ئۆگست کۆنت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
ئۆگست کۆنت

(ئیزادۆر ئوگست ماری فرانسۆ گزاویە کۆنت، بە فەرەنسی: Auguste Comte) لە ساڵی ١٧٩٨ لە شاری مونپیلیە لە باشووری وڵاتی فەڕەنسا لە خیزانێکی کاسۆلیکی ئیماندار لە دایک بووە. لە سەردەمیکدا کە بارودۆخیکی دژوار و ناسەقامگیر باڵی بەسەر ولاتدا کێشا بوو. شۆرشی فەرەنسی لە ھەڵگیرساندا بوو. باوکی (کۆنت) فەرمانبەرێکی حکومی بوو لە وەزارەتی دارایی کاری دەکرد و یەکێک بوو لەو کەسانەی کە دژی شۆرشی فەرەنسی بوو. دایکیشی ئافرەتێکی ئیمانداری کاسۆلیکی بوو کە ژیانی خۆی تەرخان کردبوو لەپێناو خزمەتکردنی خێزانەکەیدا. لە تەمەنی لاویەتیدا دوو رووداوی گرنگ لە ژیانی کونتدا بەرجستە دەبێت یەکەم رووداوی گرنگ لە تەمەنی (١٦) ساڵیدا بوو کاتێک پەیوەندی کرد بە قوتابخانەی (پۆلی تەکنیک)ەوە کە یەکێک بوو لە قوتابخانە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە، بەتایبەت لە زانستەکانی وەک (بیرکاری، فیزیا، کیمیا، بایۆلۆجی)، بەڵام ئەم قوتابحانەیە گرنگی ئەوتۆی نەدەدا بە زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان کە خولیای کۆنت بوو، بەڵام ئەمە نەبووە رێگر لەبەردەم کونتدا بەلکو بە پێچەوانەوە لە ماوەیەکی کورتدا توانی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا و یەکیک بوو لە خوێندکارە لێھاتووەکانی ھەمان قوتابخانە. ئەو دەیویست نەک ھەر ئەوەی کە قوتابخانە تەواو بکات بەڵکو دەیویست دوای تەواوکردنی خوێندن لە ھەمان قوتابخانە وانە بڵیتەوە، بەڵام بەھوی بەشداری کردنی کونت لە خۆپیشاندانێکی خوێندکارانی ئەو قوتابخانەیە کە لە ساڵی (١٨١٦)دا رووی دا چیدی کۆنت نەیتوانی بەردەوام بێت لە خویندن لەو قوتابخانەیدا بەھۆی ئەوەی کە کۆنت لەگەڵ ھەندی لە ھاوڕێیانیدا لە خوێندن بێبەش کران, مافی خوێندنیان لەو قوتابخانەیەدا نەما. دووھەمین رووداوی گرنگ لە ژیانی ئوگست کونت لە ھاوینی (١٨١٧) رووی دا کاتێک ئاشنایی پەیدا کرد لەگەڵ یەکێک لە زانا و فەیلەسوفەکانی ئەو سەردەمەدا کە ئەویش (کلود ئەنری سان سیمۆن) بوو، ھەرچەندە (سان سیمۆن) سەر بە ئەرەستۆکراتییە فەرەنسییەکان بوو، بەڵام لە میانی شۆرشی فەرەنسیدا بووە یەکێک لە ئیشتراکییە نموونەییە ناوبانگەکان، ئەو کاتەی (کۆنت) ئاشنایی پەیدا کرد لەگەڵ (سان سیمۆن)دا تەمەنی (سان سیمۆن) لە سەرووی (٦٠) ساڵییەوە بوو، یەکیک بوو