سەیدەوان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

بەیتی سەیدەوان، وەک یەکێک لە گرنگترین و بەرچاوترین بەیتە کوردییەکان باس دەکرێت کە لەناوچەی موکریانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن بەشێک لە بەیتبێژانەوە گوتراوە و شێوە و ڕیوایەتی جۆراوجۆری هەیە، ئەحمەد بەحری لێکۆلەری بەیت و باوی کوردی لە کتێبی “گەنجی سەر بە مۆر” دا ئاماژەی بەوە کردووە کە 17 کەس بەیتی سەیدەوانیان گوتووە کە ناوی 15 بەیتبێژ دیارە و دوو بەیت بێژیش نەناسراون.[١]

سوارە ئیلخانیزادە لە تاپۆ و بوومەلێڵدا و لە چوارچێوەی بابەتێکدا لەژێر ناوی تڕاژێدی سەیدەوان لەسەر ئەم بەیتە دەڵێت:

"ژیانی خێڵاتی هێندێ خوو و رەوشتی تایبەتی خۆی هەیە، کە یەکیان دڵاوایی و بەخشین و ماڵی دنیا بەلاوە کەم بوونە، چونکە لەو چەشنە ژیانەدا ئاسان بژیوی و کەم بەڕێ چوون هەیە و باری ژیانەکە چەشنێکە کە ئادەمیزاد بەرامبەر بە پاشەکەوت کردن و بیر لە بەیانی ژیان کردنەوە بێ دەربەست دەبێ. لەبەر ئەوەیە کە کورد سەربەرزی و ئازایەتی ومیوانگری زۆرە و بەیتی «سەیدەوان» داستانی ئەم چەشنە ژیانە ئەگێڕێتەوە. بەداخەوەم کە وێژەی ئێمە لە ناو گەلانی جیهاندا بڵاونەبۆتەوە، دەنا خوا عالم کە بەیتی «سەیدەوان» زۆر لە «هاملێت»ی «شکسپێر» بەرزترە. شکسپێر لای وایە «هەبوون» یا «نەبوون»، مەبەست یەکێ لەو دوانەن؛ بەیتبێژی «سەیدەوان» ئەڵێ:

«دیلان یا ماتەم.» کامیان مەبەستی ژیانە؟!

قارەمانی شکسپێر «هاملێت»ی باوک کوژراو؛ دایکی خەیانەتکار و مامی پیاوکوژ بوونە هۆی پەژارەی «هاملێت»؛ بەڵام لە بەیتی «سەیدەوان»دا باوکێک سێ کوڕی گەنجی ئەمرن، کە یەکێک بە دەستی باوکەکە ئەکوژرێ.

خەمی «هاملێت» بەئەندازەی پەژارەی «عەبدولعەزیز»ی ڕۆڵە کوژراو گران نییە."[٢]

ناوی ئەو بەیتبێژانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیتی سەیدەوانیان گوتووە برتیتین لە: عەلی کەردار[٣]، حەمەدی بەیتان[٤]، حاجی ساڵەی تەورە، مەحمەڵ ڕەسووڵ شێرمۆخ، حەمەدی ئاغای[٥]، مام ئەڵڵا حەمە ڕەسوڵی سۆفی مینە، قالە شین، حەمە ساڵەی محەمەدی کوێخا، حەمەدی کاکۆڵی، حەمەجان ،قادر قادر پوور ڕەحیمی مەحمود حاجی- حاجی حەمەدی ئەسمەرێ.

بەڵام لە باشووری کوردستان لەگەڵ ئەوەی کە شوێنی ڕوودانی بەیتی سەیدەوان کەوتۆتە سنووری کوردستانی عێراق، تەنیا یەک کەس بە ناوی “رەسوڵ ئاوەژەیی” ئەم بەیتەی گوتووە کە “زیاد محەمەد ئەمین” ساڵی 1983لە کەشکۆڵی (چووزەبیزا)دا لە لاپەرەکانی 65-72 تۆماری کردووە.

بەمجۆرە ڕیوایەتەکانی بەیتی سەیدەوان دەبنە 18 ڕیوایەت کە لە لایەن 18 بەیتبێژەوە گوتراون.

لەو 18 ڕیوایەتەدا، هەرکام بە شێوەی جیاواز لەوی تر گوتراون، واتە لە بەیتەکان لە شێوەی گوتندا لە یەکتر ناچن، ئەوەی کە زۆر گرنگ بێ ئەوەیە کە بەیتی سەیدەوان لە ڕیوایەتدا دوو فۆرمی هەیە.

