یارییەکانی ئۆڵمپیک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھێمای یارییەکانی ئۆڵمپیک

یارییەکانی ئۆڵمپیک یان ئۆڵۆمپیاد (بە ئینگلیزی: Olympic Games) ڕووداوێکی وەرزشیی جیھانییە. یاریزانانی جۆرەھا وەرزش بەشداری تێدا دەکەن. ھەموو چوار ساڵ جارێک ساز دەدرێت. کاتی خۆی لە یۆنان ساز دەکرا، بەڵام دواتر خانەدانێکی فەڕەنسی بە ناوی پیێر فریدی بارون دی کۆبەرتان، لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەیەمی زایینی زیندووی کردەوە. لە ساڵی ١٨٩٦ تا ئێستا ھەموو چوار ساڵ جارێک سازکراوە، تەنھا لە ماوەی ھەردوو جەنگی جیھانیی یەکەم و جەنگی جیھانیی دووەم نەبێت. لە ساڵی١٩٢٤یشدا یارییەکانی ئۆڵمپیکی زستانەش دامەزرا، بەڵام لەوەتەی ساڵی ١٧٩٤ ئەم یارییانە ناوە ناوە لە ساڵی جیا جیا ساز دەکرێن بەھۆی ڕێکەوتنی یارییەکانی ئۆڵمپیکە ھاوینییەکان.

مێژوو[دەستکاری]

یاریگای ئۆڵمپی لە یۆنان

مێژووی ئۆڵۆمپی دابەشدەکرێت بۆ دوو قۆناغ، یەکەمیان مێژووی ئۆڵۆمپی کۆن، لەگەڵ مێژووی ئۆڵۆمپی نوێ.

مێژووی ئۆڵمپیکی کۆن[دەستکاری]

شارەزایان مێژووی دروستبوونی ئۆڵمپیکی کۆن دەگەڕێننەوە بۆ ٧٧٦ ساڵ پێش زایین لە وڵاتی یۆنان بە ئاماژەدان بەوەی کە لەسەر دیواری پەرستگاکان نوسراوە، کە چوار ساڵ جارێک یارییەکانی بەڕێوە دەچوون، بەڵام ھەندێکی تر لە شارەزایان مێژووی ئۆڵمپیکی کۆن دەگەڕێننەوە بۆ ١٤٠٠ ساڵ پێش زایین. سەرەتای ڕکابەریکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپی بە یاری ڕاکردن دەستی پێکردووە کە ماوەکەی ١٨٦ یاردە بوو، دواتر زیادکراوە و بووەتە ٨٠٠ یاردە، پاشان یارییەکانی زۆرانبازی و بۆکسێن و پێشبڕکێی ڕاکێشانی عەرەبانە کە چوار ئەسپ ڕای دەکێشا، ھەروەھا ماوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیات لە ڕۆژێک بۆ ٥ ڕۆژی دەخایاند، ھەروەھا بەشدارانی یارییەکانی ئۆڵۆمپیات بۆ ماوەی مانگێک پێش دەستپێکردنی یارییەکان دەگەیشتنە شوێنی یارییەکان بۆ ئەنجامدانی مەشق و پرۆڤە کردن، خەلاتی وەرزشکارە سەرکەوتووەکانیش بریتی بوو لە شێوەی کلیلێک لە گەڵای زەیتون و پاشان تاجێک دەخرایە سەری سەرکەوتووەکان، ئەم گەڵایانەش پیرۆز بوون چونکە لە نزیک پەرستگاکان دەڕوێنراو (ھەرقل بگرس)یەکەم داری لە نزیک پەرستگای (زیوس) لە ئەسینا چاند. ھەروەھا بەشدارانی یارییەکانی ئۆڵۆمپیات تەنھا ھاووڵاتیان و وەرزشکارانی ئاسایی بەشدارییان تێدا نەدەکرد، بەڵکو مەلیک و دەسەڵاتدارانی ئەوکاتیش بەشدارییان دەکرد، نموونەش مەلیکی یۆنانی (فیلیپ مەقدۆن) لە سێ خولی یەک لە دوای یەکدا بەشداری یارییەکانی ئۆڵۆمپیاتی کردووە، ھەروەھا ئیمپراتۆری ڕۆمانی (تابیدۆس) بەشداری تێدا کردووە، کە یۆنان بەشێک بووە لە ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی.

مێژووی ئۆڵمپیکی نوێ[دەستکاری]

مێژووی ئۆڵمپیکی نوێ لە ساڵی ١٧٦٦ەوە دەست پێدەکات پاش ئەوەی ئۆڵۆمپی کۆن تووشی داڕمان ھات بەھۆی چەند ڕوودانی جەنگ و ڕووداوە سروشتییەکانی وەک (زەمین لەرزە و لافاو و ھتد …). دواتریش فەڕەنسییەکان چەندین ھەوڵیانداو گەڕان بە شوێن پاشماوەکانی ئۆڵۆمپیدا، بەڵام ھەوڵەکانیان بێ سوود بوو، دواتر وەفدێکی ئەڵمانی بە سەرۆکایەتی (ئارنست کۆرتیۆس)ی ئەڵمانی لە ساڵی ١٨٧٥، کە بۆماوەی شەش شاڵ بەردەوام بوون بۆ گەڕان و دۆزینەوەی پاشماوەکانی ئۆڵۆمپی، ھەروەھا سەرکەوتنیان بە دەستھێناو چەند ئاماژەو سەرەداوێکی گرنگیان دۆزییەوە سەبارەت بە مێژووی ئۆڵۆمپی و قۆناغەکانی.

