بۆ ناوەڕۆک بازبدە

مێتابۆلیزم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە مێتابۆلیسمەوە ڕەوانە کراوە)
ATP ئەو گەردەیە کە وزە بۆ مێتابۆلیزم پێک دێنێت

مێتابۆلیزم یان زیندەپاڵ (بە ئینگلیزی: Metabolism) (بە Greek: μεταβολή مێتابۆلێ، بە واتای "گۆڕان") ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک کارلێکی کیمیاییی ژیان-پارێز کە لەناو زیندەوەرەکاندا ڕوو دەدەن. سێ ئەرکە سەرەکییەکەی مێتابۆلیزم بریتین لە: گۆڕینی وزەی ناو خۆراک بۆ شێوەیەکی بەکارھاتوو بۆ پڕۆسەکانی خانە؛ گۆڕینی خۆراک بۆ یەکە بونیادییەکانی گەردە مەزنەکان (زیندەپۆلیمەرەکان) وەک پڕۆتینەکان، چەورییەکان (لیپیدەکان)، ترشە ناوکییەکان، و ھەندێک کاربۆھیدرات؛ لەگەڵ دەرکردنی پاشەڕۆ مێتابۆلییەکان. ئەم کارلێکانە کە لەلایەن ئەنزیمەوە ھاندەدرێن، ڕێگە بە زیندەوەران دەدەن گەشە بکەن، زاوزێ بکەن، پارێزگاری لە پەیکەرەکانیان بکەن و وەڵامی ژینگەکەیان بدەنەوە. وشەی مێتابۆلیزم دەکرێت ئاماژەش بێت بۆ ھەموو کارلێکە کیمیاییانەی لە زیندەوەراندا ڕوو دەدەن، بە ھەرس و گواستنەوەی ماددەکان بۆ ناو خانەکان و لەنێوانیاندا. لە واتایەکی فراوانتردا، بە کۆمەڵە کارلێکێک کە لەناو خانەکاندا ڕوو دەدەن دەوترێت مێتابۆلیزمی نێوەندگیر (Intermediary metabolism).

کارلێکە مێتابۆلییەکان دەکرێت پۆلێن بکرێن بۆ ھەڵوەشێنەر (Catabolic)—تێکشکاندنی ئاوێتەکان (بۆ نموونە، گلوکۆز بۆ پایروڤەیت لە ڕێگەی ھەناسەی خانەیییەوە)؛ یان دروستکەر (Anabolic)—بونیادنان (زیندە-دروستکردن)ی ئاوێتەکان (وەک پڕۆتینەکان، کاربۆھیدراتەکان، چەورییەکان و ترشە ناوکییەکان). بەزۆری، ھەڵوەشاندن (Catabolism) وزە دەردەدات و دروستکردن (Anabolism) وزە بەکار دەبات.

کارلێکە کیمیایییەکانی مێتابۆلیزم لەناو ڕێڕەوە مێتابۆلییەکاندا ڕێکخراون، کە تێیدا ماددەیەکی کیمیایی لە ڕێگەی زنجیرەیەک ھەنگاوەوە دەگۆڕدرێت بۆ ماددەیەکی کیمیایی دیکە، ھەر ھەنگاوێک لەلایەن ئەنزیمێکی دیاریکراوەوە ئاسانکاری بۆ دەکرێت. ئەنزیمەکان بۆ مێتابۆلیزم زۆر گرنگن چونکە ڕێگە بە زیندەوەران دەدەن ئەو کارلێکە خوازراوانە ئەنجام بدەن کە پێویستیان بە وزە ھەیە و بەتەنیا ڕوو نادەن، ئەمەش لە ڕێگەی بەستنەوەیان بە کارلێکی خۆبەخۆ کە وزە دەردەدەن. ئەنزیمەکان وەک ھاندەر کار دەکەن—ڕێگە دەدەن کارلێکەکە خێراتر بەڕێوە بچێت—و ھەروەھا ڕێگە بە ڕێکخستنی تێکڕای کارلێکی مێتابۆلی دەدەن، بۆ نموونە لە وەڵامی گۆڕانکارییەکانی ژینگەی خانە یان بۆ ئاماژەکان لە خانەکانی دیکەوە.

سیستەمی مێتابۆلیی زیندەوەرێکی دیاریکراو ئەوە دیاری دەکات کە کام ماددانە بۆی خۆراکن و کامانە ژەھرن. بۆ نموونە، ھەندێک ناوک-سەرەتایی (Prokaryotes) گۆگردیدی ھایدرۆجین (H₂S) وەک خۆراک بەکار دەهێنن، کەچی ئەم گازە بۆ ھەندێک ئاژەڵ ژەهراوییە.[١] لەبەر ئەوەی گۆگردیدی ھایدرۆجین گازی گوازەرەوەیە (Gasotransmitter)، ھەندێک شیردەر بە مرۆڤیشەوە بە سروشتی H₂S بەرھەم دەھێنن بە خەستییەکی زۆر کەم کە تێیدا خزمەت بە ئەرکە گرنگەکانی ئاماژەپێدان و ڕێکخستن دەکات.[٢] تێکڕای مێتابۆلیزمی بنەڕەتیی زیندەوەرێک بریتییە لە پێوەرێک بۆ بڕی وزەی بەکارھاتوو لەلایەن ھەموو ئەم کارلێکە کیمیاییانەوە.

تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێشی مێتابۆلیزم بریتییە لە لێکچوونی ڕێڕەوە مێتابۆلییە بنەڕەتییەکان لەنێوان جۆرە زۆر جیاوازەکاندا.[٣] بۆ نموونە، ئەو کۆمەڵە ترشە کاربۆکسیلیکانەی کە بە نێوەندگیرەکان ناسراون لە سووڕی ترشی سیتخیکدا، لە ھەموو زیندەوەرە ناسراوەکاندا ھەن، و لە جۆرە جیاوازەکانی وەک بەکتریا تاک-خانەیییەکانی ئیشریشیا کۆلای (E. coli) و زیندەوەرە فرەخانە زەبەلاحەکانی وەک فیلەکاندا دەدۆزرێنەوە.

[٤] ئەم لێکچوونانە لە ڕێڕەوە مێتابۆلییەکاندا پێدەچێت بەھۆی دەرکەوتنی پێشوەختەیانەوە بێت لە مێژووی پەرەسەندندا، و مانەوەیان پێدەچێت بەھۆی کاریگەرییانەوە بێت.[٥][٦] لە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی وەک شەکرەی جۆری دوو، نیشانەکانی مێتابۆلیک (Metabolic syndrome) و شێرپەنجەدا، مێتابۆلیزمی ئاسایی تێک دەچێت.[٧] مێتابۆلیزمی خانە شێرپەنجەیییەکانیش جیاوازە لە مێتابۆلیزمی خانە ئاسایییەکان، و ئەم جیاوازییانە دەکرێت بەکار بھێنرێن بۆ دۆزینەوەی ئامانجەکان بۆ دەستێوەردانی چارەسەری لە شێرپەنجەدا.[٨]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Friedrich، CG (١٩٩٧). Physiology and Genetics of Sulfur-oxidizing Bacteria. Advances in Microbial Physiology. بەرگی ٣٩. لاپەڕە ٢٣٥–٨٩. doi:١٠.١٠١٦/S٠٠٦٥-٢٩١١(٠٨)٦٠٠١٨-١. ژپنک ٩٧٨-٠-١٢-٠٢٧٧٣٩-١. PMID ٩٣٢٨٦٤٩.
  2. Cirino، Giuseppe؛ Szabo، Csaba؛ Papapetropoulos، Andreas (کانوونی دووەمی ٢٠٢٣). «Physiological roles of hydrogen sulfide in mammalian cells, tissues, and organs». Physiological Reviews. ١٠٣ (1): ٣١–٢٧٦. doi:١٠.١١٥٢/physrev.٠٠٠٢٨.٢٠٢١. ISSN ٠٠٣١-٩٣٣٣. PMID ٣٥٤٣٥٠١٤.
  3. Pace NR (کانوونی دووەمی ٢٠٠١). «The universal nature of biochemistry». Proceedings of the National Academy of Sciences of the United States of America. ٩٨ (3): ٨٠٥–٨. Bibcode:٢٠٠١PNAS...٩٨..٨٠٥P. doi:١٠.١٠٧٣/pnas.٩٨.٣.٨٠٥. PMC ٣٣٣٧٢. PMID ١١١٥٨٥٥٠. {{cite journal}}: |bibcode= length بپشکنە (یارمەتی)
  4. Smith E، Morowitz HJ (ئەیلوولی ٢٠٠٤). «Universality in intermediary metabolism». Proceedings of the National Academy of Sciences of the United States of America. ١٠١ (36): ١٣١٦٨–٧٣. Bibcode:٢٠٠٤PNAS..١٠١١٣١٦٨S. doi:١٠.١٠٧٣/pnas.٠٤٠٤٩٢٢١٠١. PMC ٥١٦٥٤٣. PMID ١٥٣٤٠١٥٣. {{cite journal}}: |bibcode= length بپشکنە (یارمەتی)
  5. Ebenhöh O، Heinrich R (کانوونی دووەمی ٢٠٠١). «Evolutionary optimization of metabolic pathways. Theoretical reconstruction of the stoichiometry of ATP and NADH producing systems». Bulletin of Mathematical Biology. ٦٣ (1): ٢١–٥٥. doi:١٠.١٠٠٦/bulm.٢٠٠٠.٠١٩٧. PMID ١١١٤٦٨٨٣. S2CID ٤٤٢٦٠٣٧٤.
  6. Meléndez-Hevia E، Waddell TG، Cascante M (ئەیلوولی ١٩٩٦). «The puzzle of the Krebs citric acid cycle: assembling the pieces of chemically feasible reactions, and opportunism in the design of metabolic pathways during evolution». Journal of Molecular Evolution. ٤٣ (3): ٢٩٣–٣٠٣. Bibcode:١٩٩٦JMolE..٤٣..٢٩٣M. doi:١٠.١٠٠٧/BF٠٢٣٣٨٨٣٨. PMID ٨٧٠٣٠٩٦. S2CID ١٩١٠٧٠٧٣. {{cite journal}}: |bibcode= length بپشکنە (یارمەتی)
  7. Smith RL، Soeters MR، Wüst RC، Houtkooper RH (ئابی ٢٠١٨). «Metabolic Flexibility as an Adaptation to Energy Resources and Requirements in Health and Disease». Endocrine Reviews. ٣٩ (4): ٤٨٩–٥١٧. doi:١٠.١٢١٠/er.٢٠١٧-٠٠٢١١. PMC ٦٠٩٣٣٣٤. PMID ٢٩٦٩٧٧٧٣.
  8. Vander Heiden MG، DeBerardinis RJ (شوباتی ٢٠١٧). «Understanding the Intersections between Metabolism and Cancer Biology». Cell. ١٦٨ (4): ٦٥٧–٦٦٩. doi:١٠.١٠١٦/j.cell.٢٠١٦.١٢.٠٣٩. PMC ٥٣٢٩٧٦٦. PMID ٢٨١٨٧٢٨٧.