دەروازە:وێژە/وتاری ھەڵبژێردراو
وتاری ھەڵبژێردراو ١
دەروازە:وێژە/وتاری ھەڵبژێردراو/١
زۆربای یۆنانی (بە Greek: Βίος και Πολιτεία του Αλέξη Ζορμπά) ڕۆمانێکە لەلایەن نووسەری بەناوبانگ نیکۆس کازانتزاکیس نووسراوەتەوە، ڕۆمانەکە باس لە کەسایەتی پیاوێکی ڕۆشنبیر دەکات بەناوی باسێل کە نوقمی جیھانی خوێندنەوە بووە لە گەشتەکەیدا چاوی بە پیاوێکی نەخوێندەوار دەکەوێت، قوتابخانەی ئەم پیاوە بریتیە لە ژیان و ئەزمونەکانی کە زوو دەبن بە ھاوڕێی یەکتر باسێل زۆر شت لەم پیاوە فێر دەبێت کە پێشتر لە پەرتووکەکانیشی نەیخوێندبوەوە، بەو ھۆیەوە بڕیار دەدەن پڕۆژەیەک ئەنجام دەدەن بەو پارەیەی کە باسێل لە باوکیەوە بۆی بەجێمابوو ئەم پیاوە نەخوێندەوارە ناوی زۆربایە، دەزگای ھۆڵیود فیلمێکی لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە بەرھەم ھێناوە بەھەمان ناونیشان کە ئەکتەری بەناوبانگ ئەنتۆنی کوین ڕۆڵی سەرەکی تێدابینیوە. زۆربا کەسایەتی ڕاستەقینەی ناوەوەی نیکوس کازانتزاکیسی نووسەرە کە لە چەند دەستنووسێکی ئاماژەی پێداوە، کە زۆر خولیای ئەو کەسایەتیەی ناوناخی بووە و ڕۆمانەکەشی بەناو کردووە، بە شێوەیەکی زۆرمەزن پێیداھەڵداوە و، وەھای ناساندووە کە کەسێکە زۆر دڵی بەژیانەوە خۆشە و غەمباری ناناسێت تەنانەت لە کاتە زۆر زۆر سەختەکانیشدا سەما دەکات جۆرەسەمایەک کە ئێستا بە (سەمای زۆربا) بەناوبانگە، لەم سەمایەدا وەک چۆلەکەیەک ھەڵدەفڕێت و ھەرچی ھەیە لەدەوروپشتی لە مرۆڤ و باڵندە و بێگیانەکان لەبیر دەکات.
وتاری ھەڵبژێردراو ٢
دەروازە:وێژە/وتاری ھەڵبژێردراو/٢
شازادە بچکۆڵە (بە فەڕەنسی: Le Petit Prince) یەکێکە لە چیڕۆکە بەناوبانگەکانی چیڕۆکنووس و شاعیری فەرەنسی؛ ئانتوان دۆ سانت ئێگزوپێری. لە ساڵی ١٩٤٣ لە نیویۆرک بە ھەردوو زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە. کتێبی شازادە بچکۆڵەکە وانەیەکی فەلسەفییە بەڵام لە بەرگی چیڕۆکێکی منداڵانە.
ئەو کتێبە باس لە چاوپێکەوتنی شازادە بچکۆڵەکە دەکات لەگەڵ یەکێک لە کەسە گەورەکان و ئەو ھەڵسوکەوتە نامۆیانەی کە کەسە گەورەکەن ئەیکەن کە چەندەھا ئاماژە و مانا لەخۆ ئەگرن.
چیرۆکەکە بە زمانێکی سادە و ئاسان نووسراوەتەوە، چونکە چیرۆکە بۆ مناڵانە و پێوستە مناڵان لێی تێبگەن. ئەم چیرۆکە زۆر بە ئاسانی مانا و چەمکەکانی ژیان لە لای کەسە گەورەکان پیشان دەدات.
وێنە ئاوییەکان بەشێکی گرنگی چیرۆکەکەن لەبەرەوەی مانای چیرۆکەکە بە ڕوونی پیشانی خوێنەر دەدەن، و جوانی و ڕەسەنایەتییش ئەبەخشنە چیڕۆکەکە.
