قوتابخانەی میلیتۆسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شوێنی میلیتۆس لە کنارێنی ڕۆژاواییی ئەنادۆلدا، ماڵی تالیس، ئاناکسیماندرۆس و، ئاناکسیمینیس.

قوتابخانەی میلیتۆسی قوتابخانەیەکی فیکری بوو لە سەدەی شەشەمی پێش زاییندا. ئەندێشەگەلی سەر بەو قوتابخانەیە لەلایەن سێ فەیلەسووفی خەڵکی شاری میلیتۆسەوە شرۆڤە کراون: تالیس، ئاناکسیماندرۆس و، ئاناکسیمینیس. ئەم سێ کەسە، دژی باوەڕە باوەکانی سەردەمی خۆیان لەمەڕ جیھان و چۆنییەتیی پێکھاتن و شێوەگرتنی وەستان. پێش ئەمان، تەنیا ڕوونکردنەوەیەک کە بۆ دیاردەکان لە سروشتدا ئەدرا خواست و ئیرادەی خواکان بوو. بەڵام بە لای ئەمانەوە سروشت شیاوی لێڕوانین و تێگەیشتن بوو و، بەم بۆنەوە ئەکرێ بڵێین بەڕاستی یەکەم فەیلەسووفگەلی زانستی بوون.

ھەوڵ و کۆششی ئەم سێ فەیلەسووفە زیاتر ئەوە بوو کە ئەو جەوھەرە یا ئەو ماکە بنەڕەتییە کە جیھانی لێ دروست بووە (مادة المواد یا ماکەی ماکەکان) دەسنیشان بکەن. ئەو ماکەیە بە لای تالیسەوە ئاو، بە لای ئاناکسیماندرۆسەوە بێسنوور و، بە لای ئاناکسیمینیسەوە ھەوا بوو.

قوتابخانەی میلیتۆسی و قوتابخانەی یۆنیایی یەکێ نین. قوتابخانەی یۆنیایی ھەم داگری بیروڕا و فەلسەفەی میلیتۆسییەکانە، و ھەم داگری فەلسەفەی ھزرڤانانی تریشە کە خەڵکی میلیتۆس نەبوون، وەک ھێراکلیتوس.[١]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Milesian School - By Movement / School - The Basics of Philosophy". www.philosophybasics.com. Retrieved 2020-10-29.