ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
بەرگی کتێب

ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان (بە ئینگلیزی: The Fault in Our Stars) ڕۆمانێکە نووسراوە لەلایەن جۆن گرینی نووسەری ئەمەریکی کە لە کانوونی دووەمی ٢٠١٢ بڵاوکراوەتەوە. ناونیشانی کتێبەکە لە دەقێکی شانۆنامەی جۆلیۆس کایسەری شکسپیرـەوە وەرگیراوە کە تێیدا کارەکتەر کاسیەس بە بروتۆس دەڵێ (ھەڵەکە، بروتۆسی ئازیز، لە ئەستێرەکانی بەختماندا نییە، / بەڵکوو لەخۆمانە...). دواتر و لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠١٤ دا فیلمێک دەرچوو بە ھەمان ناوی ڕۆمانەکە و بە چیڕۆکێکی وەرگیراو کە لەلایەن جۆش بوونەوە کاری دەرھێنانی بۆ کرابوو بە بەشداری ئەکتەران شەیڵین وودی و ئانسڵ ئێڵگۆرت و نات وۆف. ھەردووک ڕۆمان و فیلمەکە ھەم لە ڕووی ڕەخنەگرانەوە و لەڕووی ئابووریشەوە سەرکەوتنی باشیان بەدەستھێنا.

چیڕۆکی ڕۆمانەکە[دەستکاری]