نووسەر لەو چیرۆکە بانگھێشتی خوێنەر ئەکات بۆ ئەوەی ئەو منداڵەی لە ناخی دایە بی دۆزێتەوە، چونکە "ھەموو کەسە گەورەکان لە سەرەتا مناڵ بوون، بەڵام کەمیان ئەو ڕاستییەیان لەبیرماوە".
یەکەم دەستنووسی چیرۆکەکە لە کتێبخانەی پیێرپۆنت مورگان (Pierpont Morgan Library) لە نیویۆرک لەژێر ناونیشانی ١٣١٧٦١ پارێزراوە.
سانت ئێگزوپێری ئەم چیرۆکەی کاتێک نووسی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەژیا. شازادە بچکۆڵە وەرگێڕدراوەتە سەر زیاتر لە ٢٢٠ زمان و دیالێکت و زیاتر لە ١٣٠ میلیۆن دانەشی لێ فرۆشراوە، کە ئەمە وای کردووە وەکوو یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکان بێتە ئەژمار.
وتاری ھەڵبژێردراو ٣
دەروازە:وێژە/وتاری ھەڵبژێردراو/٣
ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان (بە ئینگلیزی: The Fault in Our Stars) ڕۆمانێکە نووسراوە لەلایەن جۆن گرینی نووسەری ئەمەریکی کە لە کانوونی دووەمی ٢٠١٢ بڵاوکراوەتەوە. ناونیشانی کتێبەکە لە دەقێکی شانۆنامەی جۆلیۆس کایسەری شکسپیرـەوە وەرگیراوە کە تێیدا کارەکتەر کاسیەس بە بروتۆس دەڵێ (ھەڵەکە، بروتۆسی ئازیز، لە ئەستێرەکانی بەختماندا نییە، / بەڵکوو لەخۆمانە...). دواتر و لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠١٤ دا فیلمێک دەرچوو بە ھەمان ناوی ڕۆمانەکە و بە چیڕۆکێکی وەرگیراو کە لەلایەن جۆش بوونەوە کاری دەرھێنانی بۆ کرابوو بە بەشداری ئەکتەران شەیڵین وودی و ئانسڵ ئێڵگۆرت و نات وۆف. ھەردووک ڕۆمان و فیلمەکە ھەم لە ڕووی ڕەخنەگرانەوە و لەڕووی ئابووریشەوە سەرکەوتنی باشیان بەدەستھێنا.
ھەیزل گرەیس، کە کچێکی ١٦ ساڵانە و تووشی شێرپەنجەی سییەکانی بووە، لەلایەن دایکی ناچاردەکرێ کە بەشداری لە گروپێکی پشتگیری شێرپەنجە بکات. لە گروپەکەدا ھەیزڵ کوڕێکی تەمەن ١٧ ساڵان دەناسێ بەناوی ئۆگەستس واتەرس، کە بەھۆی شێرپەنجەوە قاچی ڕاستەی لەدەستداوە. ھەیزڵ و ئۆگەستس یەکتر دەناسن و پەیوەندییەکی بەھێز لەنێوانیان دروست دەبێ، کە دوای یەکتر ناسینیان ئۆگەستس ڕۆمانێک دەبەخشێ بە ھەیزڵ بە ناوی بەھای کازیوە و ھەیزڵیش ڕۆمانی ئازارێکی مەزن پێشنیاردەکا بۆ ئۆگەستس کە ڕۆمانەکە لەلایەن پیتەر ڤان ھاوتنەوە نووسراوە و باس لە کچێکی تووشبووی شێرپەنجە دەکات بە ناوی ئانا، کە ڕەنگدانەوەی ژیان و ئەزموونی ھەیزڵی تێدایە. پاش ئەوەی ئۆگەستس کتێبەکە دەخوێنێتەوە سەرسام دەبێ بەوەی کە چیڕۆکی ڕۆمانەکە بێ کۆتاییە و ڕۆمانەکە لە نێوەندی ڕستەیەکدا کۆتایی پێ دێ، ھەیزڵیش ئەوەی پێ ڕادەگەیەنێ کەوا نووسەری ڕۆمانەکە تەنھا ئەو کتێبەی نووسیوە و لەوکاتەوە ھیچ ھەواڵی نییە.