مێژووی بەغدا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

شاری بەغدا گەورەترین شاری عێراقە و لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا لە پاش قاھیرە دووەم شاری گەورەی عەرەبییە. لە نێوان ساڵانی ٧٦٢ بۆ ٧٦٤. لە سەردەمی خەلیفە ئەبووجەعفەری مەنسوور دروستکراوە لە سەرەتادا ناوی مەدینەت سلام بوو پاشان ناوەکەی گۆرا بۆ بەغدا تا ئێستاش ئەو ناوە بەکاردێت. پاش مردنی ھارونە رەشید لە ساڵی ١٩٣ی کۆچیدا کە بەرامبەر بە ٨٠٩ زایینی دەکات، ئەمینی کوڕی ھارونە ڕەشید، بە خەلیفە ھەڵبژێردرا، لە سەردەمی ئەمیندا، ئاشوب و شەڕو شۆڕێکی زۆر، کەوتە شاری بەغداوە تا بە کوشتنی خۆی کۆتایی پێھات، دوایی ئەو مەئمونی برای کرا بە خەلیفەی بەغدا لە ساڵی ٨١٤ی زایندا، لە دوای مردنی ھارونە ڕەشید بە دوو ساڵ ناکۆکی دەکەوێتە نێوان ئەمین مەئمونەوە و بەم جۆرە دەسەڵاتێکی سەربازی تێدا ھاتەکایەوە، لە سەردەمی مەئموندا بەغدا بۆ یەکەمین جار ماوەی ١٤ مانگ گەمارۆی ئابووری سەپاوە بە سەریداو بە حوکمی ئاگرو ئاسن چووە بەڕێوە. لە کۆتایی ٨١٢ی زایین دا ھەردوو سەرۆکی سوپای مەئمون کە ناویان (ھەرسەمەو گاھیر) بوو توانیان لە دوو قۆڵەوە گەمارۆی شاری بەغدا بدەن، بەو شێوەیە خەلیفە لە کۆشکی سەرۆکایەتی خۆیدا کە بە کۆشکی خولد ناسراوە و دەکەوێتە سەر کەناری دیجلە، بە تەنیا مایەوە، لەکاتێکدا کە ھەوڵی خۆدەربازکردنی دەدا بەدیل گیراو کوژرا، بەو شێوەیە گەمارۆکە کۆتایی پێھات، بەڵام بە کوشتنی ئەمین خەڵکی شاری بەغدا زۆر توڕەو نیگەران بوون، بەم شێوە وێرانی و قاتوو قڕی ڕووی لەو شارە کرد و جوانییەکەی پێشوی نەما.

پایتەختی خەلافەت[دەستکاری]

بەغدا لە کۆندا پایتەختی عوسمانییەکان بووە و پایەیەکی بەرزی ھەبووە لەو کاتەدا، لە بەر ئەوەی بە گرنگترین ناوەندی عیلم و زانیاری ژمێردراوە، بۆ ماوەی چەند سەدەیەکیش جێگەی پێکگەشتن و ژوانی زاناکانی ئەو سەردەمە بووە. شاری بەغدا یەکێکە لەو شارانەی کە لە مێژووی دەوڵەتی عەباسیدا پانتایییەکی گەورەی ھەیە و پەیوەستە بە مێژووی ئەوانەوە، لە بەرئەوەی دووەمین خەلیفەی عەباسییەکان کە ئەبوو جەعفەری مەنسوور بوو لە ساڵی ٧٦٢ی زاییندا بەغدای بە پایتەختی خۆی ھەڵبژارد؛ دوای ئەوەی بە سەر نەیارەکانیدا سەرکەوت لە عەباسی و عەلەویەکان، شاری بەغداد لەو سەردەمەدا لە ڕووی بیناسازییەوە شتێکی جیاواز و نوێ بوو، لە چاو شارەکانی دیکەی عەرەبدا، ئەو سەردەمە لە ڕووی شێوە بازنەیی و بیناسازییە جوانەکەیەوە کە لە ئەورووپادا بە ھونەری «ئەرابێسک» ناسراوە کە ھونەرێکی تایبەتە بە زەخرەفەی ئیسلامیی، لە سەردەمی ھاروون ڕەشیددا ئەم شارە گەیشتووەتە لقە پۆپەی بەرزی و شکۆداریی خۆیی و خانوەکانی تا دەھات بە چواردەوریدا جوانتر و فراوانتر دەبوون و وەک چەند شارێکی بچکۆلەی یەکگرتوو دەھاتە بەر چاو کە ژمارەیان ٤٠ شارێک دەبوو.

پشێوی سەردەمی عەبباسی[دەستکاری]

نەخشەی دەوڵەتی عەباسی لە سەردەمی ھاروونە ڕەشید

پاش دروستبوونی پشێوی‌و شەڕو شۆڕ لە بەغدادا، نزیکەی دوو ساڵێک ئیبراھیمی کوڕی مەھدی عەباسیی، بەسوود وەرگرتن لەو ناکۆکیانەی کە لە نێوان خەڵک و عەباسییەکاندا ھەبوو، خەریک بوو دەسەڵات بگرێتە دەست، بە لام بەھۆی ناپاکی لێکردنی سەرکردەکانییەوە ناچار بوو دەسەڵات بداتەوە دەست مەئمون، لەبەر ئەوەی مەئمون فارسەکان پشتیوانیان لێدەکرد و ھەوڵی دەدا کە پایتەختی عەباسی بگوازێتەوە بۆ خوراسان بۆ ئەوەی بە باشی کۆنتڕۆڵی کاروبارەکانی دەوڵەت بکات، داوای ئەویش حەسەنی کوڕی سەھل خەلافەتی وڵاتی عێراق و حیجاز و یەمەنی گرتە دەست، بەو شێوەیە باری ئەمنی بەغدا ڕووی لە خراپی کردو بشێویی و فیتنە باڵی بەسەردا کێشا بە یەکجاری، تا ئەو کاتەی کە مەئمون لە ساڵی ٨٢٠ گەڕایەوە بەغداو ئەو شارەش کەمێک گەرایەوە سەر دۆخی جارانی خۆی، تا ساڵی ٨٣٤ زایین مەئمون کۆچی دوایی کردو خەلافەت درایە دەست موعتەسەمی برای. لەو کاتەوە بەغدا ئارامی بەخۆیەو نەبینی تا ساڵی ١١٥٧ زایین، لەو مەملەکەتە گەورە و ئاوەدانە تەنھا شارەکۆنەکە خۆی و ھەندێک لە دەوروبەری مانەوە. لە ساڵی ١٢٥٨ دا ھۆلاکۆش بە سوپایەکی گەورەوە گەمارۆی بەغدای داو داگیری کرد، ئاگری شەڕو فیتنەی ناوخۆش ھەر بەردەوام بوو، تا ئەو دەمەی تەتارەکان چونە بەغدا و کۆتاییان بە دەسەڵاتی موعتەسەم ھانی و خۆیی و ماڵ و منداڵ و دارو دەستەکەیان ھەموو کوشت و قەتڵ و عامێکی گەورەشیان لەو شارەدا بەرپاکرد و بەزەیییەیان بە ژن و منداڵ و پیریشدا نەھاتەوە، بەو شێوەیە کۆتایی بە دەسەڵاتی خەلافەتی عەبباسی ھات کە زیاتر لە پێنج سەدەی خایاند. شاری بەغدا لە سەردەمی ئەحمەد جەلائیریدا تەیمووری لەنگ زیاد لە جارێک پەلاماری‌دا و دواجاریان لە ساڵی ١٤٠٠ زایندا داگیری کردو ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆری دانیشتوانەکەی داو پەرژو بڵاوەی پێکردن و لە ماوەی ھەفتەیەکدا کارێکی وای پێکردن بەھیچ زمانێک باسناکرێت. پاش ئەوەی تەیموری لەنگ لە ساڵی ١٤٠٤ی زایندا کۆچی دوایی کرد، جارێکی دیکە سوڵتان ئەحمەد جەلائیری گەڕاوە بۆ بەغداد لە ١٤٠٥دا، دوای ئەویش ناکۆکی کەوتە نێوانیان لەگەڵ سوڵتان قەرە یوسفی تورکمان نەژاددا و تورکمانەکان لە ساڵی ١٤١٠ دا توانیان سوڵتان ئەحمەد بکوژن و لە ساڵی ١٤١١ بە سەرۆکایەتی محەممەد شا بچنە سەر حوکم و دەسڵاتی شاری بەغدا بگرنەدەست دوای ئەوەی دەرگاکانی ئەو شارە لەلایەن خەڵکەکەیەوە داخرا بە ڕوویاندا. بەو شێوەیە بەغدا لەژێر دەسەڵاتی تورکمانەکاندا مایەوە تا ساڵی ١٥٠٩ زاینیی، تا ئەو کاتەی سەفەوییەکان بە سەرکردایەتی شا ئیسماعیلی سەفەوی بەغدایان داگیر کرد لە ساڵی ١٥٣٥ زاییندا، لە دوای ئەوانیش جارێکی دیکە عوسمانییەکان ھاتنەوەو دەسەڵاتیان لە سەفەوێکان سەندەوە و دواجار جارێکی دیکە سەفەوییەکان توانیان لە ساڵی ١٦٢٤دا دەسەڵاتیان لێبسەننەوە و تا ساڵی ١٦٣٩ فەرمانڕەوایی بەغدایان کرد، تا ئەو دەمەی سوڵتانی عوسمانیی مرادی چوارەم حوکمی بەغدای گرتە دەست و تا ئەو کاتەی کە ئینگلیزییەکان لە ئازاری ١٩١٧دا ھاتن و دەسەڵاتیان گرتە دەست ھەر ئەوان حوکمی بەغدایان کردووە. بەمشێوەیە بەغدا ھەروەکو زۆربەی ناوچەکانی دیکەی عێراق کەوتە ژێر فەرمانڕەوایی و ئینتدابی بریتانیاوە تا ئەو کاتەی شۆرشی بیست واتە پورە ئەلعەشرین دەستی پێکرد.

