کێڤین کارتەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کێڤین کارتەر

کێڤین کارتەر ڕۆژنامەنووس و وێنەگرێکی بەناوبانگ و لەدایکبووی ئەفریقای باشوور بوو و خەڵاتی پولیتزەر وەرگرتووە.

ژیان[دەستکاری]

کێڤین کارتەر لە ١٣ سپتەمبەری ساڵی ١٩٦٠ لە جۆھانسبێرگ لە ئەفریقای باشوور لەدایک بووە، لەگەڕێکی تایبەت بەسپی پێستەکان ژیانی منداڵی بەسەربردووە و زۆرجار بەچاوی خۆی پۆلیسی بینیوە ڕەشپێستەکانی ئەو ناوچانەیان دەستگیرکردووە، ھەر بۆیە لەدایک و باوکی دەپرسی ئێوەی سپی پێست بۆچی دەستەوسان دەوەستن بەرامبەر بەم ستەمەی دژ بە ڕەشپێستەکان دەکرێت.

دوای ئەوەی کارتەر قۆناغی ناوەندی توواوکردووە و لەزانکۆ بەشی دەرمانسازی خوێندووە، بۆ ماوەی ٤ ساڵ خزمەتی سەربازیان کردووە، ساڵی ١٩٨٠ لەھۆڵی چێشتخانەیەکدا داکۆکی لە ڕشپێستێک کردووە کە ڕوبەڕوی سوکایەتی پێکردن بۆتەوە، ھەر لەبەر ئەم ھەڵوێستەی ڕوبەڕوی لێدانێکی زۆر توند بۆتەوە، لەدوای ساڵی ١٩٨٣ وە برشیاریداوە ببێت بە ڕۆژنامەنووسێکی وێنەگر.

کێڤین کارتەر لە ساڵی ١٩٨٣ وەکو وێنەگری ھەفتانەی ڕۆژنامە وەرزشیەکان کاری کردووە، ساڵی ١٩٨٤ لە ڕۆژنامەی جۆھانسبێرگ ستار کاری کردووە و سووربووە لەسەر ریسواکردنی چەوساندنەوەی مرۆڤ و جیاکردنەوەی رەگەزپەرستی (ئەپارتاید)، یەکەم کەس بووە کە لە ناوەڕاستی ھەشتاکاندا لە باشووری ئەفریقا وێنەی سزای کوشتن بەشێوازی سووتاندن جەستە بگرێت، قوربانێکەش یەکێک بووە بەناوی ماکی سکوزانا و بەپەیوەندی کردن لەگەڵ ژنی یەکێک لەئەفسەرانی پۆلیس تۆمەتبار کرابوو، دوای ئەوەی وێنەی ئەم شێوازە لەسێدارەدانەی گرتووە ڕایگەیاندووە «ئەوەی کردیان تۆقێنەربوو، ئەوەی منیش کردم ھەر تۆقێنەربوو، بەڵام دوای ئەوە خەڵکی باسی ئەو وێنانەی منیان دەکرد بۆیە واھەستم کرد ئەوەی کردوومە شتێکی خراپ نەبووە».

لە مانگی مارسی ساڵی ١٩٩٣ کێڤین کارتەر گەشتێکی بۆ سودان کردووە، کاتێک کە گەیشتۆتە گوندی ئەیۆد گۆیی لە کروزانەوەی منداڵێکی بچوکی بەدخۆراک بووە، کە بەچنگۆڵە دەڕۆشت بۆ ناوەندی دابەشکردنی خۆراک، کاتێک کە منداڵەکە ماندوو بووە و ڕاوەستاوە کامێراکەی دەرکردووە وێنەی بگرێت لەو کاتەدا داڵاشێک لەتەنیشت منداڵەکەوە نیشتۆتەوە بەو نیازەی منداڵەکە لەبرسا بمرێت و ئەمیش بیخوات، کارتەر دەڵێت: بۆ ماوەی ٢٠ خولەک چاوەڕێم کرد تاکوو بزانم داڵاشەکە چی بەسەر منداڵەکە دەھێنێت بەڵام دوای ئەوە بڕیارمدا کە وێنەکە بگرم و پاشان داڵاشەکەم دوور خستەوە لە منداڵەکە، کارتەر لەسەر ئەم ڕوداوە زۆر سەرزەنشت کرا لەسەر ئەوەی کە بۆ چی وێنەی گرتووە و یارمەتی ئەم منداڵە بچووکەی نەداوە.

