دەروازە:وێژە/وتاری ھەڵبژێردراو/٣

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان (بە ئینگلیزی: The Fault in Our Stars) ڕۆمانێکە نووسراوە لەلایەن جۆن گرینی نووسەری ئەمەریکی کە لە کانوونی دووەمی ٢٠١٢ بڵاوکراوەتەوە. ناونیشانی کتێبەکە لە دەقێکی شانۆنامەی جۆلیۆس کایسەری شکسپیرـەوە وەرگیراوە کە تێیدا کارەکتەر کاسیەس بە بروتۆس دەڵێ (ھەڵەکە، بروتۆسی ئازیز، لە ئەستێرەکانی بەختماندا نییە، / بەڵکوو لەخۆمانە...). دواتر و لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠١٤ دا فیلمێک دەرچوو بە ھەمان ناوی ڕۆمانەکە و بە چیڕۆکێکی وەرگیراو کە لەلایەن جۆش بوونەوە کاری دەرھێنانی بۆ کرابوو بە بەشداری ئەکتەران شەیڵین وودی و ئانسڵ ئێڵگۆرت و نات وۆف. ھەردووک ڕۆمان و فیلمەکە ھەم لە ڕووی ڕەخنەگرانەوە و لەڕووی ئابووریشەوە سەرکەوتنی باشیان بەدەستھێنا.

ھەیزل گرەیس، کە کچێکی ١٦ ساڵانە و تووشی شێرپەنجەی سییەکانی بووە، لەلایەن دایکی ناچاردەکرێ کە بەشداری لە گروپێکی پشتگیری شێرپەنجە بکات. لە گروپەکەدا ھەیزڵ کوڕێکی تەمەن ١٧ ساڵان دەناسێ بەناوی ئۆگەستس واتەرس، کە بەھۆی شێرپەنجەوە قاچی ڕاستەی لەدەستداوە. ھەیزڵ و ئۆگەستس یەکتر دەناسن و پەیوەندییەکی بەھێز لەنێوانیان دروست دەبێ، کە دوای یەکتر ناسینیان ئۆگەستس ڕۆمانێک دەبەخشێ بە ھەیزڵ بە ناوی بەھای کازیوە و ھەیزڵیش ڕۆمانی ئازارێکی مەزن پێشنیاردەکا بۆ ئۆگەستس کە ڕۆمانەکە لەلایەن پیتەر ڤان ھاوتنەوە نووسراوە و باس لە کچێکی تووشبووی شێرپەنجە دەکات بە ناوی ئانا، کە ڕەنگدانەوەی ژیان و ئەزموونی ھەیزڵی تێدایە. پاش ئەوەی ئۆگەستس کتێبەکە دەخوێنێتەوە سەرسام دەبێ بەوەی کە چیڕۆکی ڕۆمانەکە بێ کۆتاییە و ڕۆمانەکە لە نێوەندی ڕستەیەکدا کۆتایی پێ دێ، ھەیزڵیش ئەوەی پێ ڕادەگەیەنێ کەوا نووسەری ڕۆمانەکە تەنھا ئەو کتێبەی نووسیوە و لەوکاتەوە ھیچ ھەواڵی نییە.

زیاتر...