بۆ ناوەڕۆک بازبدە

دەروازە:پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکان/پەیماننامە نێونەتەوەیییەکان/٣

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پەیمانی لۆزان (بە فەڕەنسی: Traité de Lausanne) پەیماننامەیەکی ئاشتییە کە لە کاتی کۆنفرانسی لۆزان لە ساڵانی ١٩٢٢–١٩٢٣ دانوستان لەسەر کراوە و لە کۆشکی ڕوومین، لە شاری لۆزان، سویسڕا، لە ٢٤ی تەممووزی ١٩٢٣دا واژوو کرا. ئەم پەیماننامەیە بە فەرمی ئەو ململانێیەی یەکلایی کردەوە کە لە سەرەتادا لەنێوان ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و کۆماری فەڕەنسی ھاوپەیمان و بەریتانیا و شانشینی ئیتاڵیا و ئیمپراتۆریەتیی ژاپۆن و شانشینی یۆنان و شانشینی یوگۆسلاڤیا و شانشینی ڕۆمانیا لە سەرەتای جەنگی جیھانییەوە ھەبووە. دەقی ڕەسەنی پەیماننامەکە بە زمانی فەرەنسییە. پەیمانەکە دەرئەنجامی ھەوڵی دووەمی ئاشتی بوو دوای پەیماننامەی شکستخواردوو و پەسەندنەکراوی سیڤەر کە ئامانجی دابەشکردنی خاکەکانی عوسمانی بوو. پەیماننامەی پێشووتر لە ساڵی ١٩٢٠ واژوو کرابوو، بەڵام دواتر لەلایەن بزووتنەوەی نیشتمانیی تورکیاوە ڕەتکرایەوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەکە خەباتیان کرد. لە ئەنجامی جەنگی نێوان یۆنان و تورکیا، ئیزمیر وەرگیرایەوە و ئاگربەستی مودانیا لە تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ ڕاگەیەندرا. لەم کۆنگرەیەدا گەلێک بابەتی تایبەت بە کێشە ناوچەیی و ڕامیارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی موسڵ و سیستەمی تەنکە دەریایییەکان و کێشەی سیستەمی مافی بێگانە و کێشە ئابووری و دارایییەکانی وەک قەرزی گشتی عوسمانی و پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووریی بێگانە خرانە بەر باس و گفتوگۆ. کۆنگرەی لۆزان کە پەیمانی لۆزانی لێ کەوتەوە، زەبرێکی کاریگەری لە بابەتی کورد و کێشە ڕەواکەیدا و نەیھێشت ئاوات و داخوازییەکانی کورد بەپێی پەیمانی سیڤەر بێتە دی. لە ڕاستیدا لە ھیچ بەشێکی ئەم پەیمانەدا ھیچ ناوێک لە گەلێک بە ناو کورد نەھاتووە. دەقەکانی پەیماننامەکە لە چەندین شوێندا خەڵکی وڵاتی تورکیا بە تورک ناو دەبات وەک بڵێی ھیچ نەتەوەیەکی دیکە لەو وڵاتەدا نییە. (تەواوی وتار...) زیاتر...