کۆنگرەی نەتەوەیی کورد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

بیرۆکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەگەڕێتەوە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە ساڵی ١٩٩٩ پێشنیاری بەستنی گۆنگرەی نەتەوەیی کرد،[١] بەڵام بەشێوەکی گشتی زۆربەی سەرکردەکانی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان لەگەڵ بەستنی گۆنگرەیەکی نەتەوەیی بوون. بەڵام بە ھۆی دەست تێوەردانی وڵاتانی ھەرێمی ئەم گۆنگرەیە نەبەسترا. بەڵام دواجار لە ٢٢ی تەمموزی ٢٠١٣، لە شاری ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی و چاودێریی ڕاستەوخۆی مەسعوود بارزانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی بەڕێوەچوو، بۆ یەکەم جار (٣٩) حیزبی سیاسی کورد کە نوێنەرایەتیی توێژەکانی گەلی کوردیان لە ھەر چوار پارچەی کوردستان دەکرد، کۆبوونەوە، وەک دەستپێکێک بۆ قۆناغێکی تازە لە مێژووی خەباتگێڕی گەلی کورد.[٢]

ئامانجەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی[دەستکاری]

  • ئامادەکردنی چوارچێوەی کۆدەنگیی حزبە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی کوردی لە ھەموو پارچەکانی کوردستان بە جیاوازیی ئایدیۆلۆجییەکان، بەمەبەستی گفتوگۆکردن و گۆڕینەوەی شارەزاییەکان و بیروبۆچوونە جیاوازەکان سەبارەت بە شێوازەکانی بزاوت و خەباتی ئاشتیانە لە کەشێکی دیموکراسیدا و لەسەر خاکی ھەرێمی کوردستان، کە یەکەم ئەزموونی سەرکەوتووی کوردی لە سەردەمی نوێدا دەخاتەڕوو.
  • گەیشتن بە ڕێکەوتن و پەیماننامەیەکی کارکردن لە نێوان حیزبە کوردییەکان، کە بە دەق کوشتاری نێوان حزبە کوردییەکان حەرام و تاوانبار بکات و گەلانی کورد لە مەینەتی و کارەساتی شەڕی براکوژی بەدووربگرێت.
  • گەڵاڵەکردنی دەنگی گەلی کورد لە نێو ئەو دەنگ و ئەجندا جیاوازانەی کە لە سەرووی بزاوتی سیاسی و ڕۆشنبیری سەرجەم نەتەوە و پێکھاتە و توێژەکان دەرکەوتن لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
  • گەیشتن بە سیاسەتێکی کاری ھاوبەش و فراوان بۆ ناساندن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەسەر ھەموو ئاستێکدا، لەوانە دەزگاکانی جیھانی دیموکراسی، بە پرۆسەکانی سەرکوتکاریی زۆرەملێیی و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و جینۆساید و بەکارھێنانی چەکی کیمیایی و چەکی قەدەغەکراو، ھەروەھا ھەڵمەتەکانی ئەنفال، کە بە شێوەیەکی دووبارە دژ بە مەدەنی و ئافرەت و منداڵ و پیر و پەککەوتەی گەلە ئاشتیخواز و دیموکراسیخوازەکەمان ئەنجامدرا، کە پەرۆشی ژیانە بە ئارامی لەسەر خاکی خۆی.
  • ناساندنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە واقعی گەلی کورد و بە ئامانج و خەباتەکانیان، ھەروەھا بە ڕێبازی کێشەیی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستاندا.
  • بەدەرخستن و ڕیزبەندکردنی دۆسێی دۆزی کورد لە چوارچێوەی دۆسییە گرنگەکانی ھەرێمی و لە چوارچێوەی ئەو مشتومڕەی لە ئارادایە سەبارەت بە مافی نەتەوە جیاوازەکان لەسەر ئاستی ھەرێمیی جیھانی عەرەبی، تورکیا، ئێران.
  • ڕەخساندنی کەشوھەوای پێویست بۆ ھەماھەنگیی کاری حزبە کوردییەکان لە ھەموو پارچەکانی کوردستان، بەمەبەستی گەیشتن بە ستراتیژییەتێک، کە تێیدا ڕێک بکەون لەسەر چوارچێوەیەکی گشتیی کاری خەباتی ئاشتییانەی دوور لە بنەماکانی توندوتیژی کە شێوازەکانی سیاسی و دیموکراسی و ئاشتییانەی سەردەمیانە بگرێتەبەر بۆ بەجێھێنانی ئامانجە ڕەواکانی.
