شێخ مارف بەرزنجی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

مارف شێخ عەبدولکەریم شێخ حوسێن بەرزنجی (لەدایکبووی ١٠ی شووباتی ١٩٢١ ناحیەی قادر کەرەم قادر کەرەم – مردووی ٢٣ی حوزەیرانی ١٩٦٣ کەرکووک) شاعیر و چیرۆکنووس و ڕەخنەگرێکی لێھاتووی کورد لە بنەماڵەیەکی ئایینی سەر بە ڕایەڵی ڕێبازی تەسەوفی قادری سەر ھەڵداوە، کە دەچنەوە سەر شێخ حەسەنی قەرەچێواری جێنشینی کاک ئەحمەد شێخ، ئەو شێخ حەسەنەشمامی باوکی بووە و لە نەوەی شێخ ئیسماعیلی وەلیانییە.

ژیان[دەستکاری]

خوێندنی سەرەتایی تا پۆلی چوارەم لە قادر کەرەم تەواو کردووە، پاشان لەگەڵ شێخ حوسێنی برای چوونەتە شاری کەرکووک و لە تەکیە کۆنەیەکی خۆیان ژیاون. پۆلی پێنجەم و شەشەمی لەوێ تەواو دەکات. لە ساڵی ١٩٣٧ لە قوتابخانەی ناوەندی کەرکووک دەخوێنێ.
لە ساڵی ١٩٤٠ دەچێتە ئامادەیی و لە ساڵی ١٩٤٣دا بڕوانامەی دەرچوونی لە ئامادەیی وەردەگرێ و ھەر لەو ساڵەدا باوکی خوازبێنی کچێکی بۆ کردووە بەبێ ئەوەی چاوی پێ بکەوێ. لە دوای ژن ھێنان بۆ ماوەی نۆ مانگ دەبێتە فەرمانبەر لە فەرمانگەی دابینکردن.
لە ساڵی ١٩٤٤دا دەچێتە بەغدا و لە کۆلیژی ماف وەردەگیرێ، لەبەر دەست کورتی ماوەیەک لە فەرمانگەی تووتن لە بەغدا دامەزراوە بۆ ئەوەی خوێندنی کۆلێژی ماف بباتە سەر. لە بەغدا پەیوەندی ناسیاوی لەگەڵ ئازادیخواز و نیشتمانپەروەران کردووە. لە خۆپیشاندانەکانی ئەو سەردەمانەی بەغدا بەشدار بووە. لە کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ فەرمانی گرتنی لە لایەن دەسەڵاتی میرییەوە دەرچووە. ماوەیەک خۆی شاردووەتەوە. لە ھاوینی ١٩٤٨دا خوێندنی یاسا تەواو دەکات و بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرێ و دەبێتە پارێزەر. دوو ساڵ پارێزەری لە کەرکووک دەکات، بەڵام لەسەر ھەڵوێستی ڕامیاری و خەباتی نیشتمانی پێشکەوتنخوازی تووشی ڕاوەدوونانی پیاوانی میری دەبێ، ناچار تا ساڵی ١٩٥٠ بەشاخەکانی سەنگاو و قەرەداغ و شارباژێڕەوە ئاوارە دەبێت و نزیکەی چوار مانگ لای شێخ مەحموودی حەفید لە داری کەلی و مانگێکیش لە سیتەک لای شێخ لەتیفی حەفید دەبێ.

چالاکییەکان[دەستکاری]

شێخ مارف لە ساڵی ١٩٣٧ەوە، پەیوەندی ڕامیاری بەڕێکخراوی کوردییەوە بووە و لەگەڵ دامەزراندنی پارتی ھیوا لە ساڵی ١٩٣٩دا دەبێتە ئەندامێکی چالاکی چەپڕەوی نێو ئەو پارتە نەتەوەییە جەماوەرییەی کوردی و لە ساڵی ١٩٤٠دا دەبێتە باوەڕ پێکراوی قوتابیان لەشاری کەرکووک و ھەردەم گیانێکی شۆرشگێڕی بووە و لە ھەڵبژاردنەکەی ساڵی ١٩٥٤ی پەرلەمانی عێراق، یەکێک بووە لە پاڵێوراوانی بەرەی نیشتمانی یەکگرتوو، دەنگێکی یەکجار زۆر لە سلێمانی وەردەگرێ، بەڵام لە ئەنجامدا ڕژێم نایەڵێ ببێتە نوێنەری میللەت لە پەرلەماندا.

