ڕیڤاڵدۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕیڤاڵدۆ
زانیاری کەسایەتی
ناوی تەواو ڕیڤاڵدۆ ڤیکتۆر بۆربا فێرێرا
ڕێکەوتی لەدایکبوون ١٩ی نیسان ی ١٩٧٢ (٤١ ساڵ)
شوێنی لەدایکبوون پاولێستا، بەڕازیل بەڕازیل
باڵا ١.٨٦ م
جێگای یاریکردن ناوەند
زانیاریی یانە
یانەی ئێستا پارتیزان پەلگراد
ئەزموونی پڕۆفیشناڵ*
ساڵەکان یانەکان یاری (گۆڵ)
١٩٩١-١٩٩٢ یانەی سانتا کروز ٤ (٦)
١٩٩٢-١٩٩٤ مۆگی میریم ٠ (٠)
١٩٩٣-١٩٩٤کۆرەنتیاس (خواستن) ١٩ (١١)
١٩٩٤-١٩٩٦ پاڵمێراس ٤٥ (٢١)
١٩٩٦-١٩٩٧ دیپەرتیڤۆ لاکەرۆنیا ٤١ (٢١)
١٩٩٧-٢٠٠٢ بەرشەلۆنا ١٥٧ (٨٦)
٢٠٠٢-٢٠٠٤ ئەی سی میلان ٢٢ (٥)
٢٠٠٤کرۆزیرۆ (خواستن) ١١ (٢)
٢٠٠٤-٢٠٠٧ ئۆڵمپیاکۆس ٧٠ (٣٦)
٢٠٠٧-٢٠٠٨ یەک ئەسینا ٢٩ (١٥)
٢٠٠٨-٢٠١٠ بونیدکتوار ٥٣ (٣٣)
٢٠١١-٢٠١٢ مۆگی میرەم ٠ (٠)
٢٠١١ساوپاولۆ (خواستن) ٣٠ (٥)
٢٠١٢-٢٠١٣ کاوبکرۆپ ٢١ (١١)
٢٠١٣ ساوکایتنۆ ١٧ (٢)
-٢٠١٤ مۆگی میرەم
سەرجەم ٥٠٩ (٢٥٤)
هەڵبژاردەی نیشتمانی
١٩٩٢-١٩٩٣ لاوانی بەڕازیل بۆ خوار ٢٠ساڵ ٩ (١)
١٩٩٦ لاوانی بەڕازیل بۆ خوار ٢٢ساڵ ٥ (٠)
١٩٩٣-٢٠٠٣ بەڕازیل ٧٤ (٣٤)
  • ئەزموونی پڕۆفیشناڵی تەنیا یاری و گۆڵەکانی خوولی ناوخۆ هەژمارکراوە..
† یاری (گۆڵ).

ڕیڤاڵدۆ لەباشترین یاری دروستکەرانە‌‌ لەمێژووی بەڕازیلدا،بەلێدانە بەھێز و جوڵە ھونەری و لێدانە ئەکرۆباتی و ھۆشمەندی و لێزانی لە لێدانە ڕاستەوخۆکاندا بەناوبانگبوو. لەخۆشەویسترین یاریزانانی بەڕازیل بووە بەلای ھاندەران و خەڵکی وڵاتەکەیەوە،بەھۆی ھەژاری و نەدارییەکەیەوە.

ژیانی منداڵی[دەستکاری]

