مەجید خان ئەردەڵان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەجید خان ئەردەڵان

لەدایکبوون١٨٣١
مەرگ١٩٠١
نەتەوەکورد
پیشەحاکم و والی سەقز
ئایینئیسلام (سوننە)
مناڵ(ەکان)سەیفەدین خان ئەردەڵان
باوان
  • محەمدعەلی خان ئەردەڵان (باوک)
خزمەکانمحەممەدسوڵتان ئەردەڵان


مەجیدخان سۆڵتانی ئەردەڵان یان خانان (١٨٣١–١٩٠١ز)یەکێک لە حاکم و میرەکانی بنەماڵەی ئەردەڵان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و حاکم و والی سەقز لە سەردەمی ناسرەدین شای قاجاردا بووە. لە ڕیزی کاریگەرترین و بەھێزترین فەرمانڕەواکانی ئەردەڵان بوو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.[١]

ژیان[دەستکاری]

سەیفەدین خان ئەردەڵان کوڕی مەجید خان

مەجید خان کوڕی محەمد عەلی خان، یەکێک لە شازادەکانی ئەردەڵان و سوڵتانی ئەردەڵان لە سەردەمی ناسر الدین شای قاجار و کوڕی محمد سوڵتان ئەردەڵان، حاکمی سەقزە، کە لە ساڵی ١٨٣١ زایینی لە دایکبووە لەم شارە. یەکێک لە فەرمانڕەوا بەھێزەکانی بنەماڵەی ئەردەڵان بوو کە ناوچەی سەقز ناوەندی دەسەڵاتی ئەو بوو. سەیفەدین خانی کوڕی مەجید خان، یەکێکە لە فەرمانڕەوا بەناوبانگەکانی ناوچەکە کە لە جەنگی جیھانی یەکەمدا لەلایەن ھێزەکانی عوسمانی لە مەراغە لەسێدارەدرا. ھەروەھا مەجید خان خاوەنی دوو کچ بوو بە ناوەکانی مریەم خانم و ئەستێرە خانم. سەیفوڵڵاخان ئەردەڵان دوایین حاکمی بنەماڵەی سوڵتانی ئەردەڵان، نەوەکەی مەجیدخان بوو. ھەروەھا عەلی گەلاوێژ، یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبی توودەی ئێران کە لە ٧ی گوڵانی ١٣٦٢ ھەتاوی دەستبەسەر و لە ساڵی ١٣٦٧ ھەتاوی لە زیندانی ئێڤین لە چوارچێوەی کۆمەڵکوژیی ساڵی ١٣٦٧ ھەتاوی ئێران لە سێدارە درا، نەوەیەکی ئەستێرە خانم کچی مەجیدخان بوو.[٢]

میرەکانی ئەردەڵان[دەستکاری]

مریەم خانم کچی مەجید خان

بنەماڵەی ئەردەڵان ڕێژەیەکی بەرفراوانی ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان لەژێر دەسەڵات و حوکمڕانی خۆیاندا ھەبوو. بە گوێرەی ھەندێ ڕیوایەت، ڕەچەڵەکیان گەیشتووەتە دەست ئەحمەد بن مەروان[٣] و ھەندێکی دیکەش کەسی یەکەمی ئەم بنەماڵەیە بە خوسرەو دەزانن کە ناوی ئاسیابانە، کە بە ھاوکاری ئەبو موسلیم لە سەردەمی سەفحدا دەستی بەسەر کوردستاندا گرتووە، یان بە نەوەی ئەردەشێر بابەکان دەزانن. ھەروەھا بە نەوەی سەلاحەدینی ئەییووبی دادەنرێن.[٤]