لە ساڵانی ١٩٥٤ – ١٩٥٥ دا د‌ەبێتە پارێزەری جوتیارەکانی کوردستان لە دژی خاوەن موڵکە دەسەڵاتدارەکان و لە گەلێک داوا سەردەکەوێ و ناوبانگی میللی لەناوچەکەدا بە تەواوی بڵاودەبێتەو‌‌ە و ناو د‌ەنرێ پارێزەری ھەژاران.

لەدوای شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ دا چونکە تێکۆشەرێکی پێشکەتنخواتی بوو، بۆیە بە سکرتێری ئاشتیخوازانی پارێزگای کەرکووک و ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی ئاشتخوازانی ئێراق ھەڵبژێردراوەو لەسەر داخوازیی جەماوەری کەرکووک بە سەرۆکی شارەوانی ئەو شارە دێڕینەی کوردستان دامەزراوەو داوی چەند مانگێک لەسەر ھەراو دووبەرکی کەرکووکی ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی تەممووزی ١٩٥٩ دەگیرێ و لەگەڵ دەستەیەک نیشتمانپەروەرانی پێشکەوتنخوازی کورد دەدرێن بە دادگای سەربازی و فەرمانی لە سێدارەدانیان دەردرێ، بەڵام تا ڕۆژی ١٩٦٣٫٠٦٫٢٣ فەرمانەکانیان جێبەجێ ناکرێ و لە بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە شوومە لە سێدارە دەدرێن و گیانی پاکیان دەچێتە بەھەشتی بەرین.

شێخ مارف بەرزنجی تێکۆشەرێکی بە جەرگ و چاو نەترس بوو، گرتن، و فەرمانی لە سێدارەدانی لە خوڵقاندنی بەرھەمی پتەوی وێژەی ساردنەکردەو‌‌ە لەناو بەندیخانەوە وتاری بەپێزو ھۆنراوەی پتەوو چیرۆکی ھونەریی و ڕەخنەو لێکۆڵینەوەی بەھێزی دەنووسی و پەیتا پەیتا لە گۆڤارە کوردییەکان بەنازناوی "پشکۆ" بڵاودەکردەوە.

وێژە[دەستکاری]

دەبێ ئەو ڕاستیەش بووترێت، کە ژیانی وێژەی "پشکۆ" لە ساڵی ١٩٣٧وەوە دەست پێدەکات، کە یەکەمین ھۆنراوەی نەتەوەیی داناوە، بەڵام یەکەمین ھەوڵی بۆ بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکانی بۆ ساڵی ١٩٤٢ دەگەڕێتەوە، کە چەپکە ھۆنراوەیەکی لە ڕۆژنامەی دەستنووسی "باسەرە"دا بڵاوکردۆتەوە کە مامۆستای خوالێخۆشبوو شاکر فەتاح لە ناوچەی قادر کەرەم بەڕێوەبەری ناوچە بووە دەری دەکرد.

یەکەمین ھەوڵیشی بۆ چیرۆکنووسین لەساڵی ١٩٤٧دا بووە، بەڵام ھەوڵدانی بۆ نووسینی چیرۆک لەسەر شێوەو تەکنیکی نوێ لە ساڵی ١٩٥٥دا بووە، کە چیرۆکێکی بە ناوی "سەر لە بەیانی نەورۆزێک" نووسیوە و لە پێشەکیەکەیدا دەڵێ: "ئەم چیرۆکەم لەسەر شێوە و شێوازی تەیاری وەعی نووسیوە!" ئەو شێوازەش لەناو چیرۆکنووسانی کورد دا شێخ مارف یەکەمین نووسەر بووە دەستی داوەتێ.