ھەیزل گرەیس، کە کچێکی ١٦ ساڵانە و تووشی شێرپەنجەی سییەکانی بووە، لەلایەن دایکی ناچاردەکرێ کە بەشداری لە گروپێکی پشتگیری شێرپەنجە بکات. لە گروپەکەدا ھەیزڵ کوڕێکی تەمەن ١٧ ساڵان دەناسێ بەناوی ئۆگەستس واتەرس، کە بەھۆی شێرپەنجەوە قاچی ڕاستەی لەدەستداوە. ھەیزڵ و ئۆگەستس یەکتر دەناسن و پەیوەندییەکی بەھێز لەنێوانیان دروست دەبێ، کە دوای یەکتر ناسینیان ئۆگەستس ڕۆمانێک دەبەخشێ بە ھەیزڵ بە ناوی بەھای کازیوە و ھەیزڵیش ڕۆمانی ئازارێکی مەزن پێشنیاردەکا بۆ ئۆگەستس کە ڕۆمانەکە لەلایەن پیتەر ڤان ھاوتنەوە نووسراوە و باس لە کچێکی تووشبووی شێرپەنجە دەکات بە ناوی ئانا، کە ڕەنگدانەوەی ژیان و ئەزموونی ھەیزڵی تێدایە. پاش ئەوەی ئۆگەستس کتێبەکە دەخوێنێتەوە سەرسام دەبێ بەوەی کە چیڕۆکی ڕۆمانەکە بێ کۆتاییە و ڕۆمانەکە لە نێوەندی ڕستەیەکدا کۆتایی پێ دێ، ھەیزڵیش ئەوەی پێ ڕادەگەیەنێ کەوا نووسەری ڕۆمانەکە تەنھا ئەو کتێبەی نووسیوە و لەوکاتەوە ھیچ ھەواڵی نییە. دوای ھەفتەیەک، ئۆگەستس بە ھەیزڵ دەڵێ کەوا یاریدەدەری پیتەر ڤان ھاوتنی دۆزیوەتەوە بە ناوی لیدەڤەی و لە ڕێی ئەوەوە توانیویەتی پەیوەندی بە ڤان ھاوتنەوە بکات. ھەیزڵیش بە ئیمەیڵ پرسیاری زۆر دەربارەی ڕۆمانەکە و کۆتایی ڕۆمانەکە و چیڕۆکی کاراکتەرەکانی تر دەکا، بەڵام ڤان ھاوتن ئەوە ڕادەگەیەنێ کەوا ناتوانێ بە شێوەی سەر ئینتەرنێت ئەو شتانە باسبکا مەگەر ڕووبەڕووی یەک ببنەوە و بەمەش خەونی ھەیزڵ لەناودەچێ چونکە ڤان ھاوتن لە ئەمستەردام، ھۆڵەندا دەژی. دواتر لە سەیرانێکدا ئۆگەستس بە ھەیزڵ ڕادەگەیەنێ کەوا لەڕێی ڕێکخراوی بەدیھێنانی ئارەزووەکانی تووشبووانی شێرپەنجە توانیویەتی گەشتێک ڕێکبخەن بۆ ئەمستەردام بۆ لای پیتەر ڤان ھاوتن بۆ ئەوەی خەونەکەی ھەیزڵ بێتە دی. کاتێ لە ئەمستەردامن، ئۆگەستس ددان بەوە دا دەنێ کەوا عاشقی ھەیزڵ بووە و زۆری خۆشدەوێ. دواتر و لە کۆتاییدا چاویان دەکەوێ بە پیتەر ڤان ھاوتن لە ئەمستەردام، بەڵام ئەوەیان بۆ دەردەکەوێ کەوا کەسێکی شێواو و بێ کەڵکی سەرخۆشە، کە ھەڵسوکەوتی زۆر ناشرینە بەرامبەر بە دوو گەنجەکە. لەبەر ئەمەش یاریدەدەرەکەی بە ناوی لیدەڤەی پێیان دەڵێ کەوا ئەو بووە کە چاوپێکەوتنەکەی ڕێکخستووە و بانگھێشتی ئەمستەردامی کردوون نەوەک پیتەر. پاش شەڕەقسەیەکی زۆر و سوکایەکی کردن بە ھەیزڵ لەلایەن پیتەر، ھەیزڵ و ئۆگەستس ماڵەکە جێدەھێڵن. دوای بینین و گەڕان لە ئەمستەردام ئۆگەستس بە ھەیزڵ دەڵێ کە نەخۆشییەکەی لە حاڵەتێکی زۆر خراپدایە و درۆی لەگەڵ ھەیزڵ کردووە بۆ ئەوەی نیگەران نەبێ. دەگەڕێنەوە بۆ ئەمەریکا و نەخۆشییەکەی ئۆگەستس خراپتر دەبێ کە وای لێدەکا چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە. پاش ماوەیەک و لە شەوێکدا نەخۆشییەکەی ھێرشی بۆ دێنێت و ئۆگەستس دەمرێ و پاش ئەم ڕووداوە تراژیدییە ڤان ھاوتن بەژداری پرسەی ئۆگەستس دەکا و داوای لێ بوردن لە ھەیزڵ دەکا. دواتر ھەیزڵ بەوە دەزانێ کە ئۆگەستس نامەیەکی بۆ بەجێھێشتووە وەکو کۆتاییەک بۆ چیڕۆکی ڕۆمانی ئازارێکی مەزن، باس لەوە دەکا کەوا ھەموو کەسێک لەم دنیایەدا تووشی ئازار دەبێ، بەڵام خۆمان ھەڵبژاردنێمکمان لەدەستە کە ڕێگە بە کێ دەدەین ئازارمان دەدا، وە دەشڵێ کە ئەو ڕازییە بە ھەڵبژاردنەکەی خۆی، کۆتا دەقی ڕۆمانەکەش بەوە دێ کەوا ھەیزڵ دەڵێ کە ئەویش ڕازییە بە ھەڵبژاردنەکەی خۆی.

وەرگێڕانی کوردی[دەستکاری]

ئەم ڕۆمانە لە ساڵی ٢٠١٦ و لەلایەن ژیوار جەوھەر وەرگێڕانی بۆ کرا بە ناونیشانی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان کە لەلایەن دەزگای غەزەلنووس چاپ و بڵاوکرایەوە و داھاتەکەشی بۆ نەخۆشخانەی ھیوا دەچێ کە تایبەتە بە شێرپەنجە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • چاپی وەرگێڕانی کوردی
  • ویکی ئینگلیزی
  • ویکی عەرەبی