سوڵتانی ئەردەڵان، بنەماڵەی فەرمانڕەوای سەقز لە کۆتایی سەردەمی سەفەوی و تەواوی سەردەمی قاجاڕەکان بوون کە بەسەر لقە جیاوازەکاندا دابەشکراون. لەم بنەماڵەیە محەممەد سوڵتان ئەردەڵان ھاتووە بۆ حوکمڕانی سەقز و ناوی ئەم بنەماڵەیە لە ناوی ئەو وەرگیراوە. دوای ئەو محەممەد عەلی خان کوڕی بوو بە حاکمی سەقز و پاشان مەجیدخان کوڕی محەممەد عەلی خان. لە جەنگی جیھانی یەکەمدا سەیفەدین خان ئەردەڵان (موزەفەرول سوڵتانی یەکەم) کوڕی مەجیدخانی فەرمانڕەوای سەقز بوو بە حاکم کە کوژراوە. دواجار کوڕەکەی سەیفەدین خان، سەیفوڵڵاخان (موزەفەر السڵتانی دووەم) لە ساڵی ١٩١٧ی زایینی بەدواوە بە فەرمی فەرمانڕەوایی ئەم شارەی کردووە.[٥]

سەردەمی ناسرەدین شا[دەستکاری]

بەپێی نووسینی مێژوونووسان، کەلول بەگی کوڕی قوباد ئەردەڵان، لە ساڵی ٦٢٠ی کۆچی دا شاری سەقزی داگیر گرت و لکاندنی بە دەسەڵاتی خۆیەوە و ئەم ناوچەیەش تا سەردەمی ناسرەدین شا لەژێر دەسەڵات و فەتحکردنی فەرمانڕەواکانی ئەردەڵاندا بوو و دوای ئەوە ناسرەدین شا بە ناردنی شازادە فەرھاد میرزا موعتەمەد الدەوڵە وەک حاکمی کوردستان، ھەوڵیدا بە بێدەنگی کۆتایی بە میرنشینی ئەردەڵان بھێنێت. بەڵام لقێکی ئەردەڵانەکان تا ڕووخانی کابینەی دوکتور محەممەد موسەددیق لە ساڵی ١٣٣٢ ھەتاوی لە سەقز حوکمڕانی دەکرد. مەجیدخان ئەردەڵان یەکێک لەو خانانە بوو، کە خۆی و سەیفەدین خانی کوڕی و سەیفوڵڵاخانی نەوەکەی تا سەردەمی پەھلەوی لە پارێزگاری سەقزدا لە دەسەڵات مانەوە.[٦][٧][٨]

خزمەتگوزارییەکان[دەستکاری]

لە سەردەمی خۆیدا، مەجیدخان چەندین قوتابخانە و مزگەوتی لە سەقز و ناوچەکانی دەوروبەری دروست کرد، دیارترینیان مزگەوتی جامێعای سەقزە، کە تا ئێستاش شوێنی نوێژکردنە لە ڕۆژانی ھەینیدایە.[٩][١٠][١١]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ اردلان، دایرةالمعارف بزرگ اسلامی، ۱۳۹۹
  2. ^ نظری به تاریخ و فرهنگ سقز کردستان، پایگاه اطلاع‌رسانی کتابخانه‌های ایران، ۱۳۷۳
  3. ^ وفات احمد بن مروان مروانی، پایگاه جامع تاریخ
  4. ^ اردلان، مرکز دائره المعارف بزرگ اسلامی، ۱۳۹۸
  5. ^ داڕێژە:یادکرد وب
  6. ^ دوران ناصرالدین شاه قاجار، سرای تاریخ، ۱۴۰۰
  7. ^ چیره‌دست در اغفال مردم و نخبگان / ناصرالدین شاه چگونه ...، خبر آنلاین، ۱۴۰۱
  8. ^ پرونده : فراز و فرود 58 سال سلطنت ناصرالدین شاه، مرکز دائره المعارف بزرگ اسلامی، ۱۳۹۲
  9. ^ یادی از امیر الکتاب[بەستەری مردوو]، وزارت فرهنگ، ۱۴۰۰
  10. ^ عبدالحمید ملک الکلامی، ویکی بانه
  11. ^ ملک الکلام دوران قاجار ڕا بشناسید، هاژه، ۱۴۰۲