ڤیتۆر بۆربا فێرێرا لەدایکبووی ١٩ی نیسان ی ١٩٧٢ لە ھەرێمی پێرنامبوکۆ لە شاری ساوپاولۆ،بە ڕیڤاڵدۆ ناسراوە،لەخێزانێکی ھەژار و کەمدەرامەت بووە،ڕیڤاڵدۆ دوو برای لەخۆی گەورەتر و دوو خوشکی لەخۆی بچووکتری ھەبوو،لەمنداڵیدا زۆرێک لە ددانەکانی کەوتوون بەھۆی خواردنی نەشیاو بۆ خواردن.ڕیڤاڵدۆ بەھۆی کەمدەرامەتی خێزانەکەیەوە بەڕۆژ لەکەناری دەریاچەی شارۆچکەکەیان(ڕیسیفی) دیاری جەژنەکان و یادگاری دەفرۆشت،بەشەو لەھەمان شوێندا لەگەڵ ھاوڕێکانیدا یاری تۆپی پێی دەکرد،باوکی زوو دەرکی بەتواناکانی ڕیڤاڵدۆ کردبوو،ڕۆژێک پێی وتبوو دەبیتە یاریزانێکی پیشەگەر.

ھەنگاونان بەرەو جیھانی پیشەگەری[دەستکاری]

ساڵی ١٩٨٩،ساڵێکی ناخۆش و لەھەمانکاتدا خۆش بوو بۆ ڕیڤاڵدۆ،لەسەرەتای ئەو ساڵەدا باوکی ڕیڤاڵدۆ،کە ڕۆمیڵدۆی ناوبوو بەکارەساتی ئۆتۆمبیل کۆچی دوای کرد،لەھەمان ساڵدا و لەتەمەنی ١٦ ساڵیدا یەکەم بۆندی پیشەگەری خۆی لەگەڵ یانەی پاولێستا مۆرکرد،بەڵام بەھۆی لاوازی بونیادی جەستەی،ڕاھێنەری یانەکە بڕوای بەتواناکانی نەبوو،بۆیە دوای ماوەیەک لەڕیزی یانەکە دەرکرا.لەساڵی ١٩٩١ چووە یانەی سانتاکروز و بەدەستپێکی ڕاستەقینەی پیشەگەری یاریزانەکە دادەنرێت،لەگەڵ ئەو یانەیەدا ٨ گۆڵی لە ١٨ یاریدا تۆمارکرد و چەندین گۆڵیشی بۆ ھاوڕێکانی دروستکرد.وەرزی دواتر چووە یانەی مۆجی میریم لەخولی یانە پلە دووەکان،لەگەڵ ئەو یانەیەدا ٩ گۆڵی لە ٢٧ یاریدا تۆمارکرد و ئەو ڕێژەیەش بۆ یاریزانێکی لاو بەرزە.لەساڵی ١٩٩٣ چووە یانەی کۆرنسیانز لەخولی یانە پلە یەکەکان و لەگەڵیاندا ١٧ گۆڵی لە ٤١ یاریدا تۆمارکرد. لەساڵی ١٩٩٤ چووە یانەی پاڵمێراسی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولەکە،یانەکە بۆ پارێزگاری کردن لەنازناوی خولەکە ڕیڤاڵدۆی ھێنابووە ڕیزەکانی،ڕیڤاڵدۆ ھۆکاری سەرەکی بەدەستھێنانەوەی نازناوەکەبوو بۆ جاری دووەم لەسەر یەک و لەماوەی دوو ساڵی یاریکردنیدا بۆ یانەکە زیاد لە ٥٥ گۆڵی بۆ تۆمارکردن(بەھۆی نەبوونی ئاماری ورد و دروست دەربارەی ژمارەی گۆڵەکانی بە سەروو ٥٥ دەخەمڵێنرێت).

چوونە ئەوروپا و گەیشتن بە لوتکەی ئاست و ناوبانگ[دەستکاری]

پێش دەستپێکردنی ئۆڵۆمپیادی ١٩٩٦،یانەی لازیۆ لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی ڕایگەیاند بۆندی لەگەڵ ڕیڤاڵدۆ و ئەماراڵی یاریزانی پاڵمێراس مۆرکردووە.بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دوای تەواوبوونی ئۆڵۆمپیادی ١٩٩٦ ڕیڤاڵدۆ لەبری لازیۆی ئیتاڵی،چووە دیپۆرتیڤۆ لاکرۆنیای ئیسپانی،ھەرچەندە ڕیڤاڵدۆ لەیەک وەرز زیاتر لەو یانەیە نەمایەوە،بەڵام وەرزێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ڕیڤاڵدۆ و یانەکە.ڕیڤاڵدۆ بەتۆمارکردنی ٢١ گۆڵ لەڕیزبەندی چوارەمی گۆڵکەرانی خولەکە ھات،ھەروەھا یانەکەی پلەی سێھەمی لەو وەرزەدا بەدەستھێنا.