یەکەم: شێوەیەکە کە تەنیا بە (دەنگ و ئاواز، بە بێ موسیقا) دەگوترێت. (عەلی کەردار- حەمەدی بەیتان مەحمەڵ ڕەسوڵ شێر موخ حاجی حەمەدی ئەسمەرێ مام ئەڵڵا حەمە ڕەسووڵی سۆفی مینە حەمە ساڵەی محەمەدی کوێخا کاکۆڵی، حەمەجان و ڕەسوڵ ئاوەژەیی و دوو بەیتبێژی نەناسراو.)

دووهەم : بەیتبێژ بە قسە و گێڕانەوە بەیتەکە دەست پێدەکا، دواتر دەیکاتە دەنگ و ئاواز. (حاجی ساڵە تەورە حەمەدی ئاغای قالەشین قادر قادرپوور ڕەحیمی مەحمود حاجی.)[٦]

سەرەڕای ئەو کەسانەی ئاماژەیان پێدراوە ئەم دواییانە هونەرمەندێک بەنێوی شۆڕش مەحموودی ئەو بەیتەی گوتۆتەوە. [٧]

دەقی بەیتی سەیدەوان بە ڕاوێژی عەلی کەردار:

ئەوە بەهارە چ بەهارێکی لە من بە نیێنی

رەبی خودایە ئەتۆ هەوری رەحمەتێ بێنی

لە لای قوبلەی مبارەک

لە داوێنی فەڕەنگی‌یان

لە سەر تاج و هۆبەکەی بابی کاک سەیدەوانی هەڵبڕژێنی

ئەورۆکانە ئەمن زەینی خۆم دەداوە گراوی کاک سەیدەوانی

تۆق و تەلەسم و کرمەکان لە لاجانگێ با رایدەژێنی

یەک لە نەکاو دەیگوت عەبدولعەزیز نێچیرەوانت مردۆ

دەمکوت توخوداکەی کەس دەنگێ نەکا

با دەستی دیلانێ بەر نەبێ

نەوەک دڵی کیژ و کوڕی داسنیان

لە بابی سەیدەوانی بێشێنی

ئەوە بەهارە.. رۆڵە سەیدەوان بەهارە

چ بەهارێکی لە من بە دزی

ڕەبی خودایە ئەوە تو هەوری رەحمەتی بێنی

لە لای قوبلەی موبارەک

لە داوێنی فەڕەنگیان

لە سەر قەبری نێوچیرەوانم هەڵبڕێژی

ئەمن زەینێ خۆ دەکردە سەر قەبری کوڕانم

لێی دەرسکا هەڵاڵە و بەیبوونە لە گەڵ گوڵی دە نێرگزی

تو خودا خزمینە کێ دیویەتی لە دەورەتی زەمانەی دا

باب بە دەستی خۆی کوڕی خۆی بکوژی

ئەوە بەهارە رۆڵە سەیدەوان بابم بەهارە

چ بەهارێکی لە من لە نەکاوێ

ئەمن زەینی خۆم دەداوە ماڵ و مەڕەکەی بابی کاک سەیدەوانی

هەڵیدەداوە لە تیلەگی دە کوێستانێ

بەرامبەر و پێشانم دەبۆ گۆمە دەڵاوێ

ئەمن زەینی خۆم دەداوە نێری بەرانەکەی کاک سەیدەوانم

هەڵدەپسێنێ سەری هەڵاڵە و بەیبوونە و گیاخاوێ

بۆ کەس نەبوو بڵێ رەبی عەبدولعەزیز

چاوی جاسوسیت کوێر بێ

قامکی پەلاپیتکەت بشکێ

ئەوە سەیدەوانە و تفەنگی خۆت ماوێ

ئەوە بەهارە سەیدەوان بابم بەهارە

چ بەهارێکی لە من شین دەنوێنی

رەبی خودایە ئەتۆ هەوری رەحمەتێ بێنی

لە لای قوبلەی مبارەک

لە داوێنی فەرەنگی‌یان

لە سەر چادر و چیغەکەی بابی کاک سەویدەوانیم هەڵبڕژێنی

یارە

بی خودایە ئەتۆ هەڵکەیە بای رەحمەتی

لە غەمی عەبدولعەزیزی دەی

لە بەحری خوێی تێپەڕێنی

توخودا خزمینە کێ دیویەتی لە دەورەتی دە زەمانەی دا

باب بە دەستی خۆی کوڕی خۆی بکوژێ و دە خوێنێی بگەوزێنی

ئەوە بەهارە رۆڵە سەیدەوان بابم بەهارە

چ بەهارێکی لە من لە شەڕە

یارەبی خودایە ئەتۆ چڵکە هەورێکی بێنی

لە لای قوبلەی مبارەک

لە داوێنی فەڕەنگی‌یان

ببارێنی بارانی رەحمەتێ

قەبری کوڕانم بۆ بکەیەوە تەڕە

ئەمن زەینێ خۆم دەداوە سەر قەبری کوڕانم

لێی دەڕسکا هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسن و شللێر و شەشپەڕە

