فۆرزا (زنجیرە)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

فۆرزا (بە ئینگلیزی: Forza) ناونیشانێکە کە زنجیرەیەک یاری ڤیدیۆیی پێشبڕکێی لێ درووست کراوە، کە لەلایەن ئێکس بۆکس گەیم ستۆدیۆز بڵاوکراوەتەوە، کە تایبەتە بە خێزانی کۆنسۆڵەکانی ئێکس بۆکس و سیستەمی کارپێکردنی مایکرۆسۆفت ویندۆز. ئەم پاشکۆیە لە ئێستادا دابەشکراوە بەسەر دوو زنجیرەی جیاوازدا زنجیرە سەرەکییەکە ناوی (فۆرزا مۆتۆرسپۆرت)ە کە لەلایەن کۆمپانیای ئەمریکی Turn 10 Studios پەرەی پێدراوە و زنجیرەکەی تریش زنجیرەی Forza Horizon بە شێوازی جیھانی کراوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن کۆمپانیای پلەی گراوند گەیمزی بەریتانی پەرەی پێدراوە. ئەم زنجیرە یارییە ھەمیشە ھەوڵی داوە ڕکابەری زنجیرەی گران توریسمۆی سۆنی بکات بە ھاوشێوەکردنی کوالێتی سواربوون و فیزیای ئۆتۆمبێلەکانی ناو بازاڕ تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت. لە شوباتی ٢٠١٠ بەڕێوەبەرانی مایکرۆسۆفت ڕایانگەیاند کە ٣ ژمارەی یەکەمی ئەم زنجیرەیە کە لەو کاتەدا بڵاوکراونەتەوە، بە گشتی ١٠ ملیۆن دانەیان فرۆشراوە. سەرەتا یاری فۆرزا مۆتۆرسپۆرت یەکەم ژمارەی ئەم زنجیرەیە لە ٣ی ئایاری ٢٠٠٥ بە تایبەتی بۆ کۆنسۆلی ئێکس بۆکس بڵاوکرایەوە. یارییەکە گرافیکی قبوڵکراوی ھەبوو و بژاردەی زۆر ھەبوو بۆ خۆکارکردنی ئۆتۆمبێلەکانی ناو یارییەکە. یارییەکە تایبەتمەندیەکانی وەک ٢٠٠ ئۆتۆمبێل و چەندین یاریگای پێشبڕکێی جیھانی ڕاستەقینە یان ھاوشێوەکراوی تێدابوو.

سەرچاوەکان[دەستکاری]