بۆ ناوەڕۆک بازبدە

مێتافیزیک (ئەرەستوو)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەرستۆ، مێتافیزیک لە ms. کتێبخانەی نێردراوی ڤاتیکان، ڤاتیکانۆسی یۆنانی ٢٥٦.

مێتافیزیک (بە یۆنانی: τὰ μετὰ τὰ φυσικά, «ئەوانەی دوای فیزیک») یەکێ لە کارە سەرەکییەکانی ئەرەستووە کە تێیدا پەرە بەو ئامۆژگارییە دەدا کە پێی دەڵێ فەلسەفەی یەکەم. کارەکە کەڵەکەیەکە لە چەندین تێکستی جۆربەجۆر لەمەڕ بابەتە دەرھەستەکانەوە؛ بابەتانێ وەکوو جەوھەر و ھۆ و ماکە و شێوە و ھەبوونی شتە ماتماتیکییەکان و کۆسمۆس، کە سەرجەم ئەو لقەی فەلسەفە دروست دەکەن کە لەوەودوا مێتافیزیک -ی پێ وترا.

مێتافیزیک بە یەکێک لە گەورەترین بەرھەمە فەلسەفییەکانی مێژوو دەژمێردرێ کە شوێنەواری قورسی بە سەر یۆنانییەکان و فەیلەسووفە موسڵمانەکان و فەیلەسووفە فێرگەیییەکانەوە بە جوانی دەبینرێ.

زۆرێ لە کارەکانی ئەرەستوو لەڕادەبەدەر تۆکمە و تێکھەڵگوشراون و، بەم بۆنەوە، بۆ کەسێ کە تازە دەستی پێ کردبێ سەرلێشێوێن دەنوێنن. زۆرێ لە زانایانیش لەو باوەڕەدان کە شێوازی ئێستای نووسراوەکان زۆرتر لە تێبینیگەلێک دەکا کە مامۆستایەک بۆ وانەوتنەوە لە لای خۆی ھەڵی دەگرێ. کارەکانی ئەرەستوو لە سەدەی یەکەمی پاش زایین لە لایەن ئاندرۆنیکۆسی ڕۆدیۆسی -یەوە  سەرلەنوێ داڕێژرایەوە و دیسان  ڕێکوپێک کرایەوە. لە شوێن ئەو داڕشتنەوە و داچنینەوەیە، ژمارەیەک لە نامیلکەکانی کەوتنە دوای بەشی فیزیک و بەرەبەرە بە مێتافیزیک (یانی دوای فیزیک) ناسران. ھەندێ دەڵێن مەبەس لە «مێتا» ئەوەیە کە بابەتەکەی لەوپەڕی فیزیکەوەیە، یانی ئەگەر بەشی فیزیک تیۆرییەک لەبارەی سروشتەوەیە، ئەوا بەشی مێتافیزیک تیۆرییەکە لەبارەی تیۆرییەوە. بەڵام ھەندێ تر دەڵێن زۆر سادە مێتافیزیک یانی ئەو بەشە کەوتووەتە دوای بەشی فیزیک. خودی ئەرەستوو لە کارەکانی تریا بە نامیلکە مێتافیزیکییەکانی دەڵێ «ئەو نووسراوانەی کەوا لەبارەی فەلسەفەی یەکەمەوەن».[١]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ "مێتافیزیکی ئەرەستوو، ئینسایکلۆپیدیای فەلسەفەی ستەنفۆرد". plato.stanford.edu.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)