ژینگەخوازی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
یەکەم وێنەی تەواوی زەوی، ئەپۆلۆ ١٧: ڕۆژی ٧ دێسەمبەری ١٩٧٢
ئایدۆلۆژیای سیاسی
بەشێکە لە وتارەکانی سیاسەت
ئەنارکیزم
مەسیحی دیموکرات
کۆمۆنیزم
مارکسیزم
شۆپپارێزی
فاشیزم
فێمینیزم
ژینگەخوازی
ئیسلامی سیاسی
لیبرالیزم
ناسیۆنالیزم
سۆسیالدیموکراسی
سۆسیالیزم

ژینگەخوازی یان ئێکۆلۆژیزم (بە ئینگلیزی: Ecologism یان Environmentalism) ئایدیۆلۆژییەکی سیاسی و بزاڤیکی جڤاکییە داوای ھاوسەنگیی ژینگە و فراژووتنی جێگیر دەکات. شێواندنی ھاوسەنگیی ژینگە زیان ھەم لە سروشت دەدات ھەم لە مرۆڤ. لەبەر ئەوە دەبێ ڕێکخستنی جڤات بە جۆرێک بێت کەمترین کاریگەریی ھەبێت لەسەر سروشت.

فەیلەسووفی نۆروێژی ئارنە نێس (Arne Dekke Eide Næss (1912-2009 لەم بوارەدا سیستەمێکی فەلسەفی سەرلەبەری داڕشتووە و ناوی ناوە ئێکۆسۆفی Ekosofi.

لە نێو پارتگەلی ئێکۆلۆژیستاندا Die Grünen «کەسکەکان» ی ئەڵمانی جێی سیاسیی ھەرە بەھێزیان گرتووە. لە یەکگرتنەوەی ئەڵمانیادا، کەسکەکان، لە پەرلەماندا داھێزران، لەبەر ئەوەی ئەمان دژی یەکگرتنەوەکە وەستان و ئومێدیان وابوو بیروڕای ئێکۆلۆژیستانە لە DDR ێکی نوێدا جێی خۆی بکاتەوە. لە سکاندیناڤیا پارتی De gröna «کەسکەکان» ی فینلاند، لە ھەموان زووتر جێی خۆی لە پەرلەماندا کردەوە. لە نۆروێژ و دانمارک پارتە چەپە سۆسیالیستەکان بەرنامەی ئێکۆلۆژیستانەیان ھەڵگرتەوە.

شانرخاندن[دەستکاری]

باوەڕی ھاوسەنگیی ئێکۆلۆژیستانە بنەمای ئێکۆلۆژیزمە. ئەمیان چەمکێکی سیاسییە نەک زانستی، لە ماوەیەکی زووتری دەمی گفتوگۆی ژینگەخوازیدا سەری ھەڵدا. مەبەستیش لە ھاوسەنگیی ئێکۆلۆژیستانە دۆخی سروشتێکە مرۆڤ دەستی لێ نەداوە.

بە دیدی ئێکۆلۆژیزم جڤاتی پیشەسازیی مۆدێرن ئەم ھاوسەنگییەی تەواو شێواندووە. دەست تێوەردانی مرۆڤ ھێند مەزن بووە شیرازەی سروشت خۆی ھاتۆتە دەست. بڕوانە سامانی سروشت، کە بە دیدی ئێکۆلۆژیزم خەریکە نابوود دەبێ، بڕوانە ژینگە و بڕوانە سەرلەبەری شێوازی گوزەرانی مرۆڤ. ئەو جڤاتەی دەبێ جێی جڤاتی پیشەساز بگرێتەوە ئارنە نێس ناوی دەنێ جڤاتی ھاوسەنگ.

لە بورای گوزەرانی جڤاکیدا گوناھی لاسەنگیی دەخرێتە ئەستۆی نە تەنھا پیشەسازیی مەزن بگرە «ئابووریی ڕکابەر» و «چڕ کردنەوەی دەسەڵاتی ئابووری» یشەوە. لێرەدا ئیلھام لە سۆسیالیزمەوە ئاشکرایە، بە نموونە ئێکۆلۆژیستەکانی ئەڵمانیا دەڵێن: دادۆشینی مرۆڤ و بەدبەکارھێنانی یەکدی، لەگەڵ سیاسەتی ئێکۆلۆژیانەدا یەک ناگرنەوە.

تیۆریی جڤاکی دەربارەی جڤاتی پیشەساز سەرچاوەی ئەم ڕەخنانەن. ئەمانە پشتیوانی دەکەن لەو ھەوڵەی ئێکۆلۆژیزم دەیدات بۆ دروست کردنەوەی ئەو داوەستان Stagnation و ئاسوودەبوونەی گۆیا لە جڤاتی بەر لە پیشەسازیدا ھەبووە.

