ھێراکلیتوس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ھێراکلیتوس (بە یۆنانی: Ἡράκλειτος ὁ Ἐφέσιος ,Hērákleitos ho Ephésios؛ ٥٣٥ ھەتا ٤٧٥ی پێش زاینن) فەیلەسووفێکی یۆنانیی خەڵکی شاری ئێفێسوس لە یۆنیا بوو کە وەکوو کاریگەرترین فەیلەسووفی سەردەمی پێش سوقرات ناوی لێ دەبرێت. ئەو شازادەی ئێفێسوس بوو و مەشیا ببوای بە فەرمانڕەوای ئێفێسوس، بەڵام پلەوپایەکەی جێ ھێشت بۆ براکەی. ڕقی بوو لە ھاوشارییەکانی و سووکی دەکردن. تەنانەت ھۆمەر و فیساگۆرسی لە ڕەخنە و سووکایەتی بێبەش نەدەکرد و بڕوای وا بوو کە دەبێ ھۆمەر لە نێوان لاپەڕەکانی کتێب دەربھێنرێت و لێی بدرێت. ھەر بە ھۆی ئەم ڕق و بێزارییەی لە خەڵک، نیشتمانی جێ ھێشبوو و لە دەشت و کێوان دەژیا. لەو ماوەیەشدا گیا کێویلەی کردبوو بە بژیو و ئەمەش وای لێ کرد تووشی نەخۆشیی زگاوسان (ئیستیسقا) بێت و، ھەر ئەوەش کوشتی.

ھێراکلیتوس ڕاوەستاوی و پێوەجێیی لە جیھاندا ڕەت دەکردەوە و پێی وا بوو کە ھەموو شت ڕەوان و لە حاڵی گۆڕانە، ئەمە قسەی ئەوە کە «کەس ناتوانێت دوو جار پێ بخاتە ناو یەک ڕووبارەوە». وێڕای گۆڕان و ڕەوانییەک کە ھێراکلیتوس بڕوای وا بوو لە گشت شتەکاندا ھەیە، ئەو لۆگۆسی بە تەنیا شتی پاوەجێ و نەگۆڕی جیھان دەزانی. لیکۆڵەران پیان وایە ھێراکلیتوس مەبەستی لە لۆگۆس «یاسای زاڵ بە سەر جیھانەوە»یە. یاسایەک کە دژایەتی، بەرچاوترین تایبەتمەندییەتی. شەڕ و ململانێی نێوان دژبەران تاقە ڕاستەقینە و عەداڵەتی جیھانییە.