فەتحوڵڵا گویلەن

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
محەمەد فەتحوڵڵا گولەن
لەدایکبوون ١٩٣٨ بە‌ڵام لە‌بە‌ر ناوە‌کە‌ی لە ٢٧ی نیسانی ١٩٤١ تۆمارکراوە
ئەڕزڕوم، تورکیا
نەتەوە تورک
ئایین ئیسلامی سوننە
ماڵپەڕ
http://ar.fgulen.com

محەمەد فەتحوڵڵا گولەن (بە تورکی: Fethullah Gülen) ڕۆشنبیرێکی ئیسلامی و بانگەوازکارێکی تورکە، فەتحوڵڵا گولەن لە دایکبووە لە ٢٧ی نیسانی ١٩٤١ لە گوندێکی بچوکی سەر بە پارێزگای ئەرزڕوم، کە گوندی کوروجکە و لە خێزانێکی ئایین پەروەردا گەورەبوو. لە‌ڕاستیدا لە ساڵی ١٩٣٨دا لە‌دایک بووە، بە‌ڵام کاتێک باوکی دە‌یبات بۆ ناو تۆمارکردنی پێی دە‌ڵێن یان ناوە‌کە‌ی دە‌گۆڕیت یان تۆماری ناکە‌ین ئە‌ویش توڕە‌دە‌بێت و تۆماری لە‌دایک بوان بە‌جێدە‌ھێڵێت تا ئە‌و کاتە‌ی لە ساڵی ١٩٤١دا وە‌ک موختاری گوندە‌کە‌یان ھە‌ڵدە‌بژێردرێت، ئە‌وکات بە‌ناوی "محمدفتح اللە "ە‌وە ناوی تۆمار دە‌کات. بە‌م پێە‌ش لە سە‌رچاوە فە‌رمیە‌کاندا بە‌٢٧ی نیسانی ١٩٤١ تۆمارکراوە. [ژێدەر پێویستە]


ژیانی[دەستکاری]

محەمەد فەتحوڵڵا گولەن 1998

فەتحوڵڵا گولەن کوڕی ڕامز ئەفەندییە کە کەسایەتییەکی ناسراو بوو بە زانست و ئەدەب و ئایین، و دایکی ڕەفیعە خانم خانمێکی ناسراوە بە خواناسی و ئایین پەروەری، و ھەستا بە فێرکردنی قورئان بە کوڕەکەی کە چووە سەروو چوار ساڵییەوە، و لە نیوەی شەودا لە خەو بێداری ئەکردەوە و قورئانی فێر ئەکرد.[١]

ماڵی باوکی میوانداری ھەموو زانا و سۆفیگەرە ناسراوەکانیان ئەکرد لە ناوچەکەدا، بەمەش فەتحوڵڵا گولەن لەناو کۆڕی زانایاندا دادەنیشت و گوێی لێئەگرتن، و باوکی فارسی و عەرەبی فێرکرد.[ژێدەر پێویستە]


لە خوێندنگەی ئایینیدا ئەیخوێند لە مناڵی و گەنجیدا و ئەڕۆیشتە تەکییەوە و لەگەڵ زانستە ئایینیەکاندا پەروەردەیەکی ڕۆحی کرا، ھەروەھا خوێندنی زانستەکانی تر و فەلسەفەی لە بیر نەکرد، لە ماوەی ساڵەکانی خوێندنییدا بە پەیامەکانی نوور ئاشنا بوو و زۆر کاریگەر بوو پێی، کە بزوتنەوەیەکی نوێخوازی و نوێکەرەوەی گشتگیر بوو و بەدیعوزەمان سەعید نوورسی پێشەوایەتی ئەکرد.[٢]

و لەگەڵ زیادبوونی تەمەنییدا تێروانینەکانی زیادبوون و ڕۆشنبیرییەکەی ھەمەچەشن بوو و ڕۆشنبیری ڕۆژئاوایی ئەخوێندەوە لەگەڵ بیرۆکە و فەلسەفەکانیان ھاوکات لەگەڵ فەلسەفەکانی ڕۆژھەڵات، ھەروەھا زانستە دانراوەکانی ئەخویند وەک فیزیا و کیمیا و زانستی گەردوونناسی و زیندەوەرزانی و ھتد.[ژێدەر پێویستە]


