سەرۆک وەزیرانی ئێران
| سەرۆک وەزیرانی ئێران
نخستوزیر ایران | |
|---|---|
نیشانی فەرمی (١٩٨٠–١٩٨٩) | |
میرحوسێن مووسەوی، کۆتا سەرۆک وەزیرانی ئێران (١٩٨١–١٩٨٩) | |
| جۆر | سەرۆکی حکوومەت |
| دۆخ | ھەڵوەشاوەتەوە |
| ئەندامێتی | کابینەی ئێران ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی |
| بارەگا | کۆشکی ئەبیەز بنکەی سەرۆکایەتیی ئێران |
| ناونەر | پەرلەمان سەرۆک کۆمار (١٩٨٠–١٩٨٩) |
| دەستنیشانکەر | شا (١٩٠٦–١٩٧٩) پەرلەمان (١٩٨٠–١٩٨٩) |
| پایەی پێشوو | وەزیرانی باڵای ئێران |
| دامەزراندنی پایە | ١ی ئابی ١٩٠٦ |
| یەکەم خاوەن پایە | میرزا نەسروڵڵا خان |
| دوایین خاوەن پایە | میرحوسێن مووسەوی[١] |
| ھەڵوەشاندنەوە | ٣ی ئابی ١٩٨٩ |
| پایەی دواتر | سەرۆک کۆماری ئێران |
سەرۆک وەزیرانی ئێران (بە فارسی: نخستوزیر ایران) پۆستێکی سیاسی بوو کە لە زۆربەی سەدەی بیستەمدا لە ئێران بوونی ھەبووە. ئەم پۆستە لە سەردەمی شانشینی قاجاڕ لە ساڵی ١٩٠٦دا دامەزرا و دواتر لە سەردەمی شانشینی پەھلەوی مایەوە، بەڵام دوای ١٠ ساڵ لە پێکھاتنی کۆماری ئیسلامی پۆستەکە ھەڵوەشایەوە.
مێژووی پۆستەکە
[دەستکاری]سەردەمی قاجاڕ
[دەستکاری]لە سەردەمی قاجاڕدا، سەرۆک وەزیران بە ناونیشانی جیاواز دەناسران. خودی پۆستەکە بە پلەی یەکەم بە «ئەتابەک» یان «ئەتابەکی ئەعزەم»، یان ھەندێک جار لە سەرەتادا بە «سەدری ئەعزەم» (سەرۆک وەزیران) دەناسرا، بەڵام لە کۆتاییدا بوو بە «ڕەئیسولوەزەرا» (سەرۆکی وەزیران). ناونیشانی «نەخۆست وەزیر» (سەرۆک وەزیران) بە دەگمەن بەکاردەھات. زۆرجار سەرۆک وەزیران بە ناونیشانی ڕێزلێنانی «حەزرەتی ئەشرەف» بانگ دەکرا. ڕەزا خان سەردار سپە لە ساڵی ١٩٢٣دا بوو بە دوا سەرۆک وەزیرانی خانەوادەی قاجاڕ.
سەردەمی پەھلەوی
[دەستکاری]لە ساڵی ١٩٢٥دا، ڕەزا شا بوو بە شای ئێران. ئەو محەممەد عەلی فورووھی وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرد. لە ساڵی ١٩٤١دا کوڕەکەی، محەممەدڕەزا پەھلەوی بوو بە شا. ئەویش محەممەد عەلی فورووھی وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان کردەوە. لە ساڵی ١٩٥١دا، محەممەد موسەدیق بوو بە سەرۆک وەزیران، بەڵام لە کودەتایەکی پێچەوانەدا لە ساڵی ١٩٥٣دا لادرا. ئەمیر عەباس ھووەیدا لە ساڵی ١٩٦٥دا بوو بە سەرۆک وەزیرانی ئێران و تا ساڵی ١٩٧٧ لە پۆستەکەیدا مایەوە. شاپوور بەختیار دوا سەرۆک وەزیرانی سەردەمی پەھلەوی بوو.[٢]
کۆماری ئیسلامیی ئێران
[دەستکاری]دوای شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩، ئایەتوڵڵا ڕووحوڵڵا خومەینی، مەھدی بازرگانی وەک سەرۆک وەزیرانی حکوومەتێکی کاتی دەستنیشان کرد، کە تا تشرینی دووەمی ١٩٧٩ خزمەتی کرد. حکومەتەکە لەکاتی قەیرانی بارمتەگرتنی ئێراندا دەستی لەکار کێشایەوە، بەڵام ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەوە تەنھا ھۆکار نەبووە و بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ ڕۆژێک پێش ھێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەلایەن خوێندکارانی ئێرانییەوە درابوو.
ئەو پۆستە بە بەتاڵی مایەوە تا ئەو کاتەی ئەبوولحەسەن بەنی سەدر لە کانوونی دووەمی ١٩٨٠دا بوو بە سەرۆک کۆمار و محەممەد عەلی ڕەجایی وەک سەرۆک وەزیرانی خۆی ھەڵبژارد، ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی بەھۆی ئەو فشارانەی کە نوێنەرانی مەجلیس، بەتایبەتی ئەوانەی نزیک بوون لە «پارتی کۆماری ئیسلامیی»، دروستیان کردبوو. ڕەجایی لەو پۆستەدا مایەوە تا ئەو کاتەی لە حوزەیرانی ١٩٨١دا متمانە لە بەنی سەدر وەرگیرایەوە و لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٤ی تەممووزی ١٩٨١دا وەک سەرۆک کۆمار ھەڵبژێردرا. ڕەجایی، محەممەد جەواد باھونەری وەک سەرۆک وەزیرانی خۆی ھەڵبژارد، بەڵام تەنھا چەند ھەفتەیەک دواتر لە ٣٠ی ئابی ١٩٨١دا لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران بەیەکەوە تیرۆر کران.
کاتێک عەلی خامنەیی لە ھەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ١٩٨١دا بوو بە سەرۆک کۆمار، لە سەرەتادا عەلی ئەکبەر ویلایەتیی ڕاستڕەوی بە مەجلیس ناساند وەک سەرۆک وەزیرانی خۆی، بەڵام لەلایەن زۆرینەی چەپڕەوی ئەو کاتەی پەرلەمانەوە دەنگی پێنەدرا، کە دواتر سەرۆک وەزیرانی دڵخوازی خۆیان بەسەر خامنەییدا سەپاند، کە ئەویش میرحوسێن مووسەوی بوو. ناکۆکییەکە لە کۆتاییدا دوای دەستوەردانی ڕێبەری باڵا، ئایەتوڵڵا خومەینی کۆتایی ھات، کە ئامۆژگاری سەرۆک کۆماری کرد مووسەوی قبووڵ بکات.
مووسەوی لە ژێر ئەو ناونیشانەدا خزمەتی کرد تا ساڵی ١٩٨٩، کاتێک دەستوور ھەموار کرایەوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران و دابەشکردنی بەرپرسیارێتییەکانی لە نێوان سەرۆک کۆمار و پۆستێکی نوێ بە ناوی «جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار».