فیلیپ سیدنی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
سێر فیلیپ سیدنی
مانیومێنتێک بۆ سێر فیلیپ سیدنی لەو جێگەیەدا کە بریندار کرا
مەراسیمی ناشتنی سێر فیلیپ سیدنی

فیلیپ سیدنی یان سێر فیلیپ سیدنی (بە ئینگلیزی: Sir Philip Sidney) (١٥٥٤-١٥٨٦) شاعیر، دەرباری و سەروازی ئینگلیز بوو. ئەو کوڕی سێر ھێنڕی سیدنیی حاکمی وێڵز بوو کە سێ جار نوێنەری پاشا لە ئیرلەنددا بوە و فیلیپی دووەمی ئیسپانیا ناوی مەسیحیی لە سەر ناوە و باوکی ئایینیی بوە. دایکی فیلیپ لەیدی ماری دادلیە، کە کچی ئەو دووکی نورسامبێرلەند بوو.

ژیان[دەستکاری]

لە تەمەنی نۆ ساڵانیدا لە کڵێسەدا کارێکی بە دەست ھێنا کە بەو ھۆوە ساڵانە شەست پۆندی دەگرت. لە تەمەنی دە ساڵیدا ڕۆشتە قوتابخانەی شروزبێری کە زۆر لە کۆشکی لادلەو دوور نەبوو، کە باوکی لەوێدا وەکوو حاکمی وێڵز دەژیا. ئەو کاتەی کە تەمەنی کوڕەکە گەشتە یانزە ساڵ، سێر ھێنڕی نامەیەکی پڕ لە خۆشەویستی و ئامۆژگاریی بۆ نووسی. فیلیپ ئەم دەرسانە بە باشی فێر بوو و لە لای لێسیستەری مامەی و ویلیام سیسیلی ھاوڕێی باوکی گەلێک ئازیز بوو. لە دوای سێ ساڵ خوێندن لە ئاکسفۆرددا، وەکوو ئەندامێکی بچووکی لێژنەیەکی ئینگلیزی نێردرا بۆ پاریس. گەشتە دەرباری چارلزی نۆھەم و لەوێدا کوشتاری سەنت بارتۆلۆمووی بە چاوی خۆی بینی. وەکوو سەیران، سەفەری بۆ فەڕانسە، ھۆلەند، ئاڵمانیا، بۆھێمیا، لەھستان، مەجارستان، نەمسا و ئیتالیا کرد. لە فرانکفۆرتدا لەگەڵ ھابێرت لانگێتدا، یەکێک لە ڕێبەرانی فیکریی ھاگێنوتەکان، ئاشنا بوو و ئەم دۆستیەی لەگەڵ ئەودا ھەتا مردن بەردەوام بوو. لە ڤێنیزدا پائۆلۆ ڤێرۆنێز نیگارێکی لێ کێشا؛ لە پادوادا بە تەواوی فێری شێوازی غەزەلەکانی پێترارک بوو. لە گەڕانەوە بۆ ئینگلستاندا، لە دەربارەوە بەخێر ھاتنێکی گەرمیان لێکرد و بۆ ماوەی دەوری دوو ساڵ بوو بە یەکێک لە نزیکانی شاژن ئێلیزابێت، بەڵام دوای ئەمە بۆ ماوەیەک لە بەرچاوی شاژن کەوت، لە بەر ئەوەی کە ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە زەماوەندی ئێلیزابێت لەگەڵ دووکی ئالێنسۆندا دەربڕی.

شێعر[دەستکاری]

سیدنی ئەگەرچی دەوڵەمەن نەبوو، بەڵام بوو بە چالاکترین پشتیوانی وێژەوانانی سەردەمی خۆی. ئەو یارمەتیی بە کەمدێن، ھاکلویت، نەش، ھارڤی، جۆن دۆن، دانیەل و جانسۆن دا و زیاتر لە گشت کەس یارمەتیی سپێنسەری دا. ئیستیفان گۆسۆن کتێبی «قوتابخانەی خراپی»ی خۆی پێشکەش بە سیدنی کرد. فیلیپ سیدنی نووسەری داکۆکی لە شێعرە. سیدنی بە چاوگرتن لە ئەرەستوو و لێکۆڵەرە ئیتالیاییەکان، لەو کتێبەدا شێعری وەکوو "ھونەری چاو لێگرتن و پیشان دانی شتی ڕاستی یان ناڕاستی و نیگاری زماندار کە بۆ فێر کردن و چێژ وەرگرتنی مرۆڤە" ناساند. ئەو ئەخلاقی لە ھونەر زۆر بە گرنگتر دادەنا، ھونەری بە ئامرازێک بۆ فێر کردنی ئاکار دەزانی. ھەر لە ساڵی 1580دا کە کتێبی «داکۆکی لە شێعر»ی نووسی، دەستی کرد بە نووسینی ئارکادیای کۆنتێسی پێمبروک. ئەم کۆنتێسەی خوشکی سیدنی، یەکێک لە ناسراوترین ژنانی ئەو سەدەیە بوو. سیدنی ئەم کتێبەی بۆ خوشکەکەی نووسی. فیلیپ سیدنی لە نووسینی ئەم کتێبەدا چاوی لە ئاکاردیای سانازارۆ (1504) و یووفیوئێز گرتوە.

مردن[دەستکاری]

لە ساڵی 1585دا سیدنی لە لایەن ئێلیزابێتەوە نێردرا بۆ ھۆلەند تا یارمەتی شۆڕشگێڕەکانی ئەو وڵاتە دژ بە ئیسپانیا بدات. ئەگەرچی ھێشتا تەمەنی نەگەیشتبوە سی و یەک ساڵ بوو بە حاکمی فلاشینگ. ھەر لەو شەڕەدا گوللەیەکی بەر کەوت و دوای بیست و پێنج ڕۆژ برینەکانی ڕەشەوە بوون و کۆچی دوایی کرد.

سەرچاوە[دەستکاری]

Durant, W. and Durant, A. (1989). “The Story of Civilization: Age of Reason Begins,” pp. 87-95, World Library, Inc., USA.