کاتێک فەتحوڵڵا گولەن گەیشتە تەمەنی ٢٠ ساڵی دانرا بە ئیمامی مزگەوتی ئوج شەرەفلی لە شاری ئەدەرنە، کە دوو ساڵ و نیوی تێدا بەسەر برد.[ژێدەر پێویستە]


دەستی کرد بە ئیش بانگەوازەکەی لە ئیزمیر لە مزگەوتی "کە‌ستانە پازاڕی" لە خوێندنگەیەکی لەبەرکردنی قورئانی تایبەت بە مزگەوتەکە، پاشان وەک ئامۆژگارێکی گەڕۆک ئیشی ئەکرد، و ھەموو ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ گەڕان لە ووتار و ئامۆژگارییەکانیدا ڕێگەی ئیسلامی بۆ خەڵک ڕوون دەکردەوە.[ژێدەر پێویستە]


کەوتە گەڕان بە ھەموو وڵاتدا و لە مزگەوتەکاندا ئامۆژگاری و ووتارەکانی ئەوترایەوە، ھەروەھا چەندین وانەی زانستی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفی و ئایۆلۆژیی ڕێکخست.[ژێدەر پێویستە]


کۆڕ و کۆبوونەوە و دیداری تایبەتی ئەبەست و لەسەر بێباوەڕی و گومان وەڵامی خەڵک و بە تایبەت گەنجانی ئەدایەوە، لەبەرئەوەی وەڵامەکانی کاریگەر بوون، خەڵک لە دەوری کۆ بوونەوە و ئەوانەی لە بیرۆکەکانی سوودمەند بوون لە سنووری یاسا ڕێپێدراوەکانی تورکیادا ھەستان بە بنیاتنانی چەندین خوێندنگە و بەشی ناوخۆیی، و دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە و دەرکردنی کتێب و دانانی دەزگای ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆن، و لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت ئەم خوێندنگانە لە ھەموو جیھاندا بڵاوبوونەوە، بە تایبەت لە وڵاتەکانی ئاسیای ناوەڕاستدا و لە ئێستادا لە زۆربە‌ی وڵاتانی جیھاندا بوونیان ھە‌یە.

لێخۆشبوون و گفتوگۆ[دەستکاری]

فەتحوڵڵا گولەن بە تایبەت لە دواسی ساڵی ١٩٩٠ ھەستا بەدامە‌زراندنی بزوتنەوەیە‌کی پێشڕەو لە گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن لە نێوان ئایینەکاندابە میانڕەوی و دوور لە تورەبوون و گرژی، و ئەم بزوتنەوەیە لە تورکیادا ناوبانگی درکرد، پاشان لە دەرەوەی تورکیا[ژێدەر پێویستە] . بۆ زیاتر سە‌لماندن و بڵاوکردنە‌وە‌ی ئاشتی لە ئیسلامدا لەسە‌رداوای پاپا فەتحوڵلا گولەن گە‌یشتە ڤاتیکان و لە‌گە‌ڵ پاپادا کۆبووە‌وە. ئەم بزوتنەوەیە بە پێویستی ئەزانێت بە ڕووی ھەموو جیھاندا بکرێتەوە و چەندین بواری ھاریکاری ھەبێت لە نێوان ئیسلام و ئایینەکانی تردا. ئە‌مە‌ش لە‌سە‌ر بنە‌مای ئە‌و وتە‌ی "بە‌دیعوزە‌مان سە‌عیدی نورسی"ە کە‌دە‌ڵێت لە ئاخیرزە‌ماندا نە‌ک تە‌نھا موسوڵمانان بە‌ڵکو دە‌بێت ئیسلام و ھە‌موو ئاینە‌کانی تر دژی بێ دینی یە‌ک بگرن.

باوکی ئیسلامی کۆمەڵایەتی[دەستکاری]