ڕیڤاڵدۆ لەگەڵ بەرشەلۆنا[دەستکاری]

لەوەرزی دواتر،واتا ساڵی ١٩٩٧ ڕیڤاڵدۆ بەبڕی ٢٦ ملیۆن دۆلار چووە یانەی بەرشەلۆنای ڕکابەری.لەوەرزی یەکەمیدا لەگەڵ بەرشەلۆنە،خولی ئیسپانی و جامی شای ئیسپانی لەگەڵ بەرشەلۆنەدا بەدەستھێنا،ھەروەھا ڕیڤاڵدۆ گۆڵکەری یەکەمی یانەکەی‌ بوو بە تۆمارکردنی ١٩ گۆڵ لە ٣٤ یاریدا و گۆڵکەری دووەمی خولەکەبوو دوای کریستیان ڤێری،یاریزانی پێشووی ئەتلەتیکۆ مەدرید بە ٢٤ گۆڵ.لەوەرزی دواتردا(١٩٩٨-١٩٩٩) ڕیڤاڵدۆ ئاستێکی بێوێنەی پێشکەشکرد و بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک خولی ئیسپانی لەگەڵ بەرشەلۆنە بەدەستھێنا،ھەروەھا لەو وەرزەدا بەتۆمارکردنی ٢٤ گۆڵ بووە دووەم گۆڵکەری خولی ئیسپانی لەدوای ڕاول گۆنزالێس بە ٢٥ گۆڵ،ھەر لەو وەرزەدا ڕیڤاڵدۆ لەلایەن فیفاوە خەڵاتی باشترین یاریزانی جیھانی پێبەخشرا و سەرکەوت بەسەر دەیڤد بێکھامی یاریزانی پێشووی مانچستەر یونایتد کە ھەرسێ نازناوی خول و جام و یانە پاڵەوانەکانی بەدەستھێنا.لەوەرزی ١٩٩٩-٢٠٠٠ ڕیڤاڵدۆ تووشی چەند کێشەیەک بوو لەگەڵ لویس ڤان گالی ڕاھێنەری پێشووی بەرشەلۆنە و ئێستای بایەرن میونشن،ڤان گال دەیویست ڕیڤاڵدۆ وەکو ھێرشبەری باڵی چەپ یاری بکات،بەڵام ڕیڤاڵدۆ دەیویست ئازادی یاریکردنی لەیاریکردندا پێببەخشرێت یاخود وەکو یاری دروستکەر یاری بکات.لەگەڵ ئەو ناکۆکیەشدا ڕیڤاڵدۆ یانەکەی گەیاندە قۆناغی چوار یانەی لەخولی یانە پاڵەوانەکان و خۆیشی بە ١٠ گۆڵ گۆڵکەری خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەو وەرزەبوو.لەوەرزی ٢٠٠٠-٢٠٠١ بۆ سێیەم وەرز لەسەریەک گۆڵکەری دووەمی خولی ئیسپانی بوو بە ٢٣ گۆڵ،لە کۆتا یاری خولەکەدا بەرامبەر یانەی ڤالانسیا(کەیاری کۆتایشی بوو لەگەڵ بەرشەلۆنە) سێ گۆڵی(ھاتریک)ـی تۆمارکرد و ٣-٢ لەیانەی ڤالانسیایان بردەوە،گۆڵی سێھەمی ڕیڤاڵدۆ لەو یارییەدا لەجوانترین گۆڵەکانیەتی لەژیانی وەرزشیدا،کاتێک لەخولەکی زیادکراودا لە دەرەوەی ھێڵی سزا بەلێدانێکی پایسکیلی یاخود دەبڵ-کیک(bicycle kick) یاخود ئەکرۆباتی پشت لەگۆڵچی تۆمارکرد.ئەو گۆڵەی ڕیڤاڵدۆ زۆر بە نرخ بوو بۆ یانەکەی،چونکە بووە ھۆی سەرکەوتنیان بۆ خولی یانە پاڵەوانەکان.

