بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ماکە و شێوە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

زاراوەکانی ماکە و شێوە یا ماددە و فۆرم لە فەلسەفەی ئەرەستوو و، بە دوای ئەوەش لە فەلسەفەی سکۆلاستیکدا، بۆ ئاماژە بە ئەو دووفاقێتییە بنەڕەتییە بە کار دێ کە ھەموو بوونی داگرتووە: دووفاقێتی و دووبەرایەتیی نێوان چییەتیی شتەکان (شێوە) و، مایە و ھێمێک کە ئەو شتانەی لێ دروست بووە (ماکە).[١] ماکە بوونی شیاوی وەدیھاتنە و، ئەو کاتە دێتە دی کە شێوە بگرێ. بۆ نموونە، خاک و گڵ ماکەیە و گۆزە شێوەیەتی، یا تۆو ماکەیە و گیا شێوەیەتی. شێوە بەدیھاتنی ماکەیە و ھەقیقەتی ھەر شتێک شێوەی ئەو شتەیە. لە ناساندن بە جنس و جیاکەر، جنس ماکەیە و جیاکەریش حوکمی شێوەی ھەیە.[٢]

لە فەلسەفەی ئەفلاتووندا، مەبەست لە فۆرم یا ئایدیا ھەمان زاتە، یانی چییەتیی بنەڕەتیی ھەر شتێک، ئەوەی کە ھەر شتێ لە بنەڕەتدا ئەوەیە. ئەرەستووش، ھەر وەک ئەفلاتوون، فۆرم یا شێوەی بەست بە زاتەوە، بەڵام لە نێوان شێوە و ماکەدا جیاوازیی دانا. باوەڕ بەو جیاوازییەش ھیلۆمۆرفیزم -ی پێ دەوترێ. ھیلۆمۆرفیزم وشەیەکی یۆنانییە کە لە دوو پار دروست بووە: ὕλη (ھیلی: چێو، ماکە) و μορφή (مۆرفی: شێوە). شێوە، بۆ ئەرەستوو، پێکھاتەی بەرچاو و یەکلاکەرەوەی زاتی شت بوو، لە حاڵێکدا کە، ماکە ئەوە بوو کە شت لێی دروست دەبێ. ئەرەستوو دەیوت شێوە ئەوەیە کە لە ھەبوویەکدا دەرکەوتووە و پێش چاو ھێنراوە، ئەوەی کە تەواوکەر و بەدیھێنەری ئەو لێھاتوویییە شاراوە و نادیارەی ماکەی ھەبووکەیە. لە ڕاستیدا، ماکە بنج و بناوانی ھەموو شتەکانە؛ لەخۆگری لێھاتووییی ھەموو شتەکانە، بەڵام بەکردەوە ھیچ شتێک نییە، چونکە ھێشتا نەھاتووەتە دی. شت تەنیا ئەو کاتە دیار و بەرچاو دەکەوێ کە لێھاتووییی ماکە ببێ بە بەدیھاتوویی.[٣]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ «Form and Matter - New World Encyclopedia». www.newworldencyclopedia.org. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  2. ^ فروغی، محمدعلی (1398). سیر حکمت در اروپا. انتشارات زوار. pp. 44 و 45.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  3. ^ "Greek Philosophy" entry in Seyffert 1895, p. 482