بە پێچەوانەی نەجمەددین ئەربەکان کە بە باوکی ئیسلامی سیاسی تورکیا دانراوە، فەتحوڵڵا گولەن بە باوکی ئیسلامی کۆمەڵایەتی دانراوە [ژێدەر پێویستە] . فەتحوڵڵا گولەن پێشڕە‌وی بزوتنەوەی "خزمە‌ت"ە، ھە‌ندێک لایە‌ن و لە ھە‌ندێک شوێن بە‌تایبە‌تی عە‌لمانیە‌کان دە‌ڵێن بزوتنە‌وە‌ی "گولە‌ن"یاخود بزوتنە‌وە‌ی "فە‌تحوڵاچیە‌کان" بە‌ڵام خۆی دە‌ڵێت ئە‌مە بزوتنە‌وە‌یە‌کی خوداییە و من خاوە‌نی ئە‌م بزوتنە‌وە‌یە نیم و گە‌ر بوختانی زینا بۆ دایکم بکە‌ن لە‌وە پێم خۆشترە کە بڵێن فە‌تحوڵاچیە‌کان. "خزمە‌ت" بزوتنەوەیکی ئاینییە وکاردە‌کات بۆ بڵاوکردنە‌وە‌ی ئاینی پیرۆزی ئیسلام لە ڕێگە‌ی زانست و میانڕە‌ویە‌وە، سەدان خوێندنگەی زانستی ھەیە لە تورکیادا و لە دەرەوەی تورکیا، کە‌لە‌سە‌ر بنە‌مای بیرکردنە‌وە‌ی ئە‌م بزوتنە‌وە‌یە کار دە‌کە‌ن، ئە‌م خوێندنگانە سە‌رە‌تالە‌ناو تورکیا و ئاسیای ناوەڕاست دەستی پیکرد پاشانیش ڕووسیا ھەتا مەغریب و کینیا و ئۆگەندا ی گرتە‌وە‌و ھەروەھا لە بەلقان و قەوقازدا کرایە‌وە، ئێستا زیاد لە ١٣٥وڵاتدا خوێندنگە کراوە‌تە‌وە، ھەروەھا بزوتنەوەکە ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆنی تایبەتی خۆی ھەیە، لەگەڵ کۆمپانیای تایبەت و دەزگای خێرخوازی، ھەروەھا چەندین ناوەندی ڕۆشنبیری تایبەتی ھەیە لە ژمارەیەکی زۆر لە دەوڵەتەکانی جیھاندا، ساڵانە لە ژێر دروشمی "دیالۆگی مە‌دە‌نی" کۆنگرە ئەبەستێت لە بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا، بە ھاوکاری لەگەڵ زانکۆ گەورەکانی جیھاندا لە پێناو خزمە‌تکردن بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام و بڵاو کردنە‌وە‌ی ئیسلام بە جیھاندا، ئە‌مە‌ش وە‌ک وە‌ڵامێکە بۆ ئە‌و فە‌رمودە پیرۆزە‌ی پێغە‌مبە‌ر کە دە‌ڵێت: "ڕۆژێک دێت ھیچ شوێنێک نامێنێتە‌وە لە جیھاندا کە ناوی منی پێنە‌گە‌یشتبێت" سە‌بارە‌ت بە‌م فە‌رمودە پیرۆزە فەتحوڵڵا گولەن وتارێکی تایبە‌تی ھە‌یە و تێیدا دە‌لێت "کە‌وایە مادە‌م ئە‌م فە‌رمودە دێتە‌دی، بۆ ھە‌وڵ نادە‌ن ئێوە ببن بە ھۆکاری ھاتنە‌دی فە‌رمودە‌کە؟ ھاوڕێکانتان لە وڵاتە ساردوگە‌رمە‌کان ھە‌وڵ دە‌دە‌ن بۆ بڵاوکردنە‌وە‌ی ناوی جە‌لیلی حە‌زرە‌تی موحە‌مە‌د، ئە‌وانە‌ی پێش ئێوە ئە‌م بە‌ردە‌وامیان بە بڵاوکردنە‌وە‌ی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بە‌خشی، ئە‌م ئە‌رکە ھات ھات تا گە‌یشتە سە‌رشانی ئێوە، کە‌وایە ھە‌وڵ بدە‌ن بیگە‌یە‌ننە شوێنی خۆی، بۆ ئە‌وە‌ی نە‌وە‌ی دوای ئێوە نە‌برسن بۆ ئە‌م ھۆنراوە، ئە‌م بە‌ستە تە‌واو نابێت، با ئە‌وان گوێ لە‌داستانە‌کە بگرن و ڕە‌حمە‌تتان بۆ بنێرن"

پەیڕەوی[دەستکاری]

