کاردانەوەی کیمیایی

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
(ڕەوانەکراوە لە کارلێکی کیمیاییەوە)
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

کاردانەوەی کیمیایی (بەئینگلیزیی: Chemical reaction)، ( هەڵەی باو: کارلێکی کیمیایی) بریتییە لە ڕەوتی گۆڕانی پێکهاتەکانی ماکە سەرەتاییەکان؛ لەم ڕەوتەدا چەن ماکی کیمیایی دەگۆڕن و دەبنە چەن ماکی کیمیایی تر.

جۆرەکانی گۆڕانی ماک[دەستکاری]

گۆڕانکاری لە کاردانەوەکاندا، دوو جۆرە:

گۆڕانی فیزیکی[دەستکاری]

لە گۆڕانی فیزیکیدا، تەنیا دۆخی فیزیکی ماک دەگۆڕێ، نە پێکهاتەکانی ماک. کەوابوو گۆڕانی هەموو دۆخەکانی ماک، وەک: توانەوە ، بەستن ، بوونە هەڵم ، بوونە ئاو، تەسعید و هەروەها توانەوەی خوێکان و بازەکان لە ئاودا، دەچنە بازنەی گۆڕانکاری فیزیکییەوە.

گۆڕانی کیمیایی[دەستکاری]

لە گۆڕانی کیمیاییدا، پێوەندی ئەتۆمەکان پێکەوە و داچنەی ئێلێکترۆنییان دەگۆڕێت. هەڵبەت لە هیچ کاردانەوەیەکی کیمیاییدا، ئەتۆم بەدی نایێ و تیا ناچێت، تەنیا تووشی لێکدران، شی بوونەوە یا دووبارە داچنین دەبێ.
کاردانەوەی کیمیایی، واتە گۆڕانکاری کیمیایی، لەوانەیە وێڕای بەردانی وزە بە شێوەی گەرما ، تیشک یان دەنگ بێ و، بەردانی گاز، نیشتنی تڵت یان گۆڕانی ڕەنگیشی بەدواوە بێ.

گۆڕانی فیزیکی و کیمیایی لەسەریەک[دەستکاری]

جاری وایە هەردوو گۆڕانی فیزیکی و کیمیایی لە دیاردەیەکدا، یەک لەسەریەک ڕوو دەدەن. بۆ وێنە:
بە گەرم کردنی کڵۆیێ شەکر لە لوولەی ئەزمووندا، سەرەتا شەکرەکە دەتوێتەوە کە دیاردەیەکی فیزیکییە. پاشان ڕەنگەکەی بۆر دەبێ، کە نیشانەی دەست پێکردنی ڕەوتی بوون بە کاربۆنی شەکرە و ئەمە دیاردەیەکی کیمیاییە. دوایی هێندێک هەڵم بەرز دەبێتەوە کە نیشاندەری شی بوونەوەی شەکر و درێژەی دیاردەی کیمیاییە. پاشان، دڵۆپە ئاو دەکەوێتە سەر لوولەلەکە، ئەمە بوونە ئاوی هەڵمەکەیە و دیاردەیەکی فیزیکییە. لە کۆتاییدا، لە نێو لوولەکە، ماکێکی ڕەشی بێ تام و نەتواوە لە ئاودا(پێچەوانەی شەکرە سەرەتاییەکە) بەجێ دەمێنێ کە خەڵووزە و بە گۆڕانی ڕەنگ، تام و جۆری توانەوەی، ئاماژە بە دیاردەیەکی کیمیایی دەکا.

وزەی کیمیایی[دەستکاری]

هەر جۆرە پێوەندی نێوان ئەتۆمەکانی پێکهێنەری مولکوولەکانی تەنێک، جۆرێک لە وزەی کیمیایی تێدایە،کە بڕەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جۆری ئەتۆم و شێوەی چنینیان لە مولکوولدا.
لە کاردانەوەی کیمیاییدا، ئەم پێوەندانە دەگۆڕێ و لە ئەنجامدا وزەی کیمیایی بەرهەمەکان، لەگەڵ کاردەرەوەکاندا جیاواز دەبێ.

بۆ وێنە، کاردانەوەی گازی کلۆر لەگەڵ هایدرۆجین ڕاچاو دەکەین. گازی کلۆر لە مولکوولی دوو ئەتۆمی Cl۲ و گازی هایدرۆجین لە مولکوولی دوو ئەتۆمی H۲ پێک هاتووە. بەرهەمی کاردانەوەکە،Hcl هایدرۆجین کلۆرایدە، کە بە بەراورد لەگەڵ کاردەرەوەکان، پێوەندی تەواو جیاوازی هەیە و بەم بۆنەشەوە وزەی کیمیاییشیان جیاوازە. ئێستا پرسیارێک: بە ڕەچاو کردنی جیاوازی وزەی کیمیایی بەرهەم و کاردەرەوەکان و یاسای بمێنی وزە ، ئەم بڕە نادیارە لە وزەی کیمیایی چۆن دەردەکەوێت؟

کاردانەوەی گەرماگیر و کاردانەوەی گەرمادەر[دەستکاری]

بە پێی یاسای بمێنی وزە ، لە هیچ کاردانەوەیکدا کۆی وزە ناگۆڕێت. کەوابوو ئەم جیاوازییە، بە شێوەی گەرما خۆی دەردەخا. بۆیە لە کاردانەوەی وەک : کاردانەوەی سووتانی مێتان، کە بە پێکهاتنی هایدرۆجین کلۆراید کۆتایی دێ، ئاستی وزەی بەرهەمەکان لە ماکە کاردەرەوەکان کەمترە و، گەرما بەر دەبێ و، بە کاردانەوەی گەرمادەر دەناسرێن. لە بەرامبەردا، لەو کاردانەوانەی کە تێیدا ئاستی وزەی کیمیایی بەرهەم زۆرتر لە کاردەرەوە سەرەتاییەکانە، کاردانەوەی گەرماگیر دەبێژن. بۆ سەرگرتنی کاردانەوەی گەرماگیر، دەبێ بڕێ گەرما بە پێکهاتەکانی کاردەرەوە بدرێت، وەک: شیکاری ئالومنیۆم کلۆرایدی بەستوو ، کە بە گەرم کردن، دەبێتە دوو گازی ئاموونیاک و هایدرۆجین کلۆراید .