جێھێشتنی بەرشەلۆنا[دەستکاری]

لەمانگی حوزەیرانی ٢٠٠٢ لویس ڤان گاڵ پۆستی ڕاھێنەرایەتی بەرشەلۆنای وەرگرتەوە و بەھۆی ئەو ناکۆکیەی نێوانیانەوە بەرشەلۆنای جێھێشت و ڕوویکردە کاڵچیۆی ئیتاڵی و یانەی ئەیسی میلان بەبۆندێک بۆ ماوەی سێ ساڵ.لەھەمان وەرزدا ڕیڤاڵدۆ جامی ئیتاڵیا(کوپا ئیتاڵیا) و خولی یانە پاڵەوانەکانی لەگەڵ بەدەستھێنان.بەڵام وەرزی دواتر ناکۆکی کەوتە نێوان یاریزانە بەڕازیلیەکە و یانەی میلان،کە زیاتر بەھۆی پێکانە بەردەوامیەکانی و شکستھێنانی لەخۆگونجاندن لەگەڵ کەشی خولەکە،ھەروەھا سەرەتای دەرکەوتنی ئەستێرەی ڕیکاردۆ کاکا بوو کە ھەمیشە ڕیڤاڵدۆی کردبووە یاریزانی یەدەگ و تەنھا ٢٢ یاری کرد‌ کەلە زۆربەی ئەو یارییانەدا وەکو یاریزانی یەدەگ بەشداری پێدەکرا،بۆیە گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی و چووە یانەی کرۆزیرۆ،بەڵام لەگەڵ ئەو یانەیەشدا شکستی ھێنا و لە دوو یاری زیاتری نەکرد لەگەڵ یانە بەڕازیللیەکە،بۆیە لە بازاڕی زستانەی گواستنەوەی زستانەی یاریزاناندا گەڕایەوە ئەوروپا،ئاراستەی ئەمجارەی بەرەو وڵاتی یۆنان و یانەی ئۆڵۆمپیاکۆسی ئەو وڵاتەبوو،دوای ئەوەی چوونی بۆ یانەی بۆڵتۆن واندەرز شکستی ھێنا بەھۆی ئەوەی نەگەشتنە ئەنجام لەسەر چەند خاڵێکی بۆندەکە.

ڕیڤاڵدۆ لەگەڵ ئۆڵمپیاکۆس[دەستکاری]