بزوتنەوەی "خزمە‌ت" لە بزوتنەوە ئیسلامییەکانی تر بە‌وە جیادەکرێتەوە کە پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن ڕۆژئاواوەوە لێدەکرێت، بە ھۆی کرانەوەیەی بە ڕووی جیھاندا بە نموونەیەک دادەنرێت کە چاوی لێبکرێت، بانگەشەی ھاریکاری و لێک تیگەیشتن دەکات لە نێو ھەموو ئایینەکان و ھەموو جیھاندا، لە بابەتە سیاسییەکاندا، دیموکراسی بە باشترین چارەسەر دادەنێت. بزوتنە‌وە‌کە خۆی بە‌دور لە سیاسە‌ت دە‌گرێت و ھیچ دە‌ست تێوە‌ردانێکی سیاسی ناکات، لە‌و کاتە‌دا کە "فە‌تحوڵا گولە‌ن" بە کامپی خوێندنە‌وە و خوێندکارانە‌وە سە‌رقاڵبوو لە ئیزمیر لە ساڵی ١٩٦٩، نە‌جمە‌دین ئە‌ربە‌کان سە‌ردانی کرد و داوای لێکرد بچێتە ڕیزی پارتە‌کە‌یە‌وە و واز بھێنێت لە پە‌روە‌ردە‌کردنی منداڵ و واز لە خوێندن و خوێندنگە بھێنێت چونکە بە‌بڕوای ئە‌و خزمە‌تی ئیسلام لە ڕێگە‌ی سیاسە‌تە‌وە دە‌کرێت بۆیە بە "فەتحوڵڵا گولەن"ی ووت:" واز لە‌مخوێندکارانە بھێنن چونکە خزمە‌تی وڵات لە ڕێگە‌ی سیاسە‌تە‌وە دە‌بێت" بە‌ڵام " فە‌تحوڵا گولە‌ن" داواکە‌ی پە‌سە‌ند نە‌کرد و بە‌ردە‌وام پێی ڕاگە‌یاند کە سیاسە‌ت بە گوێرە‌ی ئە‌و نیە و بە‌ردە‌وام دە‌بێت لە ڕێبازە‌کە‌ی خۆی. گولە‌ن لە سە‌رە‌تای دامە‌زراندن و دروستکردنی خوێندنگە و بە‌شە ناوخۆییە‌کاندا فیداکارانە کاری کردووە، یە‌کێک لە ھاریکارانی گولە‌ن دە‌گێڕێتە‌وە و دە‌ڵێت: " لە‌سە‌رە‌تای دە‌ستکردنمان بە‌م کارە مامۆستا لە‌ھە‌موان زیاتر کاری دە‌کرد چونکە حە‌قیقە‌تی کارە‌کە‌ی دە‌زانی و جگە لە ڕە‌زامە‌ندی خودا ھیچ ئامانجێکی تری نە‌بوو، تە‌نانە‌ت ئە‌و ئاوە‌ی کە بۆ دە‌ستنوێژگرتن لە دامە‌زراوە‌کاندا بە‌کاری دە‌ھێنا پارە‌کە‌ی دە‌دا و قبوڵی نە‌دە‌کرد ھیچ شتێکی ئە‌و دامە‌زراوانە بە مە‌بە‌ستی کە‌سی بە‌کار بھێنرێت. لە‌کاتێکدا کە ھە‌موان دە‌خە‌وتن زۆرکات دە‌مانبینی شە‌وانە تە‌والێتە‌کانی پاک دە‌کردە‌وە و باخچە‌کانی گسک دە‌دا" ناوەرۆکی فەلسەفەی بزوتنەوەی "خزمە‌ت" دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی پابەندەبە سنورە‌کانی ئیسلامە‌وە و لە ھەمان کاتدا بە پەرۆشە و ئارەزوومەندی گە‌نجان بە تایبە‌تی و موسوڵمانان بە گشتی لە چوارچێوە‌ی سنورە‌کانی ئیسلامدا زانیاری و تەکنۆلۆژیای نوێ و پێشکەوتن بە‌دە‌ست بھێنن تا پێشکە‌وتن و سە‌رکە‌وتن بۆ خۆیان و وڵاتە‌کانیان بە‌دە‌ست بھێنن. لەمڕۆدا "ھاوکات لە‌گە‌ڵ ناوی فەتحوڵڵا گولەن"دا زاراوەی ئیسلامی میانڕەو و ھاوسەنگ دە‌برێت، سە‌رە‌ڕای ئە‌وە‌ی کە ھیچ زیانێکی بە پرۆسە‌ی سیاسی و پێشکە‌وتنی تورکیا نە‌داوە و ڕێگە‌ی خۆشکردووە بۆ بە‌رە‌و پێشچونی تورکیا و پە‌روە‌دە‌کردنی نە‌وە‌ی نوێ و بڵاوکردنە‌وە‌ی ئاینی پیرۆزی ئیسلام لە جیھاندا بەڵام نەیارەکانی گولەن دەڵێن کە مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر عیلمانییەتی تورکیا و بە تێکدانی عیلمانییەتی تورکی لە ڕێگەی بە ئیسلامیکردنی مەشقە کۆمەڵایەتییەکانە‌وە تۆمەتیاری ئەکەن. لە‌گە‌ڵ ئە‌مە‌دا گولە‌ن وە‌ک زانای بە‌ناوبانگی کورد"بە‌دیعوزە‌مان سە‌عید نورسی" دە‌ڵێت " من ھیچ پە‌یوە‌ندیە‌کم بە دونیای ئێوە‌وە نیە‌". لە‌کاتی سە‌ردانە‌کانیدا بۆ وڵاتانی ئاسیا سە‌رۆک کۆماری پێشوی تورکیا "تورگوت ئۆزاڵ" سە‌ردانی خوێندنگە‌کانی کردووە و بە ھە‌موولایە‌کی ڕاگە‌یاندووە " من وە‌ک سە‌رۆک کۆمار دە‌بمە کە‌فیلی ئە‌م کارە‌"