لەمێژووی شارستانیدا[دەستکاری]

بەغدا لە ١٩٣٢

شاری بەغدا لە چوارچێوەی شارستانییەتی خۆیدا چەند گۆرانکارییەکی گەورەی بە سەردا ھاتووە، لە سەردەمی بابلیی و سلوقی و گریک و تورک و فارسەکانەوە کە بە شارەکانی کیسرا ناودەبرا دەستی پێکردوە ھەتاکو ئەمڕۆ کە بە بەغدای عێراقی فیدڕاڵ دەناسرێت. دوای ئەو ھەموو کارەسات و نەھامەتییەی کە بە سەر شاری بەغدادا ھاتووە لە مێژوودا، ھێشتا ھەروەکو خۆی ماوەو لە ھەردوو دەرگای سەروو خوارویەوە بە ڕووکاری ڕۆژئاوای دیجلەدا چەند ناوچەیەکی دیکەی نوێش چووەتەسەری. بەغدا لە سەردەمی ھارونە ڕەشیددا مەڵبەندی ڕۆشنبیریی و زانست بوو، لە ٨٠٠ زایندا ئەو دەمە دانیشتوانەکەی پتر لە یەک مایۆن کەس دەبووە، بەڵام بەھۆی شەڕە یەک لە دوایەکەکانی تورک و تەتار و فارس و مەغولەوە کاولو وێران بوو، ھەروەھا گەلێک کارەساتی وەک سوتان و لافاو نەخۆشی و برسێتیش ڕوویان تێکردووە. شاری بەغدا لە ساڵی ١٩٢١دا بووەتە پایتەختی عێراق و بەھۆی شەڕی ئێران و عێراقەوە لە ساڵانی ھەشتاکاندا و جەنگی کەنداوی دووەم لە ساڵی ١٩٩١دا و جەنگی کەنداوی سێیەم لە ساڵی٢٠٠٣، جارێکی دیکەش کەوتووەتەوە بەر شاڵاوی وێران کاریی و قات و قڕی و برسێتی و شەڕی برکوژیی و تایەفەچێتی بەھۆی سیاسەتی وڵاتانی دراسێیەوە. ئێستا شاری بەغدا دەکەوێتە سەرووی شاری بابل بە ٩٠ کیلۆمەتر و چەند کیلۆمەترێکیش لە سەروی شاری قتیسون واتە ئەلمەدائینی جارانەوەیە کە بە سەنتەری ناوەندی وڵات دادەنرا تا ئەو کاتەی لە سەردەمی عەباسێکاندا شاری بەغدای ئێستا جێگای گرتەوە.

مۆزەخانەو مزگەوت و قوتابخانە کۆنەکان[دەستکاری]

لە شاری بەغدادا چەند مۆزەخانەیەکی تێدایە پاشماوەی گەلێک ئاسەواری کۆنی تێدا نیشان دەدرێت وەکو خشڵ و دراوی کۆن و پەیکەری کۆنی سەدەکانی پێش زایین ھەتا سەدەی حەڤدەی زاینیی، ھەروەھا ئاسەواری سەردەمی خەلافەتەکانی ئیسلامی. لە شاری بەغدادا کۆنترین مزگەوتی مێژوویی تێدایە مێژوویان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی موعتەسەم، لەوانەش مزگەوتی ئەلخولەفا کاتی خۆی بە مزگەوتی خەلیفە موعتەسەم ناوی براوە، ھەروەھا مزگەوتی ئەحمەدییە کاتی خۆی قوتابخانەکەی ئیمام ئەحمەدی حەنبەل بووەو مزگەوتی ئیمام موسای کازم و مزگەوتی مەرجان کە دەکەوێتە بازاڕی شۆریجەی شاری بەغداوە. ھەروەھا مزگەوتی مەنسور و مەھدی و مزگەوتی ڕەسافە مزگەوتی (ئۆزبەکی). ، ھەروەھا چەند قوتابخانەیەک کە خاوەنی مێژوویەکی دێرینن، وەکو قوتابخانەی ئەلشەرقییە لە نزیک مەزارگەی ئەبی حەنیفەی نوعمان و قوتابخانەی موەفەقییە، ئاسفییە، سلجوقییە، نازمییە.

مێژووی بەغدا لە ٢٠٠٠- تا ئێستا[دەستکاری]

چۆنییەتی ھێرشکردنی ھێزەکانی ئەمریکا بە ھاوکاری ھاوپەیمانانی بۆسەر عێراق لە ٢٠٠٣

بەغدا لە ٢٠٠٣[دەستکاری]

ساڵی ٢٠٠٣ وڵاتی عێراق ڕووبەروی ھێرشی ئەمریکا و ھاوپەیمانان بوونەوە لەم ھێرشە توانرا شکست بە حکومەتی بەعس و سەدام حسێن بھێنرێت و شارەکانی عێراق یەک لە دوای یەک ئازاد بوون تا ئەوەی توانرا بگەنە شاری بەغدا و لە دەست بەعسییەکان دەریان ھێنا و ئازاد بوو کە ئەمەش دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بوو لە مێژووی عێراق.

شەری مەزھەبی[دەستکاری]

خۆپیشاندانەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]