لە ئەندازیاری وزەی کیمیاییدا، هەڵسەنگاندنی ئاستی وزەی بەرهەم و پەسا گرنگی تایبەتی هەیە. لە زانستی کیمیادا بە گۆڕانی ئاستی گەرما، ئانتاڵپی دەڵێن و بە ΔH نیشانی ئەدەن. لە کاردانەوەیەکی گەرمادەر:

H1: ئاستی وزەی پەسا (ماکە کاردەرەوەکان)

H2: ئاستی وزەی بەرهەم

H2 <H1 H2-H1<0

بەم شێوە گۆڕانی ئانتاڵپی ΔH لە کاردانەوەیەکی گەرمادەر، هەمیشە (-)یە.

لە کاردانەوی گەرماگیر:

H2>H1→H2-H1>0→ΔH>0

گۆڕانی ئانتاڵپی، لە کاردانەوەی گەرماگیر، (+)ە.

جۆرەکانی کارلێکی کیمیایی[دەستکاری]

ھەزاران کارلێکی کیمیایی ناسراو، لە سیستمە ژیانییەکان و کردە پیشەسازییەکان و تاقیگە کیمییاییەکاندا ڕوودەدەن و بەزۆریی پێویستە ئەو بەرھەمانە پێشبینیی بکرێن کە لەو کارلێکانەدا پەیدا دەبن، بیرکەوتنەوەی ھاوکێشەکانی بەو ژمارە زۆرە کارلێکە، کارلێکی سەخت و شەکەتکەرە، بۆیە باشتر و ھەڵکەوتوو تر وایە، ئەو کارلێکانە بەپێی چۆنییەتی ڕوودانیان بپۆڵێنرێن، ئەوجا زانیارییە گشتییەکان دەربارەی جۆرەکانی ئەو کارلێکانە لەپێشبینیی بەرھەمەکانیدا بەکاربھێنرێت. کارلێکە کیمیاییەکان دەکرێن بە پێنج جۆری بنچینەییەوە کە ئەمانەن[١]:

کاردانەوەی پێکهاتن[دەستکاری]

لە کاردانەوەی پێکهاتن (بەئینگلیزی: Composite reaction) یاخود کاردانەوەی یەکگرتن (بەئینگلیزی: Synthesis reaction)، دوو ماددە یان زۆرتر یەک دەگرن بۆ پێکھێنانی ئاوێتەیەکی نوێ، ئەم جۆرە کاردانەوە بەم ھاوکێشە گشتییەی خوارەوە دەردەبڕدرێت:
X + A → AX
X و A دەشێت توخم یان ئاوێتە بن و AX ئاوێتەیە. ئەم نموونانەی خوارەوە چەند جۆرێک لە کاردانەوەی پێکهاتن ڕوون دەکەنەوە.

کاردانەوەکانی توخم لەگەڵ ئۆکسجین و گۆگرد[دەستکاری]

نموونەی کارلێکە سادەکانی یەکگرتنی ھەر توخمێک لەگەڵ ئۆکسجیم بۆ پێکھێنانی ئۆکسیدی ئەو توخمە، نزیکەی ھەموو کانزاکان، لەگەڵ ئۆکسجین یەک دەگرن و ئۆکسید پەیدا دەکەن، کە شریتێکی باریکی مەگنیسیۆم دەسووتێنرێت، بەگڕێکی سپیی بریسکەدار دەسووتێ و کە بە تەواویی شریتەکە دەسووتێ، خۆڵەمێشێکی ورد و سپی لێ دەمێنێتەوە کە ئۆکسیدی مەگنیسیۆمو ئەم کارلێکە کیمییاییە بەم ھاوکێشەیە دەردەبڕدرێت:
٢Mg(s) + O٢(g) → ٢MgO

توخمەکانی تری کۆمەڵەی ٢ ی خشتەی خولی، بەھەمان ڕێگە کارلێک دەکەن و ئۆکسیدەکانییان پێک دێنن، کە شێوگی گشتییان MO ـیە، ھێمای M کانزاکە پیشان دەدات. کانزاکانی کۆمەڵەی ١، ئۆکسید پێک دێنن، کە شێوگی گشتییان M٢O ـیە، وەک Li٢O، Na٢O، K٢O ھەروەھا توخمەکانی کۆمەڵەی ١ و ٢ لەگەڵ گۆگرد بەھەمان شێوە کارلێک دەکەن و گۆگردید پێک دێنن وەک M٢s، ئەمانەی خوارەوە نموونەی ئەو جۆرە کارلێکانەی یەکگرتنن:
١٦Na(s) + S٨(s) → ٨Na٢S

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • پەڕتووکی کیمیا ی پۆلی یانزەھەمی زانستیی (لاپەڕە ٤٧) - وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
  1. پەڕتووکی خوێندکاری پۆلی دەیەمی زانستیی، لاپەڕە ٦٠