دەرچوونی لە تورکیا[دەستکاری]

بە‌ھۆی نە‌خۆشیە‌کانیە‌وە چە‌ند جارێک سە‌ردانی نە‌خۆشخانە‌کانی وڵات و دە‌رە‌وە‌ی وڵاتی کردوە و سە‌ردانی ئە‌مریکا لە‌ساڵی ١٩٩٩دا بوو بە دواین سە‌ردانی گولە‌ن و جارێکی تر نە‌گە‌ڕایە‌وە بۆ تورکیا و وە‌ک خۆی دە‌لێت مانە‌وە‌ی لە ئە‌مریکا پێویستە وگە‌ر تە‌مە‌ن ڕیگە‌ی بدات ماوە‌یە‌کی تریش لە‌وێ دە‌مێنێتە‌وە، ھە‌روە‌ھا دە‌شڵێت کۆچکردنی بۆ ئە‌مریکای ھیچ پە‌یوە‌ندیە‌کی بە بارودۆخی تورکیا و ڕوداوە‌کانی تورکیاوە نیە. لە‌ناو بانگخوازە جیھانیە‌کاندا "فە‌تحوڵڵا گولە‌ن" پێگە‌یە‌کی تایبە‌تی ھە‌یە و لە‌ھە‌موو ڕویە‌کە‌وە کاریگە‌ری لە‌سە‌ر جیھانی نوێ بە‌جێھێشتووە، بە‌ڕادە‌یە‌ک کە بە‌سە‌دان کتێب لە‌سە‌ر ژیان و کارە‌کانی بە چە‌ندین زمانی جیاواز نوسراوە و کتێبە‌کانی بۆ دە‌یان زمان وە‌رگێڕدراوە.

تۆمەتەکان دژی[دەستکاری]

فەتحوڵا گولەن تۆمەتبار ئەکرێت لە لایەن زۆرێک لە نەیارانەوە بە شێوازی شاراوەی کار کردن بە جۆرێک هەندێ ئەڵێن "کۆمەڵگاکەی گولەن وەک خێو وان، لەهەموو جێگایەک هەن و نیشن. مایەی ترسن بۆ کۆمەڵگا چونکە ئەوان کۆنترۆڵی پۆلیسیان کردوە". [٣] لایەنگرانی گولەنیش بە شێوازێکی بەربڵاو دژی ئەم جۆرە تۆمەتانە ڕا ئەوەستن. بۆ نمونە ئەم ماڵپەڕە تایبەتە بەم جۆرە کارانە و وەڵامی ئەم تۆمەتانە ئەداتەوە.[٤] فەتحوڵا گولەن هەروەها تۆمەتبارە لەلایەن نەیاران و ڕەخنەگرانەوە بە ئەنجامدانی کاری سیخوڕی لەگەڵ دەزگا سیخوڕیەکاندا وەک سی ئای ئەی. ئەم تۆمەتە لەلایەن سەرۆکی پێشوی دەزگای سیخوڕی تورکیا (MIT) خۆیەوە خراوەتە ڕوو کە گوایە لە ساڵەکانی ۹٠دا لە قرغزیستان جێگای هەندێ سیخوڕی سی ئای ئەی کردۆتەوە لە قوتابخانەکانیدا.[٥] وە هەروەها لە لایەکی ترەوە تۆمەتبارە بە هاوکاری کردنی دەزگای سیخوڕی تورکیا خۆشی. [٦]

