ئاسۆی دەلاک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

حەسیب عوومەر سابیر ناسراو بە ئاسۆی دەلاک یان شەھید ئاسۆی دەلاک (١٩٥٧ - ١٩٧٩گریمانەیی) پێشمەرگە و کادر و ئەندامی ڕێکخستنی ناوشاری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و دواتریش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو و ناسراو بوو بەھۆی ئازایەتی و بوێریی و ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەناوشاری سلێمانیدا لەگەڵ گەورە ئەفسەرەکانی ڕژێمی بەعس. ئاسۆی دەلاک لە سلێمانی لە گەڕەکی دەرگەزێن لەدایک بووە و ئاشکراش نییە مردبێت یان نە بەھۆی ئەوە بزر کراوە لەساڵی ١٩٧٩وە لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس.

ژیان[دەستکاری]

ئاسۆی دەلاک، ساڵی ١٩٥٧ لە گەڕەکی دەرگەزێنی سلێَمانی لەدایک بووە. بنەماڵەکەی لەبنەڕەتدا خەڵکی گوندی گەبەی تازەی سنووری شارۆچکەی پیرەمەگرونن، بەڵام باوکی باوکیی واتا باپیری بەگەنجی چۆتە شاری سلێمانی. ئاسۆ کوڕە گەورەی دایک و باوکی بووە، ساڵی ١٩٦٣ چۆتە قوتابخانەی خالیدیە لەسلێمانی و تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندووە. دواتر دەستی کردووە بەپیشەی سەرتاشی و لەوەوە نازناوی "دەلاک" ـی وەرگرتووە. ساڵی ١٩٧٥ لەڕێگەی شەھید جەمالە ڕەشەوە پەیوەندی کردووە بەڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە.

ساڵی ١٩٧٦ خزمەتی سەربازی ناکات و دەبێت بە پۆلیس، ماوەیەک لەسلێمانی دەبێت و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ سەنگەسەر، لەکۆتایی ئەو ساڵەدا لەگەڵ چەند پۆلیسێکی ئەو مەخفەرەدا ١١ تفەنگ دەبەن و دەچنە ناو ھێزی پێشمەرگەوە و بۆخۆشیان دەبنە پێشمەرگە. لەوکاتەوە شەھید ئاسۆی دەلاک جگە لەئەرکی پێشمەرگایەتی لەشاخ، وەک پێشمەرگەیەکی ناوشاریش چالاکی ئەنجام دەدات و چەندین جار یان بەتەنیا یاخود لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا چۆتە ناوشاری سلێمانی و چالاکی گرنگی ئەنجامداوە لەڕووی بەسزا گەیاندنی تاوانبارانەوە.

لەساڵی ١٩٧٧دا لەکاتی رۆیشتنەوەی بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک لەناو سلێمانی، دەستگیر دەکرێت، بەڵام لەم کاتەدا ڕژێم لێبوردنی گشتیی بۆ پێشمەرگە دەرکردبوو، بۆیە ئاسۆ دەڵێت من بەھۆی لێبوردنەکەوە ھاتومەتەوە و دادەنیشم، ئیتر بەوھۆیەوە دوای ٤٠ شەو ئازاد دەکرێت، ھەردوای ئەوە پۆلیسێک چەک دەکات و تفەنگەکەی دەباتەوە و دەڕواتەوە بۆشاخ.

پێکدادانەکانی لەگەڵ مولازم موحسیندا[دەستکاری]

مولازم موحسین، ئەفسەرێکی دڕندە و بکوژی بەرەگەز عەرەبی فەڵەستینی بوو لەئەمنی سلێمانی، دەسەڵاتێکی کراوەی پێدرابوو. زۆر کەسی بێتاوانی شەھید کرد و تەرمەکەیانی بەدوای ئۆتۆمبێلدا ڕادەکێشا؛ لەسەردەمی ئەودا کراسی ڕەش و گۆرەوی سپی و تەنکەڕیشی گەنجانە لەسلێمانی قەدەغەکرابوو، زۆری کوشت و زۆریشی شوێن بزرکرد. ئیتر دڕندەیی مولازم موحسین، وای لەئاسۆی دەلاک کرد بڕیاری تەمبێکردنی بدات و زۆرجار لەشاخەوە بۆی دەھاتەوە بۆ ناوشار و چەندین جاریش ڕووبەڕووی یەکتری بوونەتەوە، جگەلەوەش چەندجارێک ئاسۆ وەک جەنگی دەروونیی لە چێشتخانە و چایخانەکاندا وەک تەحەدایەک پارەی خواردنەکەی بۆ ملازم محسین داوە.

کاژێر ١١ی ڕۆژێکی ھەینیی ساڵی ١٩٧٨، لەگەڕەکی بەرخانەقای سلێمانی، ئاسۆ لەگەڵ دوو ھاوڕێیدا رووبەرووی ھێزێکی زۆری قوواتخاسە دەبێتەوە بەسەرپەرشتی مولازم موحسین، لەشەڕێکی دەستەویەخەدا ملازم محسین بریندار دەکات. ڕۆژی ٦ی ئەیلوولی ١٩٧٩دا کاتێک دەیەوێت لەناو سلێمانی چالاکییەک ئەنجام بدات، خیانەتی لێ دەکرێت و بەدیلی دەکەوێتە دەستی مولازم موحسین. لەزینداندا مولازم موحسین خۆی ئەشکەنجەی دەدات و سەرپەرشتیی لێکۆڵینەوەکە دەکات، ئەشکەنجەیەکی سەخت و دڕندانە دەدرێت، بەڵام ئاسۆ بەرگە دەگرێت و ھیچ نادرکێنێت بۆیە لەکاتی گیرانی ئەودا ھیچ کەس لەرێکخستنەکان ئاشکرا نەبوون و نەگیران.

لەوکاتەوە تائیسَتا ئاسۆی دەلاک شوێن بزرە. شایانی باسە برایەکی شەھید ئاسۆ کە پێشمەرگەبوو بەناوی "شاھۆ"، لەساڵی ١٩٨٨ بەدیلی کەوتە دەست دوژمن و ئەویش تائێستا بێسەروشوێنە. باوکیشی نۆ مانگ لەخواروی عیراق زیندانی کراوە و تەواوی خێزانەکەشی ئازاردراون و دەربەدەر کراون.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣. لە ڕێکەوتی ٥ی نیسانی ٢٠١٤ ھێنراوە.