ھیپۆتێز

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

ھیپۆتێز یان گریمانە ڕوونکردنەوەیەکی ڕانراوە لەبارەی دیاردەیەکەوە. میتۆدی زانستی دەڵێت بۆ ئەوە ھیپۆتێزێک «زانستی» لە قەڵەم بدرێت، دەبێ شیاوی تاقیکردنەوە بێت. ھەر تێڕوانینێک کە تیۆریگەلی زانستیی لەبەردەست دەرەقەتی ڕوونکردنەوەی نەیێن، دەتوانێ ببێ بە بناخەیەک بۆ داڕشتنی ھیپۆتێزی نوێ. گەرچی وشەکانی ھیپۆتێز و تیۆری ئەغڵەب لە جێی یەکتر بە کار دەبرێن، بەڵام لە ڕووی زانستییەوە لێک جیاوازن.

وشەی hypothesis لە وشەی یۆنانیی ὑποτιθέναι -ەوە گیراوە و بە مانای «لە ژێردا دانان» یان «وادانان» دێت.[١]

لە توێژینەوەی زانستیدا[دەستکاری]

ئەمڕۆکە، ھیپۆتێز زیاتر لە توێژینەوەی زانستیدا بە کار دەڕوا. لەوێدا ھیپۆتێز شەرحێکی وابۆڕۆیشتووی گۆترەبڕ بەڵام بەپاساوە کە پەیوەندیی نێوان دوو یان چەن تێگەھ یان گۆڕەک ڕوون دەکاتەوە. لە باری زمانییەوە، ئەم پەیوەندییە بە شێوەی حوکم و خەبەر (نەک پرسیار یا فەرمان) دەردەبڕدرێ و، دەتوانێ بە ساغ دەربچێ یان پووچەڵ بێتەوە. بە واتایەکی تر، ھیپۆتێز دەربڕینی پەیوەندیی نێوان دوو یا چەند گۆڕەکە کە توێژەر ھیوادارە لە ڕێگەی توێژینەوەکەیەوە بیسەلمێنێ. گرنگیی ھیپۆتێز لەوەدایە کە خاڵی دەسپێکە بۆ ھەموو توێژینەوەیەکی زانستی و، لە کۆتاییدا یان وەردەگیردرێ یان ڕەت دەکرێتەوە. ھیپۆتێز وەڵامێکی ھێشتا نەبڕاوەیە بەو پرسە کە توێژینەوەی لەسەر دەکرێ و، تەنیا دوای تاقیکردنەوەیە کە لەوانەیە پەسەند بکرێ. کاتێ توێژەر ھیپۆتێزێک پێشنیار دەکا، نازانێ ھیپۆتێزەکەی پەسەند دەکرێ یان ڕەت دەبێتەوە. ھیپۆتێز دروست دەبێ و پاشان تاقی دەکرێتەوە. ئەگەر وەرگیرا، لە دەقی مەعریفەتی زانستیدا جێی خۆیی پێ دەدرێ و، ئەگەر درا بە دواوە، ھیپۆتێزێکی تر دەخرێتە بەر باس.[٢][٣]

جیاوازیی نێوان ھیپۆتێز و تیۆری و قانوون لە زانستدا[دەستکاری]

زۆر کەس وا دەزانن کە ئەگەر زانایان بەڵگەی ڕوون بۆ پشتیوانی لە ھیپۆتێزێک بدۆزنەوە، ئەو ھیپۆتێزە پلەی دەچێتە سەر و دەبێ بە تیۆری و، ئەگەر تیۆرییەکە بە ڕاست دەرچوو، پلەی دەچێتە سەر و دەبێ بە قانوون. بەڵام وا نییە. فاکت و تیۆری و قانوون و ھیپۆتێز، بەشگەلی سەرەکی و جیاجیای میتۆدی زانستین. گەرچی بەرەبەرە گۆڕانیان بەسەرا دێ، بەڵام پلەیان ناچێتە سەر و نابنە شتێکی تر. وەکوو ھەرمێ و نارنج و سێو و لێمۆ وان، ھەرچییەک ئاو و پەیینیشیان پێ بدەی، یەکیان نابێتە ئەوی تر.

ھیپۆتێز ڕوونکردنەوەیەکی شیاوی وەدیھاتنە لە بابەت دیاردەیەکی بەرتەسکەوە؛ ڕاڤەیەکە کە دەکرێ بێتە کایەوە. تیۆریی زانستی ڕاڤەیەکە کە بەقووڵی ڕیزێکی بەربڵاو لە دیاردەکان ڕوون دەکاتەوە. قانوونیش وتەیەکە لەبارەی دیاردەیەکی بەدیکراوەوە.

ھەرچەند کە ھەم قانوون و ھەم تیۆری بە گەلێک بەڵگەی ئەزموونیی ڕوون و ئاشکراوە کە جێی پەسەندی زۆربەی زانایانن پاڵپشتی دەکرێن، بەڵام ھەر یەکێ نین. قانوون وەسفێکە - زۆرتر بە زمانی ماتماتیک - لە دیاردەیەکی سروشتی، وەک قانوونی گرانیی نیوتن. قانوون وەسفی دیاردەکەیە و کاری بەوەوە نییە کە بۆچی وایە.[٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "hypothesis | Etymology, origin and meaning of hypothesis by etymonline". www.etymonline.com. Retrieved 2022-07-23.
  2. ^ "فرضیه چیست؟". دوره آموزشی لیزرل و ایموس و اس پی اس اس | پایان نامه و مقاله (بە فارسی). 2015-10-11. Retrieved 2022-07-23.
  3. ^ "hypothesis | Definition & Examples | Britannica". www.britannica.com. Retrieved 2022-07-23.
  4. ^ Bradford, Alina; published, Ashley Hamer (2022-01-17). "What Is a Law in Science?". livescience.com. Retrieved 2022-07-24.