کۆماریخوازی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کۆماریخوازی (بە فەڕەنسی: Républicanisme) جۆرێکە لە حکوومەتی نوێنەرایەتی. ئایدۆلۆژیایەکی سیاسییە کە لەسەر بنەمای بیرۆکەی ھاووڵاتیبوون لە دەوڵەتێکی کۆماریدا دامەزراوە. لە ڕووی مێژووییەوە شێوە سیاسییەکانی لە فەرمانڕەوایەتی کەمینەیەکی نوێنەری یان پاوانخوازەوە تا سیستمی سەروەری جەماوەری جیاوازە. ئەم دەستەواژەیە چەندین پێناسە و لێکدانەوەی وەرگرتووە کە بەپێی دەقی مێژوویی و ڕێبازی شێوازناسی ھەمەجۆر و تەنانەت جیاوازیش بووە. ھەروەھا ڕەنگە کۆماریخوازی بە واتای ڕێبازێکی زانستی بێت کە لە سیاسەت و حوکمڕانیدا نا ئایدیۆلۆژی بێت، کە تیشک دەخاتە سەر جێبەجێکردنی ڕێبازە زانستییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی حوکمڕانی لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی بەرفراوان لە بەکارھێنانە سیاسییەکانی ڕابردوو و ئەزموونەکانی حوکمڕانی. ئەم شێوازە زانستییە دەگەڕێتەوە بۆ بیرمەندانی کۆماریخواز: نیکۆلۆ ماکیاڤێلی، جۆن ئادەمز، جەیمس مادیسۆن.

وشەی «کۆمار» لە (بە ئینگلیزی: Republic-ری پابلیک) لە وشەی لاتینی «ڕیس پۆبلیکا» وەرگیراوە بە واتای (بابەتی گشتی) دێت، و ئاماژەیە بۆ سیستمێکی حووکم کە لە سەدەی شەشەمی پێش زایین سەریھەڵداوە.

ئەم سیستمە کۆمارییە لە حکوومەتدا لە کۆتایی سەدەی یەکەمی پێش زایین لە ڕۆما داڕما و گۆڕەپانەکە بۆ پادشایەتی مایەوە، تەنانەت ئەگەر بە ڕوواڵەتیش ناوی شاھانەی ھەڵنەگرتبێت. سیستمی حوکمڕانی کۆماریی دوای ئەوە لە چەند وڵاتێکدا پەیڕەوکرا، لەوانە کۆماری فلۆرانس لە سەردەمی ڕێنێسانس و بەریتانیا لە سەردەمی کۆمۆنوێڵسی ئینگلیزدا. شێوەی حکوومەتی کۆماریخوازی لە داگیرگەکانی بەریتانیا لە ئەمریکای باکووردا زاڵ بوو، ئەمەش بووە ھۆی شۆڕشی ئەمریکا. لە ئەورووپادا شێوازی حکوومەتی کۆماریخوازی لە دوای شۆڕشی فەڕەنسا و دامەزراندنی یەکەمین کۆماری فەڕەنسا (١٧٩٢–١٨٠٤) ھاتەکایەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەشداربووانی ویکیپیدیا، «جمهوريانية»، ویکیپیدیای عەرەبی. سەردان لە ٣٠ی ٨ی ٢٠٢٣.