گرنگترین یەکەی جڤات[دەستکاری]

ئێکۆلۆژیزم بەگشتی ئایدیۆلۆژییەکی فرەمیللیە. ئەم باوەڕە دەڵێ ڕکابەریی نێو بازاڕی جیھانی بۆ گەشەندی ئابووریی جیھانی ڕۆژاوا، جیھانی ھەژاری سێیەمی کردۆتە یەکەم قوربانی. کاتێک مرۆڤ و مرۆڤایەتی بە پلەی یەکەم بە ھاوژینی سروشت سەیر بکرێن ئیدی پلەی یەکەی «میللەت - ناسیۆن Nation» دادەبەزێ. تەنگژەی ژینگە بە تەنگژەیەکی جیھانگیر Global و ھەمەپۆش دادەنرێ.

مێتودی گۆڕینی جڤات[دەستکاری]

ئارنە نێس پاش ھەڵسەنگاندنێکی وردی نێوان ڕیفۆرم و شۆڕش دەگات بەوەی کە «جێگر (بەدیل) ی داکەوتبین (واقیعی - ڕیالیست) ڕێگەیەکە بە ڕیفۆرمی سەرانسەریدا تێپەڕ دەبێ». دوور نییە «ڕیفۆرمی سەرانسەری» ئیلھامی لە «ڕیفۆرمی ساختارەکی» ی کۆمیونیزمی ئەورووپی و سۆسیالیزمی چەپڕەوەوە گرتبێ. نێس ئەم گریمانەیەی خوارەوەی داڕشتووە گەرچی مەبەستیشی تەنھا جڤاتی خۆشگوزەرانی سکاندیناڤیایە:

«چالاکیی ڕیفۆرمیستانەی پلەداری ھەتا دێ قووڵتر و بەرینتر، کە ھەموو ئامانجێکی تێیدا پلەپلە ڕاوێژی لەسەر کرا بێت، دەرفەتی لە شۆڕش زیاترە دامەزراو بگۆڕێ بە جێگرێکی تەواو باشتر. پێوانەی ”‌باشتر‌“ یش، بە کورتی، دەکاتەوە ژیانی خۆش».

ئەوجا لای کەسکەکان مەرجێکی گرنگ ھەیە بۆ تەک و گرووپی تەک: دەبێ پەیڕەوی بیرۆکەی لاشەڕ (نا- دڕی) Nonviolence بکرێ. ئارنە نێس بەتایبەتی ورد بۆتەوە لە سیاسەتی لاشەڕی گاندی Gandhi کە لە خەباتی سەرخۆبوونی ھیندستاندا پەیڕەوی دەکرا و دەگاتە ئەوەی: «تەکی ڕاستەوخۆ ئەگەر تاڕادەیەکی بەرز لاشەڕ نەبێ ناتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژخایەن سەرکەوتوو بێ».

شێوازی حوکومڕانیی سیاسی[دەستکاری]

«دێمۆکراتیی بنەما» ی کەسکەکان دەکاتەوە سەپاندنێکی قووڵی دێمۆکراتیی ڕاستەوخۆ لە یەکەی بچووکدا. لە سەر ئاستی میللی، دێمۆکراتیی نوێنەرەکی ڕەت ناکرێتەوە بەڵام دەبێ بە گەلپرسی تەواو بکرێ. گەلپرسی دەبێ بڕیاردەر بێ و دەبێ بە دەستپێشخەری گەل بێ، واتە ژمارەیەکی دیاریکراوی وەڵاتیان بۆیان ھەبێ گەلپرسی بسەپێنن. داخوازیی سێیەم دەڵێ گەل دەبێ بتوانێ ھەر کاتێک بێ لە دەمی مانداتی نوێنەراندا، نوێنەری ھەڵبژاردە لە نوێنەرایەتی بخات، ئەمەش ھەر داخوازییەکی کلاسیکی دێمۆکراتی ڕادیکالانەیە.

ئوتوپیا[دەستکاری]

ئارنە نێس لە «ئێکۆسۆفی» ـیەکەی خۆیدا چەند ڕستەیەکی سیستەمبەند کردووە، وێنەیەکی پتر سەرلەبەر دەدەن دەربارەی ئوتوپیای ئێکۆلۆژیانە. ئەمەش کورتەی ڕستەکانە:

- خۆڕاستاندنی ھەرە بەرز

- خۆڕاستاندنی تاکەکەس بەستەگی ھەیە بە خۆراستاندنی ھەموانەوە.

- خۆڕاستاندنی ھەرە بەرز داوای ھاوژینی Symbiosis ی ھەرە بەرز دەکات.

- فرەواندنی فرەڕەنگی دەرفەت دەدات بە فرەواندنی خۆڕاستاندن.

- فرەڕەنگ، فرەفەرھەنگ، فرەمەیدانی ھەرە فرەوان!

- خۆڕاستاندنی ھەرە بەرز داوای خۆفەرمانیی ھەرە بەرز دەکات.

- خۆڕاستاندنی ھەرە بەرز داوای فرەڕەنگیی ھەرە بەرز دەکات.

- سامانی ھەرە بەرزی جۆرایەتی.

سەرچاوە[دەستکاری]

Nationalencyklopedin

«ئایدیۆلۆژیی سیاسیی ھاوچەرخ»[بەستەری مردووی ھەمیشەیی]

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]

Ecosophy from T to X