لەو بیریارانەی کە چاوەڕوانی لێدەکرا دەستێکی باڵای ھەبێت لە چاکسازیکردن و رێکخستن و چارەسەرکردنی بەشێکی زۆری کێشەکانی ئەو سەردەمەدا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەم مامۆستا و سکرتێرە رۆژ بە رۆژ بەھێزتر دەبوو بەتایبەت لە بواری زانستیدا بە رادەیەک کە زۆر ئەستەمە کارەکانیان لە یەک جیا بکەینەوە ئەمەش لە کارە ھاوبەشەکەیاندا دەردەکەوێت بە ناوی (پلانی پڕۆسە زانستییە پێویستەکانی دووبارە رێکخستنەوەی کۆمەڵگا). خاڵی سەرەکی سەنتەری کاریان بریتیی بوولە یەکخستنەوەی سیاسەت و فیزیای کۆمەڵایەتی، بە واتایەکی دیکە سیاسەت ببێت بە فیزیای کۆمەڵایەتی کە لقێکە لە لقەکانی فیزیۆلۆژیا، بەڵام لە ساڵی(١٨٢٤) پەیوەندییەکانی نێوان ئەم مامۆستا و شاگردە بەرەو نەمان رۆشت تا گەیشتە رادەی ھێرش کردنە ‌سەر یەکتر و یەکتر تۆمەتبارکردن. (کۆنت) ھەوڵی دەدا کە خۆی دەرباز بکات و نەکەوێتە ژێر کاریگەری ھزرەکانی مامۆستاکەیەوە، بەڵکۆ بتوانێ‌ ھزرێکی تایبەت بە خۆی بونیاد بنێت، لەو قۆناغەدا(سان سیمۆن) جەختی دەکردەوە لە سەر چاکسازی لە رێی پیاوانی خاوەن سامان و پیشەوەرانەوە، لەکاتیکدا (کۆنت) پەرەسەندنی کاری تێۆری پرینسیپە زانستییەکانی بەلاوە گرنگ بوو، بە بنەمای سەرەکی ریفۆرمی راستەقینەی دادەنا، ھەروەھا (کۆنت) ھاتنە ‌کایەی زانستێکی نۆی بەناوی (فیزیای کۆمەڵایەتی) بە پێویست دەزانی. پاش پچڕانی پەیوەندییان (کۆنت) لە بارودۆخێکی دارایی و گوزەرانێکی خراپدا دەژیا و لەسەر فێرکردنی بابەتی ماتماتیک دەژیا. لە ساڵی(١٨٣٠-١٨٤٢) کۆنت دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی وتار و نووسینەکانی، لێکۆلینەوەی ھێندە قووڵ و بەرفراوان بوون کە ژمارەیەکی زۆر لە بیرمەندانی ئەو سەردەمە ئامادەی کۆرەکانی دەبوون ھەر لەو قۆناغەدا بوو کە وانەی فەلسەفەی پۆزتیفیزمی دەوتەوە، بەڵام پاش ماوەیەک لە وتنەوەی وانەکاندا (کۆنت) تووشی نەخۆشی دەرونی بوو تا وای لێھات گەشتە ئەو رادەی کە ھەوڵی خوکوشتنی دا بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. تا لەکۆتاییدا نەخۆشی تەنگی بە کۆنت ھەڵچنی و لە سالی(١٨٥٧) لە تەمەنی (٥٩) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.. ئەو بیرمەندانەی کە کاریگەرییان ھەبوو لە سەر کۆنت بریتیی بوون لە: (فرانسیس بیکن، گالیلۆ، تۆماس ھۆبز، مۆنتسکیۆ، کانت، سان سیمۆن، ئادەم سمس، دیوید ھیوم، ھیگل).