ئەم وێنەیە بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز فرۆشرا و بۆ یەکەمجار لە ٢٦ی مارسی ١٩٩٣ دا بڵاوکرایەوە. ھەر لەو شەوەدا سەدان کەس پەیوەندیان بە سەرنووسەری رۆژنامەکەوە کرد بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ منداڵەکە ڕزگاری بووە یان مردووە، کە ئەوەش وای لە سەر نووسەری رۆژنامەکە کرد کە ئاگاداریەکی تایبەت لەسەر رۆژنامەکە دەربکات و بنوسێت «منداڵە بچوکەکە توانیویەتی بڕوات و دوور بکەوێتەوە لە داڵاشەکە بەڵام چارەنووسی کۆتایی منداڵەکە ھێشتا نادیارە».

لە ٢ی مانگی چواری ساڵی ١٩٩٤ کێڤین کارتەر پەیوەندیەکی تەلەفۆنی پێگەیشت لە سەرنووسەری ئەو کاتەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە ناوی نانسی بۆرسکی بوو، خاتوو بۆرسکی بە کارتەری ڕاگەیاند کە وێنەکەی بەناوبانگترین خەڵاتی بەدەست ھێناوە لە بواری وێنەی رۆژنامەوانیدا ئەویش خەڵاتی پولیتزەر بۆ وێنە بوو. ئەوەبوو لە ڕێکەوتی ٢٣ی مانگی ٥ی ساڵی ١٩٩٤دا لەنووسینگەی «لۆو میمۆریاڵ» لە زانکۆی کۆڵۆمبیا خەڵاتەکەی پێ بەخشرا.

لە ڕێکەوتی ٢٧ی مانگی تەمووزی ساڵی ١٩٩٤دا کێڤین کارتەر سەیارەکەی بەرەو ڕووباری برامفونتاینسبروی برد کە ڕووبارێکی نزیکە دەکەوێتە دەوروبەری بەشی باکوری شاری جوھانسبێرگ کە پایتەختی وڵاتی باشووری ئەفریقایە. لەو شوێنەدا کارتەر زۆربەی ژیانی منداڵی بەسەربردبوو ھەر لەو شوێنەدا دوای ئەوەی کە بۆڕی گزۆزی دووکەڵی سەیارەکەی بەدەستی خۆی دەباتە ناو سەیارەکەیەوە بەھۆی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە خۆی کوشت و لەدوای خۆی نامەیەکی بە جێ ھشتبوو بۆ کەس و کار و ھاوڕێکانی و تێیدا نووسیویەی:

«من زۆر خەمبار و ڕەشبینم... بەبێ تەلەفون.. بەبێ پارەی کرێی خانوو... بەبێ پارە بۆ قەرز... بەبێ پارە... من لە لایەن یادەوەریە زیندووەکانی پڕۆسەی کوشتن و تەرم و تووڕەبوون و ئازار ڕاوودوودەنرێم، ڕاوودوودەنرێم لە لایەن منداڵە بریندارەکان و ئەو منداڵانەی لەپرسا دەناڵێنن... لە لایەن ئەو شێتانەی ھۆگری تەقەکردنن... لەلایەن پۆلیس و جەلادەکانەوە»

ھەندێک لە دۆستە نزیکەکانی دەڵێن کە گوایە کارتەر لە ژێر کاریگەری ئەم وێنەیەی کە بەدەستی خۆی گرتبووی خۆی کووشتووە چونکە ھەر دوای بڵاوکردنەوەی وێنەکە باری دەروونی زۆر تێکچووە.