سالمی سنە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

سالمی سنە (١٨٤٨ لە تەختە، سنە – ١٩١١ لە سنە) ناوی «سالم»ی کردووە بە نازناوی شیعری. لە نێوەندی وێژەییدا بە ناوی «سالمی سنە» ناوبانگی دەرکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ «سالم»ی ساحێبقرانی سلێمانی تێکەڵی یەکتری نەبن. ھۆنراوەکانی دەچنە ناو شیعری کلاسیکی باشووری کوردستان، ئەم کردەوەی دەبێتە شۆڕشێک لەو ناوچەیەدا چونکە زمانی فەرمی میرنشینی ئەردەڵان و زمانی نووسین و قسەکردنی خەڵکی زاراوەی گۆرانی بوو، بۆیە شیعری تازەی لەم بابەتە دەوری گرنگی ھەبوو لە بڵاوبوونەوەی بزووتنەوە وێژەیییەکەی سلێمانی. لە ھۆنراوەکانیدا بە گشتی وەک سۆفییەکی تەریقەت خۆی دەخاتە ڕوو. وشە و زاراوەی سۆفیزم بەکاردێنێت، بەمە بەرھەمی لە شیعری پەروەردەیی نزیک دەبێتەوە دوور لە شیعری سۆفیزمی کۆزۆمسی.

ژیان[دەستکاری]

سالمی سنە (ناوی تەواو: سەلیم کوڕی شێخ ئەحمەدی کوڕی شێخ عەبدولکەریم کوڕی شێخ عەبدولغەفار کوڕی شێخ مەحموود کوڕی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ مستەفای تەختەیییە)، باپیرانی بە بنەچە دەچنەوە سەر شێخ مستەفای تەختە لە بنەماڵەی مەردۆخی. لە ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی تەختە لەدایکبووە، ئەمە گوندێکە کەوتووەتە لای باشووری شاری سنەوە. سەرەتای خوێندنی لای باوکی بووە. لە ساڵی ١٨٥٩دا بە سوختەیەتی چووەتە سنە لە مزگەوتەکانی ئەوێدا گەڕاوە. لە ١٨٦٤دا کە «سیوطی» خۆیندووە، چووەتە مەدرەسەی بیارە و لەوێوە بە ڕێگەی مەریوان گەڕاوەتەوە سنە.

لە ساڵی ١٨٦٦دا لە سنە لە «مەدەرسەی حاجی ماموستای نۆدشی» سەرەتای «شرح عقائد» دەست پێ دەکات. تا «مختصر»ی تەفتازاش دەخوینێت و ھەر لەوێ دەبێت.

لە دوای ئەمە ڕووی کردووەتە سابڵاغ (مەھاباد) و لای مەلا عەبدوڵڵای پیرمامی خوێندوویەتی. دوا قۆناغی خوێندنی لە سابڵاغ تەواو کردووە و لە ساڵی ١٨٧٤ ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، ئینجا گەڕاوەتەوە سنە و بووە بە مودەریس لەو مزگەوتەی لە دواییدا بە ناو خۆی ناوبانگی دەرکردووە، واتە مزگەوتی «شێخ سەلیم». لە پاش ماوەیەک ئیجازەی تەریقەت لە شێخ عومەری بیارە (زیائەدین) وەردەگرێت و دەبێت بە سۆفیی ڕێبازی نەقشبەندی.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • مێژووی ئەدەبی کوردی، عەلائەدین سەجادی.
  • دیوانی سالمی سنە، حەکیمی مەلا ساڵح، بڵاوکراوەی ئەکادیمیای کوردی، ژمارە (٢٨٠)، چاپخانەی حاجی ھاشم، ٢٠١٤ ھەولێر.
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی چوارەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٦٠٥ تا ٦٠٧، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر ٢٠٠٤.
  • مێژووی وێژەی کوردی، بەرگی دووەم، سدیق بۆرەکەیی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر ٢٠٠٨.