گرنگترین بەرھەمەکانی ئۆگست کۆنت :

- چەند وانەیەک لە سەر فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم لە پەرتوکیکی شەش بەرگیدا لە (١٨٣٠-١٨٤٢) بلاوی کردەوە.

- رێچکەیەک لە سیاسەتی پۆزەتیڤیزم لە چوار بەرگ پێکھاتووە کە تێیدا تێۆرەکانی کۆمەڵناسی پراکتیزەکردبوو، لە ساڵی (١٨٥١- ١٨٥٤).

- تێڕوانینەکانی دەربارەی دەوڵەت و کۆمەڵگا کە لە دوو بەرگدا بلاوی کردووەتەوە.

- تەندروستی عەقلی.

- نامەی فەلسەفەی کۆمەڵایەتی.[دەستکاری]

- گوتارێک دەربارەی رۆحی پۆزەتیفیزم.

ئوگست کۆنت و یاسای سێ‌ قۆناغەکە : ئوگست کۆنت لە زۆر بواری جیاواز بیروبۆچوونەکانی خۆی خستووەتەڕوو یەکیک لەو تەوەرانەی کە باسی لێوە کردووە و لە دونیای فیکردا ناوبانگی پێ دەرکردووە باس کردنە لەو یاسا و قۆناغانەی کە مێژووی کۆمەڵگاکان و مرۆڤایەتی پێدا تێپەڕبووە.

ئوگست کۆنت لە ماوەی ساڵانی (١٨٣٠- ١٨٤٢) بەرھەمی لێکۆلینەوەی چەندین ساڵەی خۆی لەژێر ناوی (فەلسەفەی پۆزەتیڤیزمدا) بڵاوکردەوە. ئەو لەو کتێبەدا سەرجەم بۆچوونە فەلسەفی و کۆمەڵناسییەکانی خۆی لەبارەی رەوتی مێژووی مەعریفە و زانینە مرۆڤییەکانی خستەڕوو، ئەو لەو کتێبەدا ئاماژەی بەوە ‌کرد کە ھزری مرۆڤایەتی بە سێ‌ قۆناغدا تێپەڕی کردووە کە ئەمانەن:

1-قۆناغی لاھوتی (ئایینی) Theological Stage

لە تێڕوانینی (کونت)دا قۆناغی لاھوتی یەکەمین قۆناغە کە ھزری مرۆڤایەتی بە خۆیەوە دیویەتی. مرۆڤایەتی لە سەرەتادا بەم قوناغە مێژوویدا گوزەری کردووە و پاشان چەندین قۆناغی دیکەی گوزەراندووە و تاوەکو گەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئەمرۆ. ئەم قۆناغە پێش ساڵی(١٣٠٠ م) سەری ھەڵداوە و بە کۆمەڵێک خسڵەت لە قۆناغەکانی دواتر جیا دەکرێتەوە، یەکێک لەو خسلەتانە پشت بەستنی مرۆڤە بە پرێنسیپی ئایینی بۆ شرۆڤەکردنی جیھانە کۆمەڵایەتییەکە و دیاردە کۆمەڵایەتیەەکان، واتە ئایین دەستی گرتبوو بەسەر سەرجەم لایەنەکانی ژیانی مرۆڤایەتیدا و ھەموو شتەکانیان دەبەستەوە بە ئایینەوە و خوێندنەوەی ئایینیان بۆ دەکرد، تەنانەت ئایین زاڵ بووبوو بەسەر راڤەکاری سروشتی و کۆمەڵایەتی و رۆحییەکاندا، لەم قۆناغەدا عەقڵی مرۆڤەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان ون بووبوو، یاخود کاریان پێ نەدەکرد، ھەموو شتەکانیان دەگێڕایەوە بۆ (ھێزە سروشتییەکان و ویستی خودا)، ئەفسانە و خورافیات (غەیب) رۆڵێکی بەرچاوی دەگێرا لە ژیانی ئەو سەردەمەدا و باڵادەستی خۆی سەلماندبوو لە ‌بەرامبەر عەقڵی مرۆڤدا، سۆز و ھەڵچوونەکان کونترۆڵی ھزری مروڤیان کردبوو تا گەیشتبووە ئەو رادەیەی کە مرۆڤەکان ھەست بە لاوازی و بێئیرادەیی خۆیان بکەن لە بەرامبەر ئەو شتانەی کە دێنە سەر رێگای ژیانیان. خسڵەتێکیتری ئەم قوناغە ئەوەبوو کە وا مرۆڤەکان ھەوڵیان دەدا ھۆکارەکانی سەرەتا و ئاکام و مەبەستەکانی ئاخیرەت لێک بدەنەوە. بە شێوەیەکی گشتی ئەم قۆناغەش دابەش دەکرێت بۆ سێ‌ بەش یا خود سێ‌ قۆناغی دیکە کە ئەوانیش:

