بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ورچی تەمبەڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ورچی تەمبەڵ کە بەپێ وەستاوە.

ورچی تەمبەڵ (ناوی زانستی: Melursus ursinus) کە بە ورچی ھیندی ناسراوە، جۆرێکە لە ورچی قەبارە مامناوەند کە لە نیمچەکیشوەری ھیندیدا بڵاوبووەتەوە و لە مەترسی لەناوچووندایە. کێشی ئەم جۆرە ورچە بە گشتی لە ٥٥ بۆ ١٤٠ کیلۆگرام دەگۆڕێت، ئەم ورچەش دوو جۆرن ورچی تەمبەڵی ھیندی و ورچی تەمبەڵی سریلانکا کە قەبارە و درێژی قژی ورچی تەمبەڵی ھیندی زیاترە لە ورچی تەمبەڵی سریلانکا. ئەم ورچە سەرێکی گەورە و دەموچاوێکی درێژی ھەیە و نیشانەیەکی سپی لە شێوەی v لەسەر سنگی ھەیە. پێیەکان تەختن و چنگی پەنجەکانی درێژن و شوێنپێیان وەک شوێنپێی مرۆڤ وایە. ورچە تەمبەڵەکان بەزۆری مێروولە، کرمۆکە و ھەنگ دەخۆن، ھەروەھا گوڵ و گەڵا و میوە و دانەوێڵەش دەخۆن، شەوانە بەدوای خواردندا دەگەڕێن و لە ڕۆژدا لە شوێنی داڵدەدراودا دەخەون. کاتێک کەشوھەوا زۆر گەرمدەبێت، مەودای زۆر دەبڕن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ئاو، ئەگەر نەیانتوانی ڕووبارێک یان سەرچاوەی ئاویک بدۆزنەوە، ھەوڵ دەدەن بنی ڕووبارێکی وشک ھەڵیکەنن تا بگەنە ئاو.[١][٢]

ئاژەڵناسی ئەورووپی جۆرج شاو ناوی ورچی تەمبەڵ لێ ناوە بەھۆی چنگە درێژ و ئەستوورەکانی و ددانە نائاسایەکانی. لە سەدەی ھەژدەھەمدا کاتێک پێستی ورچێکی تەمبەڵ ھێنرایە ئەورووپا و بە وەسفێکی ھەلە کە گوایە ئاژەڵەکە دەموچاویکی درێژ و تیژی ھەیە و خۆیان لەسەر لق و پۆپی دارەکان ھەڵدەواسن، لەم زانیاریانە و گریمانەدا جۆرج شاو وای زانیوە کە جۆرێکە لە ئاژەڵی تەمبەڵ کە ئیستا لە دارستانە باراناوییە گەرمەکانی ئەمریکای باشوور و ئەمریکای ناوەڕاست دەژی.[٣]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ «Sloth Bear». ئای یوو سی ئێن لیستی سوور (بە ئینگلیزی).
  2. ^ «Sloth bear». Smithsonian's National Zoo and Conservation Biology Institute (بە ئینگلیزی).
  3. ^ «How Sloth Bears Got Their Name». Wildlife SOS (بە ئینگلیزی).