ڕیڤاڵدۆ لەوەرزی یەکەمیدا لەگەڵ ئۆڵمپیاکۆس،گۆڵی زۆر گرنگ و کاریگەری تۆمارکرد بۆ یانەکەی،لەوانە ئەو گۆڵەی لەلێدانی لا(کۆرنەر)ـەوە تۆماری کرد،ھەروەھا دوو گۆڵی لەلێدانی ڕاستەوخۆوە تۆمارکرد لەیاد ناکرێت،یەکێکیان لەدژی یانەی پاناسیناکۆسی ڕکابەری سەرسەختی یانەکەی،ئەوی دی لەخولی یانە پاڵەوانەکان لەدژی یانەی لیڤەرپووڵ بەشێوەیەکی زۆر جوان تۆماریکرد،ئەو گۆڵەی یەکەمیان یانەکەی لە لوتکەی ڕیزبەند ھێشتەوە و کردیە پاڵەوانی خولەکە،گۆڵەکەی دیکە،٣ گۆڵی یانەی لیڤەرپووڵی ویست بۆ ئەوەی ڕیڤاڵدۆ و ھاوڕێکانی لە قۆناغی ١٦ یانەی یانە پاڵەوانەکان بکەنەدەرەوە.لەیاری کۆتای یانەکەیدا لەخولی یۆنانی(لە وەرزی یەکەمیدا)،یانەکەی پێویستی بەبردنەوە بوو بۆ ئەوەی نازناوی خولی یۆنانی مسۆگەر بکات،چونکە یانەی پاناسیناکۆس بەجیاوازی یەک خاڵ لەدوایەوە بوو،لەکۆتا یاریدا بەرامبەر یانەی ئیراکلیس،ڕیڤاڵدۆ گۆڵێکی بەنرخی تۆمارکرد و یانەکەی کردە پاڵەوانی ئەو وەرزەی خولی یۆنانی.ڕیڤاڵدۆ بەردەوامبوو لەگۆڵە بەنرخ و جوانەکانی،لەوەرزی دواتری خولی یانە پاڵەوانەکاندا گۆڵێکی لەلێدانێکی بەھێز،لەدووری ٣٠ یاریدەوە لەیانەی ڕۆزنبێرگ تۆمارکرد،ھەروەھا گۆڵێکی لەیانەی ڕیاڵ مەدرید تۆمارکرد،بەڵام نەیتوانی یانەکەی بگەیەنێتە قۆناغی داھاتووی خولەکە.ھەروەھا لەنیوەی یەکەمی خولەکەدا(یارییەکانی ڕۆیشتن) نەیتوانی پارێزگاری لەپێشەنگایەتی بکات،بەڵام لەنیوەی دووەمی خولەکەدا،دوو گۆڵی بەنرخی لەیانەی پاناسیناکۆس تۆمارکرد،ھەروەھا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لەیانەی ئایک ئەسینای دووەمی ڕیزبەندیان بردەوە،کە ڕیڤاڵدۆ دوو گۆڵیانی تۆمارکرد.ھەروەھا لەجامی یۆناندا،لە چوار گۆشەی زێڕیندا بەگۆڵێکی جوان،لەلێدانێکی ڕاستەوخۆوە یانەکەی گەیاندە یاری کۆتای،بەڵام نەیانتوانی جامەکە بەدەستبھێنن.لەوەرزی سێیەم و کۆتایدا لەگەڵ یانەی ئۆڵۆمپیاکۆس،بەڵێنیدا لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزیان پێشکەش بکات،زۆری نەخایاند تاکو وتەکانی کردە کردەوە و سەرکردایەتی یانەکەی کرد بۆ بەدەستھێنانی خولی یۆنانی،لەو وەرزەدا لە ٢٧ یاریدا ١٧ گۆڵی بۆ تۆمارکردن.

ڕیڤاڵدۆ لەگەڵ ئایک ئەسینا[دەستکاری]

لەساڵی ٢٠٠٧ یانەی ئۆڵۆمپیاکۆس بڕیاریدا بۆندی ڕیڤاڵدۆ نوێبکاتەوە،بەڵام بەداگرتنی موچەی ساڵانەی،دوای چەندین گفتوگۆ لەنێوان یاریزانەکە و یانەی ئۆڵۆمپیاکۆس،نەگەیشتنە ڕێکەوتن،بۆیە لە ٢٩ی تەمموز ی ٢٠٠٧ ڕیڤاڵدۆ چووە یانەی ئایک ئەسینای ھەمان وڵاتەوە،ڕیڤاڵدۆ لەیەکەم یاریدا لەگەڵ یانە نوێکەی(کەیارییەکی دۆستانەبوو)گۆڵێکی تۆمارکرد،گۆڵێکیشی لەیانەی سیڤیلیا بەلێدانی سزا تۆمارکرد لە یارییەکانی پاڵاوتن بۆ گەیشتن بەقۆناغی گرووپەکانی خولی یانە پاڵەوانەکان،لەجامی یەکێتی ئەوروپا(خولی ئەوروپی ئێستا)ـی ھەمان وەرزدا،ڕیڤاڵدۆ گۆڵێکی ئەکرۆباتیکی زۆر جوانی لەیانەی ڕێد بوڵ ساڵزبۆرگ تۆمارکرد.یەکەم گۆڵی لەخولی یۆنانی لەگەڵ ئایک ئەسینا،لەدژی یانەی پانیۆنیۆس بوو بەلێدانی سزا و لەویارییەدا یانەکەی بەسێ گۆڵی بێبەرامبەر براوەبوو.ھەروەھا لەیاری یانەکەی بەرامبەر ئۆڵۆمپیاکۆسی یانەی پێشوویدا،گۆڵێکی تۆمارکرد و یانەکەی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە ئۆڵۆمپیاکۆسی بردەوە.