لەگەڵ دەرچوونی گۆڤاری "شەفەق" لە شاری کەرکووک لە ١٩٨٥٫٠١٫١٥دا شێخ مارف یەکێک بووە لە نووسەرە دیارە خامە بەھێزەکانی و چیرۆکی بەھێز و سەرکەوتووی وەکو چیرۆکی "ئاواز و کەباب"ی تێدا بڵاوکردۆتەوە و ھەندێ چیرۆکی سەرکەوتووی دیکەی وەکو چیرۆکی "گای پیرۆز"ی لە گۆڤارەکانی دیکەدا پەخش کردووە و چیرۆکی "نامەی سەرسنوور"ی لە گۆڤاری ڕووناەی و شەتڵ-ی لە گۆڤاری "ھیوا"دا بڵاوکردۆتەوە.

شێخ مارف لەناو زیندان و ژووری لەسێدارەدان دا جوانترین ھۆنراوەی سەرکەوتووی نووسیوەو لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی ساڵی ١٩٦١دا بڵاوکردۆتەوە و بەھرەی ئەو وێژەناسە مەزنە ھەر لە بواری چیرۆک و ھونراوەدا چەکەرەی نەکردووە، بەڵکو لەبواری شانۆنامە نووسین و ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی وێژەیی شانۆییش دا بەھرەدار و دەست ڕۆیشتوو بووە، لە بواری ڕەخنەی وێژەییدا، دیوانی ھۆنراوەی نوێی کوردی ھەڵدەسەنگاند و دەیویست ئەو ڕێنووسانەی، کە لە بەرنامەی ڕەخنەی دروستکردندا ھەن، لە وێژەی ھاوچەری کوردیدا پەیڕەو بکرێن و بیان کات بە پێوانەیەکی ڕاست و دروست بۆ شیکردنەوەی ناوەڕۆکی بەرھەمی وێژەیی ھاوچەری کوردی و یەکەم پڕۆژەی لە گۆڕەپانی ھۆنراوەی نوێی کوردیدا دیوانی "دیاری"ی کامەران موکری بوو، لە بارەی ئەم شاعیرەوە گوتوویەتی: "کامەران شاعیرێکی سەربەست و تەڕو شیرین گوفتارە، شاگردێکی پێشکەوتووی مامۆستا گۆرانە، کەمێکیش پەیڕەوی ھەردی لە شیعرەکانیدا دیارە..."

لەبارەی ھەڵسەنگاندنی پەرتووکی "مەم و زینی"ی خانی یە، کە ھەژاری شاعیری کوردی کروویەتی بەشێوەی موکریانی دەڵێ: "ئەگەر شەرەفنامە بەڵگەیەکی خۆماڵیی مێژوویی نەتەوەکەمان بێ، مەم و زینی خانیش شاکارێکی خۆماڵیی کوردە و خشڵ و زێڕێ نەخواستراوەی‌ میللەتەکەمانە و کورد خاوەنی ڕاستەقینەیەتی".

پشکۆی وێژەناسی بەتوانا، لەبواری ڕەخنەی شانۆیش دەست ڕۆیشتوو بووە، ھەروەک لە ڕەخنە و ھەڵسەنگاندنی دوو پەرتووکەکەی "عەبدولرەزاق بیمار" "شانۆگەریی بووکی پەردە" و "شانۆی کوردستان" دەردەکەوێ و لەکارە ڕەخنەییەکەی دا دەڵێ: "لە لێکۆڵینەوەی وێژەی دا بە پلەی یەکەم سەرنجی "ئایدیۆلۆژییەت و ھونەرمەندێتی" دەدرێ، کە ناوەڕک و ڕووخساری پێ دەڵێن و نووسراوی پەسەند و بەکەڵکیش ئەوەیە، کە "زۆر بژی و خۆشی بەگەل ببەخشی!"

پەراوێزەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]