دەروازە:تورکیا/مێژوو/١

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئیمپراتۆریەتی عوسمانی یان دەوڵەتی عوسمانی (بە عوسمانی: دَوْلَتِ عَلِیّۀ عُثمَانِیّە؛ بە تورکیی نوێ: Yüce Osmanlı Devleti) ئیمپراتۆرییەکی ئیسلامی بوو کە لە ساڵی ١٢٩٩ەوە تا ساڵی ١٩٢٣، بۆ ماوەی نزیک بە ٦٢٤ ساڵ بەردەوام بوو و دەسەڵاتداریی ئەکرد. عوسمانی یەکەم کوڕی ئۆرتغرۆل دامەزرێنەری ئەو ئیمپراتۆرییە بوو. دەوڵەتی عوسمانی لە سەدەکانی شازدە و حەڤدەدا گەیشتە لووتکەی ھێز و توانای خۆی، زۆربەی خاکی ھەر سێ کیشوەرەکانی جیھانی کۆن، واتە ئەورووپا، ئاسیا و ئەفریقای ئەگرتەوە، کە ھەموو ئاسیای ناوەڕاست، بەشێکی زۆری باشووری ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا، ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقای تێ ئەکەوت. ژمارەی ویلایەتەکانی دەوڵەتی عوسمانی دەگەیشتە ٢٩ ویلایەت. دەوڵەتێکی ئیسلامی بوو و پەیڕەویی شەریعەتی ئیسلامی ئەکرد. لەبەر ئەوە، سوڵتانەکانی نەوەی عوسمان نازناوی "پێشەوای باوەڕداران" و "خەلیفەی موسڵمانان"یان ھەڵگرت. لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانی یەکەم، لە ڕووی ڕامیاری و لەشکرییەوە، دەوڵەتی عوسمانی گەورەترین ھێز بوو و قوستەنتینیەی پایتەختی ڕۆڵی ئامرازی پێکەوەبەستنی ئایینی ئەبینی لەنێوان جیھانی ئەورووپای کریستیان و ڕۆژھەڵاتی ئیسلامیدا. لە دوای سەردەمی سوڵتانی ناوبراو، کە بە سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی عوسمانی دائەنرێت، لاوازی و بێھێزی دوڵەتەکەی گرتەوە. وردە وردە، ھەرچەن چەند ماوەیەکی گەشەسەندن وچاکسازی تری بە خۆیەوە بینی، بەڵام، لە ئاستی ئەوەدا نەبوون بیگەڕێننەوە بۆ ئاستی پێشتری. لە ساڵی ١٩٢٣ دەوڵەتی عوسمانی کۆتاییی پێ ھات و کۆماری تورکیا دامەزرا کە لە ئێستادا بانگەشەی ئەوە دەکات کە میراتگری فەرمیی دەوڵەتی عوسمانییە.


زیاتر...