوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ چەندین کۆڕ و سێمینار لە سلێمانی و ھەولێر پێشکەش دەکات. پاش سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆ، کوردستان بە جێ دەھێڵێت و ڕوودەکاتە سووریا و پاشان ئەڵمانیا. لە ساڵی ١٩٩٩وە لە شاری کۆڵن نیشتەجێ دەبێت. یەکەم بەرھەمی بڵاوکراوەی بەختیار عەلی قەسیدەی «نیشتیمان» ـە – کە قەسیدەیەکی دوورودرێژە. لە ساڵانی ھەشتادا بەختیار کۆمەڵێک قەسیدەی درێژ دەنووسێت، وەک «شار»، «گوناھ»، «کەرنەڤاڵ» و چەندانی تر، دەستنووسی یەکەم ڕۆمانی «مەرگی تاقانەی دووەم» یش ھەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە.

زیاتر…