بەرزانی قالەی خەڵۆز
![]() |
بەرزانی قالەی خەڵوز | |
---|---|
لەدایکبوون | |
مەرگ | ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ |
ھۆکاری مەرگ | جەڵتەی دڵ |
شوێنی گۆڕ | گۆڕستانی ئابڵاخ، سلێمانی |
نیشتەجێی | سلێمانی |
نەتەوە | کورد |
پیشە | ئەکتەر، شانۆکار، میدیاکار، پێشمەرگەی دێرین |
تەلەڤیزیۆن | کوردسات، گەلی کوردستان، تەلەڤیزیۆنی خاک |
حیزبی سیاسی | یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان |
ھاوسەر | خاتوو ئاشتی |
مناڵ(ەکان) | ئەمیرە، دارین، داریان |
بەرزان قادر ناسراو بە بەرزانی قالەی خەڵوز (١٩٦١ لە سلێمانی - ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە سلێمانی) ھونەرمەندی ئەکتەر، شانۆکار، میدیاکار و ھەروەھا پێشمەرگەیەکی دێرینی کوردی باشووری کوردستان بوو. ئەو ھەروەھا جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی (١)ی ڕێکخستنی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.[١]
ژیان[دەستکاری]
بەرزان قادر لە ساڵی ١٩٦١ لە گەڕەکی کانی ئاسکان لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان لەدایک بوو.[٢] بنەماڵەکەی لە بنەڕەتدا خەڵکی ناحیەی گاپیڵۆنی ناوچەی شارباژێڕ بوو. ھەتا پۆلی ناوەندی وانەی خوێندەوە و وازی لەخوێندن ھێناو و کاری لەگەڵ باوکیدا کرد.[٣] لە ساڵی ١٩٧٩ لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بۆ خەبات چوو بۆ شاخ و بوو بە پێشمەرگە.[٤][٢] ئەو لە سنووری تیپی ٤٧ی پیرەمەگروون و دەستەی مەکتەبی سیاسی چالاک بوو.[٥]
بەدوای ڕاپەڕین بەشداری لە بەرنامەی کەشکۆڵی تەلەڤیزیۆنی گەلی کوردستاندا کرد کە لەتێدا دەورێکی کاریگەری ھەبوو. ئەو ھەروەھا بەڕێوەبەری ڕادیۆی خاک و یەکێکە لەدامەزرێنەرانی کەناڵی خاک و ھەروەھا لە ڕۆلی موراقیبی پۆلەکەی میستەر و برای ئەحە، ئەکتەرە سەرەکییەکەی بەرنامەی بەرنامە لە کوردسات بوو.[٤][٥] لە بەرنامەی بەرنامە کە لە ساڵی ١٩٩٨ دەستپێکرا، لەگەڵ ھونەرمەندانی دیکە کۆمیدیا و ڕەخنەیان تێکەڵ بەیەک کردبوو تا ناڕەحەتی و نەھامەتییەکانی کۆمەڵگایی کوردییان بە شێوازێکی پێکەنیناوی باس بکرێت.[٦]
لە ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ خاتو ئاشتیدا ھاوسەرگیری کرد و سێ منداڵیان ھەبوو بەناوەکانی ئەمیرە، دارین و داریان.[٤]
لە چەندین فیلم و بەرنامەی ھونەریدا بەشداری کرد[٢] کە دوو فیلمی «خولە پیزە» و «بەھەشتێکی سوتاو» لەوانەیە،[٦] بەڵام لەدوای وەستانی بەرنامەی بەرنامە لە ساڵی ٢٠١٠ چیتر لەشاشەکاندا دەرنەکەوتەوە؛ بەڵام پاش ماوەیەکی زۆر لە سەرەتای ٢٠٢٤ جارێکی دیکە لە بەرنامەی بەرنامەدا دەرکەوتەوە.[٣]
لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بەھۆی جەڵتەی دڵ لە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد[٢] و تەرمەکەی لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە گۆڕستانی ئابڵاخی سلێمانی لە تەنیشت گۆڕی داریانی کوڕەکەیەوە بەخاکسپێردرا.[٧]
کەسایەتییە سیاسییەکان و دەمودەزگا چاندییەکانی کوردستان وەکوو قوباد تاڵەبانی، کۆسرەت ڕەسوڵ، لاھور تاڵەبانی، گەلاوێژ ساڵح فەتاح و ھەروەھا مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان،[٥] بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری سلێمانی[٣] پەیامی ھاوخەمی و سەرەخۆشیان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری بەرزانی قالەی خەڵوز کرد.
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ کوردیپێدیا: بەرزانی قالەی خەڵوز (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩؛ سەردان لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
- ^ ئ ا ب پ تۆڕی میدیاییی ڕووداو: ھونەرمەند بەرزانی قالەی خەڵووز کۆچی دواییکرد (بە سۆرانی)، نووسراو لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
- ^ ئ ا ب ٩٦٤ میدیا: بەرزانی قالەی خەڵوز کۆچی دوایی کرد (بە سۆرانی)، نووسراو لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
- ^ ئ ا ب خەندان: بەرزانی قالەی خەڵوز کۆچی دواییکرد (بە سۆرانی)، نووسراو لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
- ^ ئ ا ب یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: ھاوخەمییەکان بۆ کۆچی دوایی بەرزانی قالەی خەڵوز (بە سۆرانی)، نووسراو لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
- ^ ئ ا کەناڵی ٨: بەرزانی قالەی خەڵوز.. ئەستێرە ھەمیشە درەوشاوەکەی کۆمیدیای کوردی (بە سۆرانی)، نووسراو لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
- ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: تەرمی بەرزانی قالەی خەڵوز بە خاکسپێردرا (بە سۆرانی)، نووسراو لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.