ڕینێسانس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە سەردەمی ڕێنێسانسەوە ڕەوانە کراوە)
پەیکەری داود لە ئاکامەکانی ھونەری سەردەمی ڕینێسانس

ڕێنێسانس بزاڤێکی فەرھەنگیی گرینگ و دەسپێکەری سەردەمێک لە شۆرشی زانستی و چاکسازیی ئایینی و پێشکەوتی ھونەری بوو لە ئەورووپادا. ڕێنێسانس ڕۆژگاری پەڕینەوەیە لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە بۆ سەردەمی نوێ. یەکەمجار، فەڕانسەیی‌یەکان زاراوەی ڕێنێسانس (واتە لەدایکبوونەوە) -یان لە سەدەی ١٦ھەمدا بەکار ھێنا. زیاتر سەرەتای ڕۆژگاری ڕێنێسانس دەگەڕێننەوە بۆ سەدەی چواردەھەم لە باکووری ئیتالیا. ئەم بزاڤە لە سەدەی پانزدەھەمدا باکووری ئەورووپاشی گرتەوە. ڕێنێسانس بارەوباربوونێکی ٣٠٠ ساڵەیە کە لە فلۆرانسەوە دەستی پێکرد و لە ئینگلیزدا گەیشتە کۆتایی.

ڕێنێسانس لە ساڵەکانی ١٣٠٠ لە ئیتالیا دەستی پێکرد و لە ماوەی ٣٠٠ ساڵدا لە سەرتاسەری ئەورووپا بڵاو بووەوە. بەدەگمەن لە ماوەیەکەی ئەوەندە کورت لە باری مێژویییەوە ڕووداوگەلی جۆراوجۆر ڕوو دەدەن، کەچی ئەم سێ سەدەیە پڕە لە گۆڕانی بناخەیی و چالاکیی گەورە. جیھانی ئەمڕۆ ئاکامی ئەو چەشنە چالاکییانەیە، چونکو ڕێنێسانس بناخەکانی ئابووری، سیاسی، ھونەری و زانستیی ژیارەکانی ئێستای ڕۆژاوای سەرلەنوێ داڕژاندەوە.

زانست و ھونەر پێشکەوتی گەورەیان لە ئیتالیای سەدەی پازدەھەم و شازدەھەم بەدی ھێنا. زانستیاران، ھۆنەران و فەیلەسووفانێک دەرکەوتن کە بە سەرۆگری لە کەلەپووری ڕەسەنی ڕۆم و یۆنان، بە چەشنێکی تازەتر سەیری جیھانیان دەکرد. وێنەکێشان کەوتنە کۆڵینەوەی لەشی مرۆڤ و بە شێوەیەکی ڕاستەقینخوازانە ئەندامەکانی لەشیان دەکێشا. فەرمانڕەواکان ماڵگەل و بەرھەمگەلی ھونەریی گەورەیان لە تالارسازان و ھونەرمەندان داخواز دەکرد. ئەم باوەڕە تازانە بەزوویی بە سەرانسەری ئەورووپادا بڵاو بووەوە.

سەردەمی ڕێنێسانس سەردەمی ئاوەزپەرستی (ڕاشیۆنالیزم)، بیرکاری، لۆژیک و مرۆڤپەروەری‌یە. لەو سەردەمەدا کڵێسە و بیرە ئایینییەکان بە لایەکەوە دەنرێن و وەکوو ڕۆم و یۆنانی کۆن پێشکەوتی زانستی دەبێتەوە جێگەی باس و گفتوگۆ. لەو سەردەمەدا گەلەک شتی نوێ داھێنران، بۆ نموونە، چاپ، جەمسەرنوێن، تەلەسکۆپ؛ ھەروەھا بەھۆی گەشەی دەریاوانییەوە، کیشوەری ئەمریکا دۆزرایەوە.