- بتپەرەستی : کە کۆنت پێوابوو مرۆڤ لەم قوناغەدا سەرجەم ئەو گرفت و کێشانەی کە لە چوارچێوەی ژیانیدا روو دەدەن بە بێ‌ بیرکرنەوە قبوڵی دەکات.

- فرە خودایی (تعددیە) لەم قوناغەدا مرۆڤ پێویستی بە روون کردنەوە و بیرکردنەوە زیاتر بوو بۆ تێگەیشتن.

- تاک خودایی (توحیدیە) کۆتا قۆناغی لاھوتی (ئایینی)یە کە لە سەرەتای دەرکەوتنی ئایینی مەسیحەوە دەست پێدەکات تاوەکو ئایینی ئیسلام.

2- قۆناغی میتافیزیک (واوەسروشت Metaphysical or Abstract Stage )

دووھەمین قۆناغە لە قۆناغەکانی مێژووی ھزری مرۆڤایەتی دەکەوێتە نێوان ھەردوو قۆناغی لاھوتی (ئایینی) لەگەڵ قۆناغی زانستی. لە سالی (١٣٠٠) دەست پێدەکات و لە ساڵی (١٨٠٠) کۆتایی پێدێت پێی دەوتریت قۆناغی (بەرزەخ) واتە ئەو قۆناغەی کە لە دوای لاھوتییەوە دەست پێدەکات و بە ‌ھاتنی (زانستی) کۆتایی پێدێت. لەم قۆناغەدا ھزری مرۆڤایەتی پلەیەک پێشکەوت و عەقڵی مرۆڤەکان ھاتە ‌سەر خەت، بەڵام نەیتوانی تەفسیری دیاردەکانی پێ بکات. (کۆنت) گرنگی کەمتری دەدا بەم قۆناغە بە ‌بەراوردکردن لەگەڵ قۆناغەکانی دیکە، ئەو پێی وابوو ئەم قۆناغە تەنھا پردێکە بۆ تێپەربوون و گواستنەوە لە قۆناغی (لاھوتییەوە) بۆ قۆناغی(زانستی) بە واتایەکیتر ئەو قۆناغەیە کە خۆری (قۆناغی لاھوتی) بەرەو ئاوابوون برد خۆری (قۆناغی زانستی) درەوشاندەوە.

3- قۆناغی زانستی (پۆزەتیفیزمPositive Stage )

ئەم قۆناغە کۆتا قۆناغی یاساکەی (کۆنت)ە کە مێژووی سەرھەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی(١٨٠٠) راستەوخۆ دوای قۆناغی (میتافیزیک) دەست پێدەکات، ئەو لەو باوەڕەدا بوو کە ئەم قۆناغە دوا قۆناغە کە ھزری مروڤایەتی پێدا تیپەڕ دەکات، دوا قۆناغەی گەشەی عەقڵی مرۆڤە. عەقڵی مرۆڤ لەم قۆناغەدا دەگاتە بەرزترین ئاستی گەشە و پێشکەوتن، ئەو لەو باوەڕدا بوو کە ھزری مرۆڤ لەو دوو قۆناغەی پێشوودا حاڵەتێکی وەھمی و خەیالاوی ھەبووە، بەڵام لەم قۆناغەدا گەیشتووەتە حاڵەتی زانستی و پشتیان پێ بەستووە لە ‌کاتی شیکردنەوەی دیاردە کۆمەڵایتییەکاندا، جێگای سروشت و خورافاتی گرتووەتەوە... کەواتە یاسای سێ‌ قۆناغە لە ھزری (کۆنت)دا ئەوە دەگەینێت کە ھەر بوارێک لە بوارەکانی مەعریفە لە کاتی پەرەسەندن و گەشەکردندا بەو سێ‌ قۆناغەدا تێپەڕیووە؛ واتە یاسای سێ‌ قۆناغە شتێکی حەتمییە و ھەر دەبێت روو بدات.

