ئەنارکیزم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئایدۆلۆژیای سیاسی
بەشێکە لە وتارەکانی سیاسەت
ئەنارکیزم
مەسیحی دیموکرات
کۆمۆنیزم
مارکسیزم
شۆپپارێزی
فاشیزم
فێمینیزم
ژینگەخوازی
ئیسلامی سیاسی
لیبرالیزم
ناسیۆنالیزم
سۆسیالدیموکراسی
سۆسیالیزم

ئەنارکیزم یان ئانارکیزم تیۆرییەکی ڕامیارییە بە ئامانجی پێکھێنانی کۆمەڵگەیەکی ئانارکی «بێ خاوەن و بێ سەروەر».[١] بە واتایەکی تر، ئانارکیزم تیۆریایەکی ڕامیارییە، کە ئامانجی پێکھێنانی کۆمەڵگەیەکە کە تێیدا کەسەکان بە شێوەیەکی ئازادانە و یەکسان ھاوکاری یەکتر دەکەن. بەپێی ئەمە ئانارکیزم دژ بە ھەموو جۆرە سیستەمێکی قوچکەیی کۆنترۆڵە، چ لەلایەن دەوڵەتەوە بێت، چ لە لایەن سەرمایەدارەکانەوە. وەک شتێکی زیانبەخش بۆ کەسەکان و تاکایەتییان، ھەروەھا ناپێویستیشە. سووزان بڕاون (بە ئینگلیزی: L. Susan Brown) کە کەسێکی ئانارکیستە، دەڵێ:

لە کاتێکدا دەرکی خەڵکی لە ئانارکیزم توندوتیژییە (بزاڤی دژەدەوڵەت) ئانارکیزم ڕێبازێکە، نە یارییەکی سادە لەگەڵ دەوڵەت. ئانارکیستەکان دژی ئەو شێوازە بیرکردنەوەن، کە دەسەڵات و سەروەری بۆ کۆمەڵگە بە پێویستییەکی ناچاری دەزانن و لە بەرامبەر ئەمەدا پشتیوانی لە گەلکاری و ھەرەوەزی، شێوە ناپایەبەندی قوچکەیی کۆمەڵگە و ڕێکخراوەی ڕامیاریی و ئابووریی دەکەن.[٢]

ھەرچەندە ھەمیشە لە نێوان گشت تێئۆریا ڕامیارییەکاندا، «ئانارکیزم» و «ئانارکی» خراپتر لە ھەمووان وێنا کراون. بەگشتی، ئەم وشانە وەک «ئاژاوە» یا«بێسەرەوبەرەیی» بەکار دەبرێن و سەرەنجام ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە بەو وێناندنانەوە دەکەنە بەڵگەی ئاژاوەخوازی ئانارکیستەکان، و حەزی ئەوان بە «گەرانەوە بۆ یاساکانی جەنگەڵ».

ڕەوتی ئەم خراپ وێناندنە، بێ پێشینەی مێژوویی نییە. بۆ نموونە لە وڵاتانێکدا کە کۆمەڵگا لەژێر دەسەڵاتی تاکەکەس دایە، وشەی وەک «کۆمار» و «دیموکراسی» ڕێک بە واتای «ئانارکی»، بۆ دەربڕینی بێنەزمی و تێکدان بەکار دەبرێن. ھەر بۆیە ئەوانەی کە لە بوونی بارودۆخی ھەنووکەیی سوودمەندن، ھەوڵ دەدەن تاوەکو ئەو بیرکردنەوەیە دەرببڕن، کە لە سایەیدا نەیاری لەتەک سیستمی ھەنووکەیی بێکەڵک بێت و کۆمەڵی تازە دەکێشرێتە پای بێسەرەوبەرەیی. یان ئاوا کە ئێریکۆ مالاتێستا (بە ئینگلیزی: Errico Malatesta) دەری دەبڕێت:

لەوەتەی وا بیر دەکرێتەوە، کە دەسەڵات پێویستە و بەبێ دەسەڵاتداری بۆی ھەیە شێوان و پەرێشانی بەرپا ببێت، ئیتر زۆر سروشتی و لۆژیکییە کە ئانارکی (کە بە واتای نەبوونی دەسەڵاتدارییە)، بە واتای نەمانی نەزم و ھێمنی، لێک بدرێتەوە.[٣]

ئانارکسیتەکان دەیانەوێت ئەم «دەرکە ناڕۆشنە گشتگیرە» بۆ ئانارکی بگۆڕن، تاوەکو خەڵکی زیان و نەھامەتییەکانی دەسەڵات و ھەر جۆرە پەیوەندییەکی پایەبەندیی قوچکەییانەیان بۆ دەر بکەوێت:

گۆڕینی بۆچوونەکان و خەڵکی ھێنانە سەر ئەو بڕوایەی کە بوونی دەسەڵاتدار نەک تەنیا پێویست نییە، بەڵکو زۆر زیانبەخشیشە. ئەو کات وشەی ئانارکی کە بە واتای نەمانی دەسەڵاتدارییە بۆ ھەمووان یەک تێگەیشتنی دەبێت: «نەزم و ڕێکخستنی سروشتی، یەکبوونی پێداویستییە مرۆڤییەکان و بەرژەوەندییە گشتییەکان و ئازادی بێسنوور لە چوارچێوەی ھاوپشتی بێسنووردا.[٤]

ئەمە بەشێکە لە پرۆسەی گۆڕینی ئەو بیرکردنەوە زاڵە لەمەڕ ئانارکیزم و واتای ئانارکی. بەڵام ئەمە گشت نییە. ھەروەھا لە پاڵ خەبات دژی شێواندنی بەرھەمھاتوو لەلایەن ئەو «دەرکی ناڕۆشنی گشتی»یەوە بەرامبەر «ئانارکی»، دەبێت لە دژی شێواندنی درێژماوەی دەستکردی دوژمنانی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی لەمەڕ ئانارکیزم و ئانارکیستەکان ھەوڵ بدرێت. بەو جۆرەی کە بارتۆلۆمیۆ ڤانزەتی (بە ئینگلیزی: Bartolomeo Vanzetti) لەبارەی ئانارکیستەکانەوە دەڵێت:

ڕادیکاڵترینی رادیکاڵەکان (پشیلە کێوییەکان) ترسێنەر و حەپەسێنەری ڕیاکاران و دەمارگیران، بەھرەکێشان، دەستبڕان، خۆدەرخەران و ستەمکارانن… ھتد، ئێمە زیاتر لە ھەموو کەسێک کەوتووینەتە بەر ستەمکاری، خراپ نیشان دراوین و خەڵکمان خراپ لێ تێگەیێندراوە.[٥]

ڤانزەتی دەیزانی لەمەڕ چی دەدوێت. ئەو و ھاوەڵە خۆشەویستەکەی نیکۆلا ساکۆ (بە ئینگلیزی: Nicola Sacco) لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە لەسەر تاوانێک کە ئەوان دەستیان تێدا نەبوو، زیندانی کران و لە ھەمان ساڵدا لەبەر ئەوەی کە ئانارکی و خەڵکی ئەوێندەرێ نەبوون، ساڵی ١٩٢٧ بە ئەلەکتریک لە سێدارە درا.

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ P-J Proudhon, What is Property , p. 264
  2. ^ The Politics of Individualism, p. 106
  3. ^ Anarchy, p. 16
  4. ^ Op. Cit. , pp. 16
  5. ^ Nicola Sacco and Bartolomeo Vanzetti, The Letters of Sacco and Vanzetti, p. 274