جەنگی سیاسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جەنگی سیاسی بریتییە لە بەکارھێنانی شێوازی سیاسی بۆ سەپاندنی ویستی کەسێک یان لایەنێکی دیاریکراو لەڕێی نیەتێکی توندوتیژەوە. واتای دەستەواژەی «سیاسی» کارلێکی پێوانەکراوی نێوان حکوومەت و لایەنی ئامانجگیراو دەگەیەنێت کە دەکرێت لایەنە بە ئامانجگیراوەکە حکوومەتی وڵاتێکی دیکە، سوپا یان دانیشتووانی گشتی بن. حکوومەتەکان چەند شێواز و ڕێگایەکی جۆراوجۆر بەکاردەھێنن بۆ ئەنجامدانی ھەندێک کردەی دیاریکراو کە لە ئەنجامدا دەکرێت ئەو کردانە سوودێکی ڕێژەیییان پێ ببەخشێت بەرامبەر بە ڕکابەرەکانیان. شێوازە جیاوازەکان پڕۆپاگەندە و کردە دەروونییەکان لەخۆ دەگرێت کە خزمەت بە ئامانجە نەتەوەیی و سەربازییەکان دەکەن. پڕۆپاگەندە چەندین ڕەھەندی جیاوازی ھەیە و ئامانجێکی سیاسیی توندوتیژ و ملکەچکردنی لە پشتەوەیە، بەڵام کردە دەروونییەکان کردەی نەخشەبۆداڕێژراون و، مەبەست لێیان ئامانجی سەربازیی وردە کە دەکرێت بۆ ھەردوو لایەنی سەربازی و مەدەنی بەکار بھێنرێت.[١]

سروشتی ناچارکەری جەنگی سیاسی دەبێتە ھۆکار بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگایییەکانی لایەنی بەرامبەر و پەستان خستنەسەریان. جەنگی سیاسی دەکرێت بە توندوتیژی، پەستانی ئابووری، لەناوبردن و دیپلۆماسی ئاوێتە بکرێت، بەڵام کەرستەی سەرەکیی لەم جۆرە جەنگە بریتییە لە بەکارھێنانی وشە، وێنە و بۆچوون. بنیادنان، چالاککردن و بەردەوامبوونی ئەم شێوازانەی ناچارکردن بە ئەرکی دەوڵەتمەداران دادەنرێت و وەک جێگرەوەی کردەی سەربازیی ڕاستەوخۆ دادەنرێت. بۆ نموونە، مەبەست لە سەپاندنی ئابلۆقە و گەمارۆی ئابووری بریتییە لە خستنەوەی زیانێکی ئابووریی پێویست کە ببێتە ھۆی گۆڕانکاریی سیاسی. شێواز و ڕێگا بەکارھێناراوەکان لە جەنگی سیاسی بەندە لەسەر پێکھاتە و دیدگای سیاسیی وڵاتەکە و، شێوازی جەنگەکە بەپێی ئەوەی کە وڵاتەکە وڵاتێکی تاکڕەو، دیکتاتۆری، دەسەڵاتخواز، یان دیموکراتییە دەگۆڕێت.[٢][٣]

شێوازە توندوتیژەکان[دەستکاری]

بەھەمان شێوە جەنگی سیاسی چالاکیی توندوتیژ و جەنگخوازییش لەخۆ دەگرێت کە لەلایەن لایەنی یەکەمەوە دەکرێت، بە مەبەستی بەدەستخستنی سوودێکی ڕێژەیی یان دەستبەسەرداگرتن بەسەر لایەنی بەرامبەر و دووەم. ئەم جۆرە ناکۆکیی و ململانێیە لەنێوان لایەنی ھێرشکەر و قوربانی لە چوارچێوەی ھەمان وڵاتیش تێبینی کراوە کە دەکرێت ئەم شێوازانە لەخۆ بگرێت: خافڵکوژی، چالاکیی نیمچەسەربازی، کاری تێکدەرانە، کوودەتا، یاخیبوونی شۆڕش، شەڕی چەتەیی و شەڕی ناوخۆ.[٤][٥]

١- چوونەناوەوەی ھێزێکی بیانی یان ئازادکردن: ڕوودەدات کاتێک حکوومەتی وڵاتێک لەڕێی ھێزێکی سەربازی، دیپلۆماسی یان نھێنیی بیانییەوە لادەبرێت. مەبەستی سەرەکیی کردەکە بریتییە لە بەدەستھێنانی دەسەڵات بەسەر بنیادی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتێکی دیکەدا؛ کردەکە دەکرێت سەرپەرشتی و سەرکردایەتی بکرێت لەلایەن ھێزی نیشتمانیی ھێرشکەر یان لایەنێکی سیاسیی وڵاتی قوربانی کە لایەنگریی ھێرشکەرەکە دەکات. بەرجەستەکردن و درێژکردنەوەی کردەی دەستبەسەرداگرتنەکە لەلایەن ھێرشکەرەوە بۆ سەر قوربانییەکە بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت، ئەوانیش:

  • چوونەناوەوە لەڕێی دزەکردنەوە

دزەکردنی مەبەستداری کۆمەڵە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لایەنی ھێرشکەر بۆ ناو وڵاتی قوربانی بە ئامانجی بەھێزکردن و درێژکردنەوەی کاریگەری و دەسەڵات.

  • ھەڵوەشاندنەوەی زۆرەملێیانە

لەناوبردنی بنیاد و پێکھاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لایەنی قوربانی ھەتا ئەو کاتەی ڕەوشت و بەھا نەتەوەیییەکان بەتەواوی ھەڵدەوەشنەوە و، دەوڵەت لە ئاستێک نامێنێت کە بتوانێت بەرگەی دزەکردنی و دەستتێوەردانی پتر بکات. ئەگەری ھەیە لایەنی ھێرشکەر ململانێیە ناوخۆیییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، نەژاد و ڕەگەزەکان، ئاینییەکان و کۆمەڵانی دیکەی لایەنی قوربانی بقۆزێتەوە و، ئەم ڕێگایەش ھاوشێوەیە لەگەڵ چەمکی «دابەش بکە و داگیر بکە».[٦]

  • بە گۆڕین

بریتییە لە گۆرین یان کاڵکردنەوەی وەفاداری لایەن و کۆمەڵە سیاسی و کۆمەڵایەتییە گرنگەکان لە وڵاتی قوربانی، لەگەڵ گواستنەوەیان بۆ ناو لایەنە سیاسی و ئامانجە فیکرییەکانی وڵاتی ھێرشکەر.

  1. کوودەتا: بریتییە لە ڕووخاندنی حکوومەتێک لەڕێی دزەکردنەناوەوە بۆ کۆمەڵە سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتییەکانی بەشێکی یەکجار بچووکی دەزگا حکومییەکان.
  2. کردەی نیمچە سەربازی
  3. یاخیبوون

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Smith, Paul A. , On Political War (Washington: National Defense University Press, 1989), p. 7
  2. ^ Smith, p. 12
  3. ^ Smith, p. 3.
  4. ^ Codevilla, p. 219.
  5. ^ Codevilla and Seabury, p. 157
  6. ^ Codevilla, p. 220.