ئۆگست کۆنت و پۆلێنکردنی زانستەکان:

یەکێکیتر لەو بوارانەی کە ‌(کۆنت) قسەی لە سەر کردووە، باس کردنە لە زانستەکان و شێوازی پۆلێن کردنیان و چونیەتی دابەش کردنیان، ئەو زانستەکان دابەش دەکات بۆ دوو جۆری سەرەکی:

یەکەم: زانستە وەسفییەکان: ئەم جۆریان ھەموو ئەو زانستانە دەگرێتەوە کە ھەڵدەستن بە وەسفکردنی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان.

دووەم: زانستە موجەڕەدەکان: ئەمەش سەرجەم ئەو زانستانە دەگرێتەوە کە ھەڵدەستن بە دۆزینەوەی یاسا سروشتییەکان و دیاریکردنی بوونی دیاردەکان و بەردەوام بوونیان.

بەکورتی دەتوانین بڵێین گرنگترین ئەو زانستانەی کە (ئۆگست کۆنت) بایەخی پێداون و وەک زانستێکی سەربەخۆ سەیری کردوون بریتین لەم زانستانەی خوارەوە:

یەکەم: بیرکاری Mathematics

دووەم: ئەستێرە ناسی Astronomy

سێھەم: فیزیا Physics

چوارەم: کیمیا Chemistry

پێنجەم: زیندەوەرزانی Biology

شەشەم: کۆمەڵناسی Sociology

ئۆگست کۆنت و زانستی کۆمەڵناسی:

ھەرچەندە (ئۆگست کۆنت) نازناوی باوکی زانستی کۆمەڵناسی وەرگرت و بووە داھێنەری زانستی کۆمەڵناسی، بەڵام تاوانێکی زانستی گەورەیە گەر بڵێین کۆمەڵناسی لەو ساتەوەختەوە سەری ھەڵداوە کە (کۆنت) ناوی لێنا، چونکە بەم وتەیەمان لە لایەکەوە مێژووی کۆمەڵناسی کورت دەکەینەوە،‌ لە ‌لایەکی دیکەوە ناحەقییەکی ئاشکرا ئەنجام دەدەین بەرامبەر ئەو زانا و فەیلەسوفانەی کە لەسەر کۆمەڵگا بۆچوونیان ھەبووە و نووسیویانە و بەم کارەشیان خزمەتێکی بەرچاویان بە زانستەکە کردووە، ئێمە نابێت رۆڵی (ئەفلاتون، ئەرستۆ، ئیبن خەلدون، فارابی.. ھتد) لە بواری خزمەتکردن بە زانستی کۆمەڵناسی پشت گوێ بخەین.

کارەکانی ئەو کەڵەزانا و فەیلەسوفانە ھیچی لە کارەکانی کۆنت کەمتر نییە، بەڵام ئەوان نەیانتوانی وەک (کۆنت) بۆچوونەکانیان بخەنە ناو چوارچێوەی زانستێکەوە، بەڵام لە کۆتاییدا (کۆنت) بە لێھاتوویی و پسپۆری خۆی توانی سەرجەم بۆچوون و ھەوڵەکانی خۆی کۆ بکاتەوە و بیخاتە ناو چوارچێوەی زانستێکی نوێ و ناوی لێ بنیت (زانستی کۆمەڵناسی). بە ئەنجام دانی ئەم کارەی توانی تەواوی نازناوەکان بۆ خۆی کۆ بکاتەوە، تاگھەیشتە ئەو ڕادەیەی کە نازناوی(باوکی کۆمەڵناسی، داھێنەری کۆمەڵناسی) وەرگرت.