ئەمن دەستم دەدا تفەنگێ خۆم

رووم دەکردەوە چیاێی مەغڵوبێ داسنیان

بۆ بوکنیان بێنمەوە گۆشت بەران و گۆشت مەڕە

بە داوێنی بەردان دا دەڕۆیمە خوارێ

دەمڕوانیە تاقەی سیپانی وێرانبوو

خۆ من نەمدەزانی کاکۆڵی کاکە سەیدەوانیە

لە گەڵ گوڵی کوێستانان

پرشێکە بای شەماڵ لێی دەدا

بە یەکیان دەداتەوە گەڕە

ئەمن تفەنگی خۆم داویشتە سەر بەردی

جاسوسم لێ دەگرت

تەقەم لە تفەنگێ دەهات

تەمی لە سەر نەدەڕەوی

لەوێ سەیدەوانم وەسەر یەک دەگەڕا

ئەلحان ئەگەر بڵێم توخودا خزمینە

دەستی یەک بەردەن و ئەمن دیلانێ ناکەم

پێم دەڵێن عەبدولعەزیز خەرفاوە، شێت بووە و پیرێکی ئاخر شەڕە

ئەوە بەهارە رۆڵە بەهارە

چ بەهارێکی لە من بە غللورە

ئەورۆکە ئەمن زەینی خۆم دەداوە سەر قەبری سەیدەوانم

لێی دەرسکا هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسن و گوڵە زەمبوورە

شەرت بێ رۆڵە بە شەرتی خودای

لە پاش ئێوە دە لاقم ناکەم چەکمان و

دە شانم ناکەم تفەنگێ سێ تیر و

تازە ناچمەوە ڕاوی نێرێ بەلەکوورە

توخوداکەی خزمینە

کێ دیویەتی لە دەورەتی زەمانێ دا

لە سەر سێ کوڕان ڕا بووک بچنەوە ماڵی بابیان

بە جلی دە سوورە

ئەوە بەهارە رۆڵە سەیدەوان بەهارە

چ بەهارێکی لە من هاڵۆزە

ئەورۆکە ئەمن زەینێ خۆم دەداوە سەر قەبری کاک سەیدەوانی

لێی دەڕسکان هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسنە و گوڵە نەورۆزە

شەرت بێ رۆڵە بە شەرتی خودای

لە پاش ئێوە دە لاقم ناکەم چەکمان و

دە شانم ناکەم تفەنگێ سێ تیر و

تازە ناچمەوە ڕاوی نێرێ بەلەبۆزە

ئەوە بەهارە

چ بەهارێکی لە من سەر بە زستانە

ئەمن زەینێ خۆم دەکردەوە سەر قەبری کاک سەیدەوانی

لێی دەرسکاوە هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسن و گوڵی دانە بە دانە

شەرت بێ رۆڵە سەیدەوان لە پاش ئێوە

دە لاقم نەکەم چەکمان

دە شانم نەکەم تفەنگی سێ تیر و

تازە ناچمەوە ڕاوی ئەوان کێویانە

وەی ڕۆڵە هەر لەو زەمانی تا ئەو زەمانی

هەر لە دەوری شای تا نەوشیرەوانی

توخودا گەلی دە دۆستان

گەلی دە خزمان

وەرن سێ داوەتان بگێڕن

یەکیان ئی مەلکەوانی

دومیان ئی نێچیرەوان سێهەم ئی سەیدەوانی

کێ دیویەتی لە دەورەتی زەمانان دا

لە سەر سێ کوڕان ڕا بووک بچتەوە ماڵە بابانی

مەلکەوانم مرد دەنگم نەکرد

نێچیرەوانم مرد هەر شوکری خودام کرد

بە خودای سەیدەوان خۆڵی گەرمێن و کوێستانێت وەسەری عەبدولعەزیزی کرد

وەی ڕۆ

هەتا ئەو رۆژەی خودا لە من دەکاتەوە دیوانێ

وەسەری عەبدولعەزیزی دەکردەوە خۆڵی کۆکۆیە

بە خودای نازانم نە دەردی پیری گەیوەتە عەبدولعەزیزی[٨]

  1. ^ "بەیتی سەیدەوان لە ئەدەبی زارەکیی کوردیدا".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ "تڕاژێدی سەیدەوان".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  3. ^ "سەیدەوان بە ڕاوێژی عەلی کەردار".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ "سەیدەوان بە ڕاوێژی حەمەی بەیتان".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  5. ^ "سەیدەوان بە ڕاوێژی حەمەدی ئاغا".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  6. ^ "بەیتی سەیدەوان لە ئەدەبی زارەکیی کوردیدا".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  7. ^ "سەیدەوان بە ڕاوێژی شۆڕش مەحموودی".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  8. ^ "سەیدەوان بە ڕاوێژی عەلی کەردار".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.