بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئەمین عالی بەدرخان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەمین عالی بەدرخان
لەدایکبوون١٨٥٢/١٨٥١
مەرگ١٩٢٦
نەتەوەکورد
پیشەسیاسەتوان، دادوەر
مناڵ(ەکان)جەلادەت عالی بەدرخان، کامران بەدرخان، سورەیا بەدرخان
خزمەکانبرا میقداد میدحەت بەدرخان

ئەمین عالی بەدرخان (بە بەدرخانی: Emîn Alî Bedirxan) (١٨٥٢/١٨٥١ لە کریت - ١٩٢٦ لە میسر) سیاسەتوان و دادوەرێکی کورد و عوسمانی بوو. ئەو ئەندامی دامەزرێنەری «کۆمەڵەی ھاوکاری و پێشکەوتن»ی کوردی و جێگری سەرۆکی «کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان» بوو.

لە شاری کانیە (ھێراکلیۆن) لە دوورگەی کریت لەدایکبووە؛ کوڕی بەدرخان بەگ بوو کە دوایین میری میرنشینی بۆتان بوو، دایکیشی ناوی ڕەوشەن بوو. ئەو وەک بەرپرسێک لە سیستمی دادوەریی عوسمانیدا لە چەندین شاری جیاوازدا کاری کردووە. دواتر تێکەڵ بە سیاسەتی کوردی بووە و لە ساڵی ١٩١٨دا بانگەشەی بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ کردووە. ھەروەھا یەکێک بووە لە نوێنەرانی کورد لە کۆنگرەی ئاشتیی پاریس لە دوای جەنگی جیھانیی یەکەم.

کەمێک بەر لە دامەزراندنی کۆماری تورکیا، ئاوارەی میسر بوو و لە ساڵی ١٩٢٦ لەوێ کۆچی دوایی کرد. کوڕەکانی بە ناوەکانی (سورەیا، جەلادەت و کامەران) وەک کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد دەناسرێن.[١]

کار و پیشە

[دەستکاری]

لە ١٨٨٠کاندا بووە بە بە پشکێنەری دادوەری و لە شار و دادگا جۆراوجۆرەکانی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی ھەوڵی ئەوەی داوە ئەو ڕیفۆڕمە دادوەرییانەی کە لە ساڵی ١٨٧٩دا پەسەند کراون، بەجێ بێنێت.[٢] لە ساڵی ١٨٨٨دا وەلا نراوە و گۆیا تا ساڵی ١٨٩٤ بێکار بووە. لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٩٠دا ھاوکات لەگەڵ ئەوەی بووە بە ئەندامی شورای شاری قوستەنتینە، لە سەرڕاوە پیشە پیشووەکەیشیان پێ داوەتەوە و نێردراوەتە زۆر شاران وەکوو ئەنقەرە و ئادرنە.[٣]

شاربەدەربوون لە ١٩٠٦–١٩٠٨

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٠٦دا، دوای ئەوەیکە براکەی عەلی شامل بەدرخان و کوڕە مامەکەی عەبدولەرزاق بەدرخان تۆمەتی کوشتنی شارەداری قوستەنتینەیان بەسەردا سەپاوە، ژیانی تەواو گۆڕاوە و شاربەدەریان کردووە.[٤]

حەزەکان

[دەستکاری]

ئەمین عالی بەدرخان حەزی لە وێژەی کوردی بووە و خۆیشی شیعری کوردی ھۆنیوەتەوە[٥]؛ ھەروەھا مۆسیقای کلاسیکی ڕۆژاوایی پێ خۆش بووە و بەسەر زمانەکانی کوردی، یۆنانی، فەرانسەوی، عەرەبی و تورکیدا زاڵ بووە.

بنەماڵە

[دەستکاری]

ئەمین عالی دوو جار ژیانی ھاوسەرگیری پێک ھێناوە و خاوەنی ھەشت منداڵ بووە بە ناوەکانی: سورەیا، جەلادەت، کامەران، حیکمەت، تەوفیق، سەفدەر، بەدرخان و مەزیەت.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Henning, Barbara (3 April 2018). Narratives of the History of the Ottoman-Kurdish Bedirhani Family in Imperial and Post-Imperial Contexts: Continuities and Changes. University of Bamberg Press. p. 332, n. 1028. ISBN 978-3-86309-551-2.
  2. Henning, Barbara (2018), p.344
  3. Henning, Barbara (2018), p.344–345
  4. Özoğlu, Hasan (2004). Kurdish notables in the Ottoman Empire. State University of New York Press. p. 95.
  5. Henning, Barbara (2018). Narratives of the History of the Ottoman-Kurdish Bedirhani Family in Imperial and Post-Imperial Contexts: Continuities and Changes. University of Bamberg Press. p. 347