(کۆنت) حەزێکی زۆری بۆ لێکۆلینەوە و تێگەیشتن و سروشتی کێشەکانی کۆمەڵگا ھەبوو، بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕشی فەرەنسیدا، ھەمیشە ھەستی بە پێویستی چاکسازی کردن دەکرد لە نێو سیستەمەکانی ناو کۆمەڵگا، ئەم بیرۆکەشی زیاتر پەرەی سەند کاتێک بە تەواوی لەگەڵ مامۆستاکەی(سان سیمۆن) جیابوونەوە, ھەر لەم کاتەدا بوو کە ھەستی بە ھاتنە کایەی زانستێکی نوێ دەکرد تا دواجار لە ساڵی (١٨٣٩) زانستێکی نوێ‌ دامەزراند کە ناوی لێنا (فیزیای کۆمەڵایەتی) وا ناساندی کە زانستی شیکردنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکانە، بەڵام دوای ئەوەی (ئارۆلف کیتیلە) ئەم ناوەینا لە ھەندێک ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی خۆی، بۆیە کۆنت دەستبەجێ‌ لەو بۆچوونەی خۆی پاشگەزبوویەوە و زانستی (سۆسیۆلۆژیا، کۆمەڵناسی) ھێنایە ‌کایەوە، لەو باوەڕەشدا بوو کە زانستێکی گشتگیرە و سەرجەم بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگاکان دەگرێتەوە و زانستێکی ئاڵۆزە و ھەر بۆیە لە سەرووی لوتکەی ھەرەمەکەدا جێگیری کرد. لەو باوەڕەشدا بوو کە کۆمەڵناسی زانستێکە توانای ئەوەی ھەیە زانستەکانی وەک مێژوو، سیاسەت، ئابووری، لەخۆ بگرێت، (کۆنت) پێناسەی کردووە بۆ زانستی کۆمەڵناسی و دەڵیت (کۆمەڵناسی زانستێکە لێکۆلینەوە دەکات دەربارەی رەوتە فیکری و مەعنەوییەکانی مرۆڤ).

ھەروەھا کۆنت لە کتێبەکەیدا پێناسەیەکی دیکەش بۆ ئەم زانستە دەکات و دەڵێت: (بریتییە ‌لەو بابەتەی کە تایبەتە بە لێکۆلینەوەی گشت دیاردەکانی عەقڵی مرۆیی و ئەو کردارە مرۆییانەی دەبنە بەرئەنجامی ئەم عەقڵە)، بەڵام ئەم پێناسەیە ئەوە ناگەینیت کە کۆمەڵناسی تەنھا لێکۆلینەوە بێت لە عەقڵ، بەڵکۆ بایەخیش دەدات بە دەرئەنجامە کەڵەکەبووەکانی عەقڵ و مومارەسەکانی.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • عالیە فەرەج، تیۆرە کۆمەڵایتیتەکان،زنجیرە لیکچەرەکانی بەشی کۆمەڵناسی، زانکۆی سلیمانی، ٢١/ ١٠/ ٢٠٠٨
  • منوچھر محسنی، کۆمەڵناسی گشتی، و، موسلیح ئیروانی، بەرگی یەکەم، چاپ، دووەم، دەزگای ئاراس، ٢٠٠٧
  • ھاشم صالح، ئۆگست کونت و فەلسەفەی پۆزەتیفیزم، و: شوان ئەحمەد،گۆڤاری سەردەم، ز ٥٣، ٢٠٠٧