ڕیڤاڵدۆ لەگەڵ بۆنیۆدکۆر[دەستکاری]

لە ٢٥ی ئاب ی ٢٠٠٨ ڕیڤاڵدۆ بەڕادیۆی وەرزشی یۆنانی ڕاگەیاند،وەڵامی ئەرێنی لەبەرپرسانی یانەکەی وەرگرتووە بۆ چوون بۆ یانە ئۆزبەکستانییەکە،ھەر لەو لێدوانەیدا ڕایگەیاند بۆندێکی بەپڕە پارەیەکی خەیاڵی پێگەیشتووە و ھەر کەسێکی دیکە بوایە نەیدەواتنی ڕەتیبکاتەوە.بۆندەکەی ڕیڤاڵدۆ بۆ دوو وەرز و بەبڕی ١٠.٢ ملیۆن یۆرۆ.لەیەکەم یاریدا لەگەڵ یانە ئۆزبەکیەکە،ڕیڤاڵدۆ دوو گۆڵی تۆمارکرد،گۆڵی سێیەمی خۆی لەگەڵ یانەکەی لەخولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا لەقۆناغی ھەشت یانەی تۆمارکرد لەیانەی سایپای ئێرانی لەیاری ڕۆشتندا،لەیاری گەڕانەوەشدا گۆڵێکی تۆمارکرد کە بە دووگۆڵ بۆ ھەردوولا یەکسانبوون.لەھەمان وەرزدا خولی ئۆزباکی و جامی ئۆزباکی لەگەڵ یانەکەیدا بەدەستھێنا،بۆیە یانەکەی ھەستا بەنوێکردنەوەی بۆندەکەی تاکو مانگی ٦ی ٢٠١١.

ڕیڤاڵدۆ لەگەڵ ھەڵبژاردەی بەڕازیل[دەستکاری]

لەساڵی ١٩٩٣ و لەتەمەنی ٢١ ساڵیدا ڕیڤاڵدۆ بۆیەکەمجار بانگھێشتی ھەڵبژاردەی یەکەمی بەڕازیل کرا،یەکەم یاری ڕیڤاڵدۆ بەرامبەر مەکسیک بوو و تاکە گۆڵی بەڕازیلی لەو یارییەدا تۆمارکرد.لەئۆڵۆمپیادی ١٩٩٦ ڕیڤاڵدۆ لەگەڵ ھەڵبژاردەی بەڕازیل میدالی برۆنزیان لەملکرا،بەڵام لەیاری دیاریکردنی پلەی سێیەمی ڕاھێنەر یاری پێ نەکرد،لەبەرئەوەی ڕیڤاڵدۆ لەیاری ھەڵبژاردەکەی بەرامبەر نیجیریا ئاستێکی بەرزی نیشان نەدا.لەپاڵاوتنەکانی جامی جیھانی ٢٠٠٢ ڕیڤاڵدۆ ئاستێکی زۆر خراپی پێشکەش کرد،تەنانەت بەھۆی بێھێزی و لاوازی ھەڵبژاردەی بەڕازیل لە یارییەکانی پاڵاوتندا(کە زۆر بە زەحمەت گەیشتنە دوا یارییەکانی جامی جیھانی) ھاندەران بەچەندین دروشم داوایان لێکرد واز لەیاریکردنی نێودەوڵەتی بھێنێت. لەجامی جیھانی ٢٠٠٢ـدا ئاستێکی زۆر بەرزی پێشکەشکرد و گۆڵی چارەنوسسازی تۆمارکرد،بەرامبەر ھەڵبژاردەی بەلجیکا گۆڵی سەرکەوتنی تۆمارکرد و وای لەڕاھێنەری ھەڵبژاردەی بەلجیکا کرد بڵێت”کلیلی بردنەوەیان ڕیڤاڵدۆ بوو”.ھەروەھا لەدژی ھەڵبژاردەی ئینگلتەرا گۆڵێکی تۆمارکرد و لەیاری کۆتایدا بەرامبەر ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا،ڕیڤاڵدۆ ئاستێکی بێوێنەی پێشکەشکرد و ھەردوو گۆڵی یارییەکەی بۆ ڕۆناڵدۆی ھاوڕێی تۆمارکرد و بۆ جاری پێنجەم بوونە پاڵەوانی جیھان.سکۆلاری ڕاھێنەری ئەوکاتەی ھەڵبژاردەی سامبا ڕایگەیاند کەوا ڕیڤاڵدۆ باشترین یاریزانی جامی جیھانی ٢٠٠٢ بوو.