دژایەتی پەکەکە[دەستکاری]

فەتحوڵا گولەن بە ئاشکرا دژی پارتی کرێکارانی تورکیایە و دەزگای زەمان و دەزگاکانی تری هەمیشە پەکەکە بە "تیرۆریست" ناو ئەبەن[٧]. لە کاتی دانیشتنەکانی ئەم دوایەی ئۆجەلان و تورکیا گولەن ڕێکەوتنەکەی بە "پەیماننامەی حودەیبیە" شوبهاند [٨] [٩]. ئەمانیش وەڵام ئەدەنەوە کە گوایە مەبەستیان ئەوە نەبوە پەکەکە بە کافرەکانی قوڕەیش بشوبهێنن.[١٠]

دانراوەکانی[دەستکاری]

فەتحوڵڵا گولەن نزیکەی ٦٠ دانراوی ھەیە، و لەسەر ئەم کتێبانەی چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، و زۆربەیان لەسەر تەسەوفن لە ئیسلام و مانای ئایین دۆستی، و ئەو بەر پێچیانەی لە بەردەم ئیسلامی ئەمڕۆدان.

ژمارەیەک لە بەرھەمەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانی کوردی، لەوانە؛

کتێب نووسەر وەڕگێڕ
محەمەد، شانازی مرۆڤایەتی فەتحوڵڵا گولەن حەمە حەسەن کەریم
تەرازووەکان، یان ڕووناکییەکانی سەر ڕێگا فەتحوڵڵا گولەن حەمە حەسەن کەریم
ڕۆح و حەقیقەتی جیھاد لە ئیسلامدا فەتحوڵڵا گولەن ڕەئووف مەعرووف
ئیرشاد و تەبیلغ فەتحوڵڵا گولەن حەبیب محەمەد سەعید
ڕاستی بەدیھێنان و تێۆری پەرەسەندن فەتحوڵڵا گولەن حەمە حەسەن کەریم
چەند تیشکێکی قورئانی لە ئاسمانی ویژداندا فەتحوڵڵا گولەن حەبیب محەمەد سەعید
قەدەر، لە ژێر تیشکی قورئان و فەرموودەدا فەتحوڵڵا گولەن فارووق ڕەسول یەحیا

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. An interview with Fethullah Gülen's primary school teacher
  2. The Gulen Movement: Communicating Modernization, Tolerance, and Dialogue in the Islamic World. The International Journal of the Humanities, Volume 6, Issue 12, pp.67-78.
  3. ڕۆژنامەی حوڕیەت دەیلی، دواسەردان ۳٠/۱٠/۲٠۱۳
  4. ڕاستیەکان وەرگرە، دواسەردان ۳٠/۱٠/۲٠۱۳
  5. واشتنتن پۆست، دواسەردان ۳٠/۱٠/۲٠۱۳
  6. ماڵپەڕی فەرمی پەچەدەکە، دواسەردان ۳٠/۱٠/۲٠۱۳
  7. ماڵپەڕی فەرمی گولەن، دواسەردان ۳٠/۱٠/۲٠۱۳
  8. [١]، ڕۆژنامەی میللیەت، دواسەردان ۳٠/۱٠/۲٠۱۳
  9. ماڵپەڕی فەرمی گولەن - هەرکول، دواسەردان ۳٠/۱٠/۲٠۱۳
  10. ماڵپەڕی فەرمی گولەن - fgulen.com، دواسەردان ۳٠/۱٠/۲٠۱۳

سەرچاوەکان[دەستکاری]

١١ڕۆژ لە‌گە‌ڵ فە‌تحولڵا گولە‌ن نوسینی ڕۆژنامە‌نووس مە‌ھمد گوندە‌م

فە‌تحولڵا گولە‌ن نوسینی ڕۆژنامە‌نووس فاروق مە‌رجان