  • ھاریکاریکردنی جەمسەرە ھەمەچەشنەکانی کورد بۆ گەیشتن بە لێکنزیکبوونەوەیەکی فیکری و پراکتیکی لە پێناوی پێکەوەڕۆیی و پێکەوەژیاندا، تا لە نزیکەوە ھەمووان لە ئەزموونی سەرکەوتووی ھەرێمی کوردستانەوە سوود وەربگرن.
  • ناساندنی ڕۆڵی گرنگ و چالاکی ئافرەتانی کورد، چ لە مەیدانەکانی تێکۆشان و خەبات، یان لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابووری و کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی کۆمەڵگەییدا، لەو بارەیەوە کارکردن بۆ بەرجەستەبوونی کارنامەیەکی ستراتیژی کە پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرتاسەری کوردستان لەسەری ھاوکۆک بن یەکێکە لە ئامانجەکان، بە مەبەستی ئەوەی ژنانی کورد بتوانن کاراتر بن، ھەروەھا کاربکرێت لەسەر ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە ئازاد بن و، ڕۆڵی خۆیان لەناو ھەموو کەرت و کایە ھەمەجۆرەکانی کۆمەڵگە و بوارەکانی کارکردندا بە ڕێکوپێکی بگێڕن.
  • ناساندنی ڕۆڵی لاوانی کورد لە چالاک کردنی چەمکەکانی سیاسەت و دیموکراتی و ڕۆشنبیری ھاوچەرخدا لە چوارچێوەی تێکۆشانی گەلی کورددا، ھەروەھا کارکردن لەسەر دەرچوواندنی کارنامەیەکی ھاوبەش لەنێوان لاوانی کوردی ھەموو دەڤەرە ھەمە چەشنەکانی کوردستان.
  • ناساندنی ڕۆڵی گرنگ و کارای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەو پێیەی بریتین لە ئامڕازەکانی خەباتی ئاشتیخوازانە و دیموکراتیخوازانە، ئەوانیش وەک کەرتێکی کارا، ئەڵقەی پێوەندی نێوان حکومەتەکان و گەلانن، بە جدییەت کارکردنی ئەوان خزمەت دەگەیەنێت و کاری دیموکراتی و میکانیزمەکانی لە کۆمەڵگەدا دەچەسپێنێت.
  • ناساندنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەلانی ناوچەکە بە حەقیقەتی خاک و خەڵکی کوردستان بەشێوازێکی وا کە وێنەی راستەقینەی کەلەپوور و سیماو مێژووی گەلی کورد بەدەربخات..
  • ڕۆشنایی خستنە سەر گرنگترین وێستگەکانی مێژوویی لە کاروانی خەباتی کورددا، ھەروەھا شانازیی کردن بە دروشمە نیشتمانی و مێژووییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردی ھەر چوار پارچەکە لە ڕێی ھێنان و خستنەڕووی بەڵگەنامەی تایبەت بە گرنگترین کەسایەتییە ھاوچەرخەکانی کوردەوە.
  • ناساندنی واقیعی ڕۆشنبیری و وێژەیی و ھونەری بەشەکانی کوردستان و ڕۆڵی ئەو بەشانە لە پەرەپێدانی ھەستی نەتەوەیی گەلی کورد و گرتنەبەری ڕێگەکان و ئامڕازەکانی ناساندنی کەلتوور و وێژە و ھونەری کوردی لەسەر ھەردوو ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی.
  • ناساندنی ڕۆڵی ڕاستەقینە و گرنگی کەرتی ڕاگەیاندن و چییەتی کاری زانستانەی ڕاگەیاندن ئەو ڕاگەیاندنەی بە پیشەییانەوە ھەموو تواناکانی دەخاتە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەکەیەوە، لە ئازادی و دیموکراتیدا ھەوڵ بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵگە و ڕیزەکانی کورد بدات، نەک خزمەت گەیاندن بە حزبایەتی تەسکی فرە جەمسەر و پەرت و بڵاو، ھەروەھا ناساندنی ڕۆڵی ڕاگەیاندن وەک ھۆکارێکی ئەرێنی و کۆکەرەوەی کەرتە ھەمەچەشن و جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری نەک ببێتە ھۆکارێک بۆ جیاکاری و ھەڵوەشانەوەی ڕیزەکانی کۆمەڵگە[٣][٤]

ئەنجامەکانی گۆنگرەکە[دەستکاری]

تا ئێستا چەندین جار کۆنگرەکە دواخراوە، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەلێک ڕەھەندی دەرەکی و ناخۆیی، ڕەھەندی دەرەکی وڵاتانی ھەرێمی وەک تورکیا و ئێران ڕێگری سەرەکین لە بە ئامانج گەیشتنی کۆنگرەکە. ڕەھەندی ناخۆییەکانیش ململانێی نێوان پ. ک. ک و پارتی دیموکراتی کوردستان ھۆکارێکی ترە.

پەڕاوێز[دەستکاری]