میر (کتێب)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
«میر»، چاپی ١٥٣٢

میر یان شالیار (بە ئیتاڵی: Il principe) کتێبی شابەرھەمی مەکیاڤێللی (١٤٦٩-١٥٢٧) بیرمەند و مێژوونووسی ئیتاڵییە. ئەو کتێبە لە ساڵی ١٥١٣ نووسراوە، بەڵام ١٥٣٢ ئەوجا بڵاو کرایەوە.

لە «میر»دا نووسەر بە وردی خەتوخالی فەرمانڕەوایی دادەڕێژێت، شاڕێی ھەم سەرکەوتن و ھەم شکەستی فەرمانڕەوایەتی پیشان دەدات. لەم بوارەدا «میر» بە شرۆڤەکارییەوە دەربارەی ھێز و ھۆکاری ملکەچبوونی خەڵک بۆ دەسەڵات دەدوێ و بۆ دەسەڵاتیشی ڕوون دەکاتەوە چۆن ئەو ملکەچییەی گەل دابین بکەن.

مەکیاڤێللی لەم بەرھەمەدا پەنا دەباتە بەر نموونەی مێژووکرد، ھەم کۆن و ھەم ھاوچەرخ، بۆ نەخشاندنی تابلۆی میری نموونەیی: میر دەبێ دڕندە بێت بەڵام تەنھا ئەو کاتەی ھیچ چارەیەکی دیکەی نییە، بەڵام ھەرگیز نابێت میھرەبانی و بەخشەندەیی خۆی لەدەست بدات.[١]

نموونەی مێژووکرد[دەستکاری]

میر لە چاپتەری چوارەمدا، بەدەم ڕوون کردنەوەی ھونەری فەرمانڕەوایی، ئاماژە بە سێ نموونە دەکات دووانیان پەیوەندی بە دونیای کوردستانەوە ھەیە. سەردێڕی چاپتەری چوارەمی «میر» دەڵێ‌‌:[٢]

«ھۆکار چییە وەڵاتی داریۆش، کە ئەسکەندەر داگیری کردبوو، پاش مردنی ئەسکەندەر، بەڕووی جێنشینەکانیدا ڕانەپەڕی؟».[٣]

دوو جۆر فەرمانڕەوایی[دەستکاری]

لێرەدا مەکیاڤێللی بۆ شرۆڤەی ئەم دیاردەی نەبزاوتنی میللەتی داگیرکراو، دیدی خۆی بەم جۆرە ڕوون دەکاتەوە: بەگشتی دوو جۆر فەرمانڕەوایی ھەیە:

  • جۆری یەکەم: بریتییە لەوەی میر تاکڕەوانە فەرمانڕەوایی میللەتێکی ژێردەستە دەکات و بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکەش میر خۆی چەند وەزیر و فەرمانبەرێک دیاری دەکات.

داگیرکردنی وڵاتێک خاوەن فەرمانڕەوایی جۆری یەکەم، کارێکی سەختە چونکە گشت پێگەداری ئەو وەڵاتە کەسانی فەرمانبەرن و گوێڕایەڵی میرن. بەڵام پاش لەنێو بردنی ئەو میرە و داگیرکردنی وڵات، خۆسەپاندن و بەردەوامبوونی دەسەڵاتی نوێ ئاسانە، دیسان چونکە وڵات کەسی دیکەی تێدا نییە شکۆمەند و سەردار.

  • جۆری دووەم: میر لە ڕێی چەند سەردارێکی شکۆمەندەوە فەرمانڕەوایی دەکات کە سەرچاوەی پێگەیان ناگەڕێتەوە بۆ خێری میر، بەڵکوو بۆ خودی خۆیان. ئەم سەردارانە خاوەن بنگە و پەیڕەوانی وەھان خۆڕسکانە سەردارەتیان لێ دەسەلمێنن.

