دەروازە:وێژە/وتاری ھەڵبژێردراو/٢

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

شازادە بچکۆڵە (بە فەڕەنسی: Le Petit Prince) یەکێکە لە چیڕۆکە بەناوبانگەکانی چیڕۆکنووس و شاعیری فەرەنسی؛ ئانتوان دۆ سانت ئێگزوپێری. لە ساڵی ١٩٤٣ لە نیویۆرک بە ھەردوو زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە. کتێبی شازادە بچکۆڵەکە وانەیەکی فەلسەفییە بەڵام لە بەرگی چیڕۆکێکی منداڵانە.
ئەو کتێبە باس لە چاوپێکەوتنی شازادە بچکۆڵەکە دەکات لەگەڵ یەکێک لە کەسە گەورەکان و ئەو ھەڵسوکەوتە نامۆیانەی کە کەسە گەورەکەن ئەیکەن کە چەندەھا ئاماژە و مانا لەخۆ ئەگرن.
چیرۆکەکە بە زمانێکی سادە و ئاسان نووسراوەتەوە، چونکە چیرۆکە بۆ مناڵانە و پێوستە مناڵان لێی تێبگەن. ئەم چیرۆکە زۆر بە ئاسانی مانا و چەمکەکانی ژیان لە لای کەسە گەورەکان پیشان دەدات.
وێنە ئاوییەکان بەشێکی گرنگی چیرۆکەکەن لەبەرەوەی مانای چیرۆکەکە بە ڕوونی پیشانی خوێنەر دەدەن، و جوانی و ڕەسەنایەتییش ئەبەخشنە چیڕۆکەکە.
نووسەر لەو چیرۆکە بانگھێشتی خوێنەر ئەکات بۆ ئەوەی ئەو منداڵەی لە ناخی دایە بی دۆزێتەوە، چونکە "ھەموو کەسە گەورەکان لە سەرەتا مناڵ بوون، بەڵام کەمیان ئەو ڕاستییەیان لەبیرماوە".
یەکەم دەستنووسی چیرۆکەکە لە کتێبخانەی پیێرپۆنت مورگان (Pierpont Morgan Library) لە نیویۆرک لەژێر ناونیشانی ١٣١٧٦١ پارێزراوە.
سانت ئێگزوپێری ئەم چیرۆکەی کاتێک نووسی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەژیا. شازادە بچکۆڵە وەرگێڕدراوەتە سەر زیاتر لە ٢٢٠ زمان و دیالێکت و زیاتر لە ١٣٠ میلیۆن دانەشی لێ فرۆشراوە، کە ئەمە وای کردووە وەکوو یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکان بێتە ئەژمار.

زیاتر...