گلووکۆز

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

گلوکۆز (بە ئینگلیزی: Glucose) جۆرێک شەکری ناو خوێنە کە خانەکانی لەش بەکاری دەھێنن و دەیکەنە وزە.

پێکھاتەی گلوکۆز[دەستکاری]

گلوکۆز مۆنۆساکاریدێکە بە فۆرمووڵی C6H12O6 یان H-(C=O)-(CHOH)5-H کە پێنج دەستەی ھایدرۆکسیل لە بیچمێکی تایبەتدا لە دەوری زنجیرە کاربۆنییەکەی چنراوە.

تایبەتمەندی فیزیکی گلوکۆز[دەستکاری]

ھەموو فۆرمەکانی گلوکۆز بێ ڕەنگە و بە ئاسانی لە ئاو، ترشی ئەستیک و چەندتوێنەرێکی تردا دەتوێنەوە. گلوکۆز بە ڕێژەیەکی زۆرکەم لە ئەتنۆڵ و مەتنۆڵدا دەتوێتەوە.

خەستی گلوکۆزی خوێن[دەستکاری]

خەستی گلوکۆزی خوێن لە دەوروبەری ٩٠–٨٠ میلی گرەم لە دیسی لیتر، سەرلەبەیانان بە دڵی ناشتا و ڕێژەی ئەم خەستییە، یەک کاتژمێر پاش ژەمێک نان خواردن دەگاتە ١٤٠–١٢٠ (م. گ/د. ل)، بەڵام سیستەمە فیدبەکەکان خێرا (دوای٢کاتژمێر) ئەم ڕێژە ھەڵدەگەڕێنەوە ڕادەی ئاسایی خۆی. بە پێچەوانەوە لە کاتی برسییەتیدا، گلوکۆتیۆجینز لە جەرگدا بۆ قەرەبووی کەمایەسی گلوکۆز دەکەوێتە کار. ئەم ڕێژانە لە نەخۆشانی شەکرە دا نەختێ بەرزترە.

پاشەکەوتی گلوکۆز[دەستکاری]

جەرگ وەک سیستەمێکی بافری گرنگ، ئاگاداری گلوکۆزی خوێنە؛ واتە: لە کاتی بەرزبوونەوەی ڕێژەی گلوکۆزی خوێن دوای ژەمێک نان خواردن، ڕادەی دەردانی ئەنسۆلین یش بەرز دەبێتەوە و خێرا نزیکەی ٣/٢ گلوکۆزی ھەڵمژراوی ڕیخۆڵەکان دەکاتە گڵایکۆجین و لە جەرگ دا پاشەکەوتی دەکا. پاش ماوەیەک کە خەستی گلوکۆزی خوێن و ڕێژەی ئەنسۆلینی خوێن دادەبەزێت، جەرگ گڵایکۆجینەکانی شیدەکاتەوە و دەیکاتەوە بە گلوکۆز. ئەم ڕێک خستنە لە نەخۆشانی جەرگدا تووشی کێشە دەبێت.

لەگەڵ دابەزینی خەستی گلوکۆز لە خوێندا، ڕژێنی ھیپۆتاڵامس و کۆئەندامی دەماری سیمپاتیک دنە دەدرێ بۆ ڕژاندنی ئیپی نێفرین لە ڕژێنی سەروڵک. ئیپی نفرین کار دەکاتە سەر جەرگ و دەبێتە ھۆی ئازادکرنی گلۆکۆز

ڕێژەی زۆری گلوکۆز دەبێتە ھۆی تەوژمی ئۆسمۆزی لە شلەی دەرەوەی خانەکاندا. ئەگەر ڕێژەی گلوکۆز بەرز بێتەوە، تەوژمی ئۆسمۆزی دەرەوەی خانەکانیش بەرز دەبێتەوە ھەر ئەمەش دەبێتە ھۆی شێوانی ھاتوچۆی کاژی سایتۆپلاسمی خانەکان و ئەنجامی خراپی وەک لەدەستدانی ئاوی خانەکان و …

درێژخایەن بوونی بەرزی ڕێژەی گلوکۆزی خوێن، زیانێکی زۆر بە شانەکان و بە تایبەت ڕەگە خوێنییەکان دەگەیێنێ و ئەمەش لەوانەیە ئەنجامی خراپی لێ بکەوێتەوە؛ وەک: شەپڵەی دڵ، جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی گورچیلە. زیادەی گلوکۆزی خوێن لە ڕێگای میزەوە دەردەچێ.

شەکرە[دەستکاری]

نەخۆشی شەکرە، کۆنیشانێکە لە تێکچوونی مێتابۆلیزمی کاربۆھایدریت، چەوری و پرۆتین، کە لە نەبوونی ئەنسۆلین یان خۆڕاگری شانەکان بە ئەنسۆلین ڕوو دەدات. شەکرە دوو جۆری ھەیە: بەسراو بە ئەنسۆلینەوە، کە لە نەبوونی ئەنسۆلیندا سەرھەڵدەدا و نەبەسراو بە ئەنسۆلین (خۆڕاگر لە ئاست ئەنسۆلین)، کە بەھۆی کەم بوونەوەی ھەستۆکی و کاردانەوەی خانەکان بە ئەنسۆلین بەدی دێت. لەم نەخۆشانەدا میتابوولیزمی گلوکۆز (سووت و سازی گلوکۆز) لە ھەموو خانەکانی لەش بێجگە خانەکانی مێشک تێک دەچێت. لە گرنگترین نیشانەکانی شەکرە: تینوویەتی زۆر، میزکردنی زۆر، خورینی لەش، ماندوویی، تەزینی دەست و پێ، دابەزینی کێش و دەرھاتنی برین و کوان لە پێ کە درەنگ چاک دەبێتەوە. لە زۆربەی نەخۆشانی شەکرەی جۆری دوو، قەڵەوی خۆ دەنوێنێ کە پێویستە ڕچیمێکی خۆراکی تەندروستیان بۆ ڕەچاو بکرێت.

پێوەندی گلوکۆز لەگەڵ دیکەی پێکھاتەکانی لەش[دەستکاری]

ڕادەی وزەی پێویست لە شەوانەڕۆژێکدا لە ١٦٠٠ کیلۆکالۆری لە دۆخی حەسانەوەدا تا ٦٠٠٠ کیلۆکالۆری بەپێی چالاکی، دەگۆڕێت. ڕادەی سووتەمەنی پاشەکەفتەی مرۆڤێکی ٧٠ کیلۆیی، ١٦٠٠ کیلۆکالۆری لە گڵایکۆجین، ٢٤٠٠٠ کیلۆکالۆری لە پرۆتین، ٣٥٠٠٠ کیلۆکالۆری تری ئەسیل گڵایسرۆڵە. کەوابێ ئەم پاشەکەفتە پێداویستی ئەم مرۆڤە بۆ ١ تا٣ مانگ دابین دەکا، بەڵام ئەم ھەمارە لە ڕۆژێکدا بەتاڵ دەبێتەوە و دەچێتە کار و بەلەز ڕێژەی دادەبەزێ و دەبێ قەرەبوو بکرێتەوە. ترشە چەورەکان ناتوانن ببنە گلوکۆز.

سەرچاوەیەکی گەورەی تری گلوکۆز، ترشە ئامینەکانە کە لە شی بوونەوەی پرۆتینەکان بەرھەم دێت.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

[١]