جۆری دووەم داگیرکردنی ئاسانە چونکە سەردارانی جودا، خاوەنی بەرژەوەندی و خواستی جودان و دەکرێ دۆست و لایەنگیریان لە نێودا پەیدا بکەیت. بەڵام پاش داگیر کردن، خۆسەپاندن و بەردەوامبوون کارێکی سەختە، چونکە سەرداری خاوەن شکۆ، ھەڵوێست، ویست و خواستی خۆی ھەیە، چە ھاوکار بووبێت لە نەمانی دەسەڵاتی کۆندا، چە نەیار. بنەبڕ کردنی دەسەڵاتداری کۆنیش سوودی نییە، چونکە ھەر سەردارێک بۆ خۆی سەروەرە.

دارای ھەخامەنشی[دەستکاری]

بۆ باشتر ڕوون کردنەوەی ئەم بۆچوونە، مەکیاڤێللی دێت فەرمانڕەوایی «دارای ھەخامەنشی» دەکاتە سەرەباس. بە کوشتنی دارا، سەرلەبەری وڵات بۆ ئەسکەندەر و پاشان بۆ جێنشینانی ئەسکەندەر تەخت دەبێت. دارای ھەخامەنشی لە فەرمانڕەوایی خۆیدا کارێکی نەکردبوو میللەت لە داگیرکەری نوێ ڕاپەڕن، پێگەداری سەروەری تێدا نەھێشتبوو.

مەکیاڤێللی بەدەم شرۆڤەکارییەوە دەوڵەتی تورک - مەبەست دەوڵەتی عوسمانییە بەڵام مەکیاڤێللی ھەر بە تورک ناوی دەبات- دەکاتە نموونەیەک لە جۆری یەکەمی فەرمانڕەوایی، واتە خونکاری تاکڕەو و فەرمانبەری نۆکەر. بۆ جۆری دووەم - واتە فەرمانڕەوایی میر و دەستەی سەرداران - پەنا دەباتە بەر وڵاتی فەڕەنسای ئەو دەمە.

سوڵتانی عوسمانی[دەستکاری]

سوڵتانی عوسمانی وڵاتەکەی کردووەتە چەندین «سەنجەق» و ھەریەکەیانی داوەتە دەست فەرمانبەرێکی گوێڕایەڵ و خزمەتچیی خۆی. زاڵبوون بەسەر ئەمانەدا سەختە، چونکە گشتیان بە یەک فەرمان و یەک ئاڕاستە دەبزوێن. بەڵام پاش بنەبڕ کردنی بنەماڵەی سوڵتان، فەرمانبەری کۆیلە ویست و توانای ڕاپەڕینی نییە. گەر دەسەڵاتی کۆن ڕما، بە ئاسانی جڵەوی دەکێشرێت.

فەرمانڕەوایی فرانسە[دەستکاری]

وڵاتانی وەک فرانسە سازمانیان جودایە. بە ئاسانی دەگیرێن، چونکە سەرداری دەسەڵاتداری زۆرن، بەڵام پاش داگیرکردن دەسەڵات جێگیر نابێت چونکە ھەر یەک لەم سەردارانە داکۆکی لە ویست و بەرژەوەندیی خۆی دەکات. ڕاپەڕینی بەردەوامی فرانسە، ئیسپانیا و یۆنان بەرانبەر ڕۆمانییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ھەموو ئەو میرنشینانەی لەو وڵاتانەدا ھەبوون.

وەرگێڕان بە کوردی[دەستکاری]

کتێبی میری مەکیاڤێللی دوو جار بە کوردیی سۆرانی وەرگێڕاوەتە و بە ناونیشانی خوارەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە:

  • میر، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە حسێن عارف، لەگەڵ لێکۆڵێنەوەیەک لە کەمال مەزھەر ئەحمەد، بەغدا: چاپخانەی سەمیرامیس، ١٩٨٢.
  • شالیار، وەرگێڕان لە ئیتاڵییەوە جەمال زەندی، سنە: مادیار، ٢٠٢١.

پەراوێز[دەستکاری]

  1. ^ Nationalencyklopedin[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  2. ^ «سازمانگەری» ٢٠٠-٢٠٢
  3. ^ Machiavelli, Niccolò. Fursten. Natur & Kultur. 2009: 59

سەرچاوە[دەستکاری]

بەستەری دەرەکی‌[دەستکاری]