دواتر و لەسەردەستی ھاووڵاتییەکی بە ڕەگەز فەرەنسی بە ناوی (بارۆن دی کۆپەرتان) کە لە ساڵانی نێوان (١٨٦٣-١٩٣٧)دا ژیاوە و دواتریش بووە سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٨٩٦، بیرۆکەی سەرھەڵدانی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاتی بنیاتناو سەرکەوتنی بەدەستھێنا لە بانگھێشتکردنی وەفدە بیانییەکان بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیات، پاشان لە ساڵی ١٨٩٤ بناغەی لیژنەی ئۆڵۆمپی دانرا بۆ سەرپەرشتی کردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیات و فیکیلاس بووە سەرۆکی لیژنەی ئۆلۆمپی نێودەوڵەتی و بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو لە پۆستەکەی، ھەروەھا یەکەمین خولی ئۆڵۆمپی لە ئەسیناوە سەریھەڵداو لە ڕێکەوتی ٦ی نیسانی ١٨٩٦ یەکەم خولی ئۆڵۆمپی دەستیپێکردو ماوەی ١٠ ڕۆژی خایاند، ھەروەھا لیژنەی ئۆڵۆمپی بۆ بەڕێوەبردنی یەکەم خولی ئۆڵۆمپی پەنایان بردە بەر کۆکردنەوەی کۆمەک و ھاوکاری بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکان، دواتریش دەستوورێک دانرا بە ناوی دەستووری ئۆڵۆمپی و ھەموو خولێکی ئۆڵۆمپی لەسەر ئەو دەستوورەو بەپێی یاساکانی بەڕێوەدەچوو، بەم شێوەیە دوای ١٥٠٥ ساڵ دابڕان یەکەم خولی یارییەکانی ئۆڵۆمپیات لە ئەسینا و لەسەر دەستی فەرەنسییەک دەستی پێکردەوە.

ئۆڵۆمپییە کۆنەکان[دەستکاری]

یارییە ئۆلۆمپییەکان بە ناسراوترین خولی وەرزشی دادەنرێن لە مێژووی کۆندا. بۆیەیش بەم ناوەوە ناونراوە چونکە ناوی شارێکی یۆنانیە، کە پێشتر پەرستگا بوو. لە ساڵی ٧٧٦پ. ز سەری ھەڵداوە، ھەرچوار ساڵ جارێک لەسەر شەرەفی (زۆس)ی خواوەندی گەورەی یۆنانییەکان و خێزانەکەی (ھیرا) سازئەکرا، و حەوت ڕۆژی دەخایاند. یارییە ئۆڵۆمپییەکان تەنھا وەرزشێک نییە، بەڵکو مانا و سیمایێکی ئایینی و نیشتیمانی ھەیە. مەزەندە دەکرێ کە ھەرقەل شەش وەرزشی داھێنابێ. لەسەدەی پێنجەمی پێش زایین، ژمارەی یاری و پێشبرکێکان گەیشتە ١٣ یاری، ١٠ یاری بۆ پیاوان، ئەوانی تریش بۆ منداڵان، دە یارییەکەش ئەمانە بوون: چوار پێشبڕکێی جۆراوجۆر لە ڕووی دوژمن، زۆرانبازی ئازاد، بۆکسێن، زۆرانبازی یۆنانی، پێشبڕکێی ئەسپ سواری، پێشبڕکێی گالیسکە، پێنج گۆشەکی. یارییەکانی منداڵانیش بریتی بوون لەمانە: دوژمن، زۆرانبازی، بۆکسێن، تۆپی پێ، تۆپی دەست، تۆپی بالە، کە ھەموویان یاری ئۆلۆمپی بوون.

ئاڵای ئۆڵمپیک

ھەڵبژاردە براوەکان[دەستکاری]

لە ئۆڵەپیادا سێ مەدالیا دەدرێت براوەکان ئەوانیش زێڕ و زیو و بڕۆنز لەخوارە باشترین لەو وڵاتانەی کە ئەنجامی بەرچاویان بەدەست ھێناوە لە ئۆڵەمپیاد ئەم ڕیزبەندە بەر لە ئۆڵەمپیادی لەندەنی ساڵی ٢٠١٢ دانراوە

ناوی وڵات زێڕ زیو بڕۆنز کۆی گشتی
ئەمریکا ٩٣٠ ٧٣٠ ٦٣٨ ٢٢٩٨
یەکێتی سۆڤیەتی کۆن ٣٩٥ ٣١٩ ٢٩٦ ١٠١٠
ئیتاڵیا ١٩٠ ١٥٨ ١٧٤ ٥٢٢
ئەڵمانیا ١٦٣ ١٦٣ ٢٠٣ ٥٢٩
فەڕەنسا ١٩١ ٢١٢ ٢٣٣ ٦٣٦
بەڕیتانیا ٢٠٧ ٢٥٥ ٢٥٣ ٧١٥
ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات ١٥٣ ١٢٩ ١٢٧ ٤٠٩
سوید ١٤٢ ١٦٠ ١٧٣ ٤٧٥
چین ١٦٣ ١١٧ ١٠٦ ٣٨٦
ھەنگاریا ١٥٩ ١٤١ ١٥٩ ٤٥٩

سەرچاوەکان[دەستکاری]