دەستکەوتەکان[دەستکاری]

لەگەڵ پاڵمێراس[دەستکاری]

نازناوی خولی بەڕازیلی یەک جار: ١٩٩٣

جامی ویلایەتی ساوپاولۆ دوو جار: ١٩٩٤،١٩٩٦

جامی یۆرۆ-ئەمریکا یەک جار: ١٩٩٦

لەگەڵ بەرشەلۆنا[دەستکاری]

نازناوی خولی ئیسپانی دوو جار: ١٩٩٨،١٩٩٩

جامی شای ئیسپانیا یەک جار: ١٩٩٨

جامی سوپەری ئەوروپی یەک جار: ١٩٩٧

لەگەڵ میلان[دەستکاری]

نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان یەک جار: ٢٠٠٣

جامی ئیتاڵیا(کوپا ئیتاڵیا) یەک جار: ٢٠٠٣

جامی سوپەری ئەوروپی یەک جار: ٢٠٠٣

لەگەڵ ئۆڵۆمپیاکۆس[دەستکاری]

نازناوی خولی یۆنانی سێ جار: ٢٠٠٥،٢٠٠٦،٢٠٠٧

جامی یۆنان دوو جار: ٢٠٠٥،٢٠٠٦

لەگەڵ بۆنیۆدکۆر[دەستکاری]

نازناوی خولی ئۆزباکستانی یەک جار: ٢٠٠٨

جامی ئۆزباکستان یەک جار: ٢٠٠٨

نازناوە کەسییەکانی ڕیڤاڵدۆ[دەستکاری]

تۆپی زێڕینی بەڕازیلی دوو جار: ١٩٩٣،١٩٩٤

باشترین یاریزانی جیھان لەلایەن فیفا یەک جار: ١٩٩٩

تۆپی زێڕینی باشترین یاریزانی ئەوروپا یەک جار: ١٩٩٩

باشترین یاریزانی جیھان(بەپێی گۆڤاری World Soccer) یەک جار: ١٩٩٩

گۆڵکەری کوبا ئەمریکا یەک جار: ١٩٩٩

باشترین یاریزانی کوبا ئەمریکا یەک جار: ١٩٩٩

باشترین یاریزانی خولی ئیسپانی یەک جار: ١٩٩٩

گۆڵکەری خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا یەک جار: ٢٠٠٠

یاریزانی پێکھاتەی باشترین ھەڵبژاردەی جامی جیھانی دوو جار: ١٩٩٨،٢٠٠٢

باشترین یاریزانی بیانی لە یۆنان دوو جار: ٢٠٠٦،٢٠٠٧

سەرچاوەکان[دەستکاری]