بیژەن نامدار زەنگەنە
| بیژەن نامدار زەنگەنە | |
|---|---|
| لەدایکبوون | ١٥ی ئازاری ١٩٥٣ کرماشان |
| زانکۆ | |
| پیشە | سیاسەتوان، خاوەن کارەکان، ئەندازیار |
| شوێنکار | |
| حیزب | Executives of Construction Party |
| خێزان | Mohsen Paknejad |
| واژوو | |
![]() | |
| پلە | Minister of Petroleum of Iran (٢٠١٣–٢٠٢١)، Minister of Petroleum of Iran (١٩٩٧–٢٠٠٥)، Minister of Energy (Iran) (١٩٨٨–١٩٩٧) |
بیژەن نامدار زەنگەنە (بە فارسی: بيژن نامدار زنگنه؛ لەدایکبووی ٢١ی ئەیلوولی ١٩٥٢ لە کرماشان، ئێران) سیاسەتوانێکی کوردە[١] کە لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ٣٢ ساڵان وەکوو وەزیر لە کابینە جۆراوجۆرەکان خزمەتی کردووە. زەنگەنە لە ١٥ی ئابی ٢٠١٣ ھەتا ٢٥ی ئابی ٢٠٢١ لە کابینەی حەسەن ڕۆحانی وەکوو وەزیری نەوت کاری کرد.[٢]
سەرەتای ژیان و خوێندن
[دەستکاری]زەنگەنە لە ساڵی ١٩٥٢ لە بنەماڵەیەکی کورد لە کرماشان لەدایکبووە. ساڵانی سەرەتای خوێندنی لە زێدی خۆی بەسەر بردووە پێش ئەوەی بچێتە تاران، کە لەوێ دیپلۆمی ئامادەیی بەدەستھێناوە. لە ساڵی ١٩٧٧ بڕوانامەی ماستەری لە ئەندازیاریی شارستانیدا لە زانکۆی تاران بەدەستھێناوە و پاشان بووەتە مامۆستای ئەندازیاریی شارستانی لە زانکۆی تەکنەلۆجیای خواجە نەسیرەدینی تووسی تا خانەنشینبوونی لە ساڵی ٢٠٠٦.
کار و چالاکییەکان
[دەستکاری]
دوای شۆڕشی ١٩٧٩، زەنگەنە لە ساڵی ١٩٨٠ وەک جێگری وەزیری فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی دەستنیشانکرا. لە ساڵی ١٩٨٣، کرا بە وەزیری جیھادی سازندگی. لە ساڵی ١٩٨٨ لە حکوومەتەکەی میر حوسێن مووسەویدا وەک وەزیری وزە دەستنیشانکرا. ھەروەھا لە کابینەکەی ئەکبەر ھاشمی ڕەفسەنجانیدا وەک وەزیری وزە کاری کردووە و ھەوڵێکی زۆری داوە بۆ ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی پیشەسازیی ئاو و کارەبای وڵات لە پاش شەڕی ئێران-عێراق (١٩٨٠–١٩٨٨) و ئەو زیانانەی کە بەھۆی ھێرشەکانی عێراقەوە بەر پیشەسازییەکە کەوتبوون. لە کابینەکەی محەممەد خاتەمیدا وەزیری نەوت بووە. لە ٢٩ی ئابی ٢٠٠٥، زەنگەنە لەلایەن سەرۆک مەحموود ئەحمەدینەژادەوە لە پۆستەکەی لابرا و کازیم وەزیری ھامانە جێگەی گرتەوە.
لە ساڵی ١٩٩٦ لەلایەن ڕێبەری باڵا، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەییەوە، وەک ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم دامەزرا. لە چەندین زانکۆ و ناوەندی ئەکادیمیدا وانەی وتووەتەوە؛ بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی ئەندامی دەستەی مامۆستایان بووە لە زانکۆی تەکنەلۆجیای خواجە نەسیرەدینی تووسی.
لە سەرەتای مانگی ئابی ٢٠١٣، زەنگەنە لەلایەن سەرۆک ڕووحانییەوە وەک وەزیری نەوت کاندید کرا و لە ١٥ی ئابدا متمانەی پێدرا. لە ٢١ی ئابدا، زەنگەنە وەک سەرۆکی کۆڕبەندی وڵاتانی ھەناردەکاری غاز (GECF) بۆ ساڵی ٢٠١٣ دەستنیشانکرا. کازیم وەزیری ھامانە لە ٣ی ئەیلوولدا وەک جێگری زەنگەنە دامەزرا.
سزا نێونەتەوەیییەکان
[دەستکاری]زەنگەنە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنرا. سزاکە بەشێک بوو لە ھەوڵێکی بەرفراوانتری حکوومەتی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو پیشەسازی و کەرتانەی ئابووریی ئێراندا کە بۆ دابینکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ تیرۆر بەکاردەھێنرێن.
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «Zangeneh, a Kurd, confirmed as Iran oil minister». www.rudaw.net. لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ↑ بەشداربووانی ویکیپیدیا، «Bijan Namdar Zangeneh»، ویکیپیدیای ئینگلیزی. سەردان لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١.
