جوگرافیای سوێد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

سوێد یاخود سوید یەکێکە لە وڵاتەکانی کیشوەری ئەووروپا دەکەوێتە باکووری ئەوڕوپا، لە خۆڕئاوای دەریای بەڵتیک و کەنداوی پۆتنیا، و کەناڕێکی ڕیشاڵی و درێژی ھەیە، و بەشی خۆرھەڵاتی نیمچە دوورگەی ئەسکەندەنافیا پێک دێنێت، و لە خۆڕئاوی زنجیرە چیاکانی ئەسکەندەنافیا (سکاندیرنا) ھەڵکەوتوون، کە بووەتە سنووری نێوانیان لەگەڵ نەرویژ، و فنلەندا کەوتووەتە بەشی باکووری خۆرھەڵاتی، و سنوورێکی دەریایی ھەیە لەگەڵ دانمارک و ئەڵمانیا و پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتڤیا و ئیستۆنیا و ڕەسیا، و لە ڕێگای پردەھۆینی ئۆریسەند بە دانمارک بەستراوەتەوە. ڕێزبەندی پەنجاو پێنجەمین گەورەترین وڵاتی گرتوەو لە ڕووی ڕووبەرەوە کە (٤٤٩٬٩٦٤ کم٢)و چوارەمینە بە گوێرەی ئەوڕوپا جگە لە ڕەسیای ئەوڕوپی، و گەورەترینی باکووری ئەوڕوپایە، نزمترین خاڵی لە ئاستی دەریاوە کەوتووەتە کەنداوی ھاماڕسیۆن لە (کریستان ستاد) کە ٢٫٤ مەتر لە خوار ئاستی دەریایە، بەبەراورد بەرزترین خاڵی بریتییە لە (کیپنیکایسێ) کە ٢١١١ مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە. سوێد بەگوێرەی ڕۆشەنبیری و جوگرافیا و مێژوو بۆ ٢٥ پارێزگا دابەش کراوە، کە ھیچ مەبەستێکی کارگێڕی و ڕامیاری لە پشتەوە نییە، ھەریەکە لەم پارێزگانەش بەسەر سێ ھەرێم دابەش کراوە ئەوانیش (نۆردلاند) و (سڤیڵاندی ناوەند) و (گۆتۆ ڵاندی باشوور)، ھەرێمی (نۆردلاند) کەمترین ڕێژەی دانیشتوان و زۆرترین ڕووبەری لەخۆ گرتووە کە %٦٠ ھەموو خاکی سوێدە. %١٥ خاکی سوێد لە باکوور کەوتووەتە ناو ھێڵی پانی جەمسەری باکوور، کە زۆرینەی ڕووبەری دارستانی سوێد پێک دێنێت، بەرامبەری خاکی باشووری بۆ کشتوکاڵ گونجاوە و زۆرینەی ڕێژەی دانیشتوانی بەرکەوتووە (ئۆریسەند)، و دوورگەکانی (گۆتڵاند) و (ئۆوڵاند) گەورەترین دوو دوورگەی سوێدن، دەریاچەکانی (ڤێنێرن) و (ڤێتێرن) گەورەترین دوو دەریاچەن، دەریاچەی (ڤێتێرن) سێیەم گەورەترین دەریاچەی ئەوڕوپایە دوای دەریاچەکانی (لادۆگا) و (ئۆنیچا) لە ڕەسیا.

کەش و ھەوا[دەستکاری]

دیم‌ە‌نێک لە باخچ‌ە‌ی ستۆرا سیۆڤاڵیتی نیشتمانی.

زۆرینەی سوێد یەک جۆر کەش و ھەوای ھەیە کە ساردە بەتایبەت بەشی باکووری، و خاوەنی چوار وەرزی تایبەتە، و پلەی گەرما نزمە بەشێوەیەکی گشتی، دەکرێت سوێد دابەش بکرێت بۆ سێ ناوچە بە گوێرەی کەش و ھەواوە، ناوچەی باشوور کە کەش وھەوایەکی دەریایی ھەیە، ناوەڕاست کە کەش و ھەوایەکی کیشوەری ھەیە، باکوور کە کەش و ھەوایەکی جەمسەری ھەیە دەبینین ھەندێک ناوچە لەگەڵ ھەندێکی تر جیاوازن لەکاتێکدا لەسەر ھەمان ھێڵی درێژی زەویدان ھۆی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری ئاوی کەنداوەکان. بۆ نموونە زستان لە بەشی باشوور و ناوەڕاست گەرمترە وەک ئەوەی لە ڕەسیا و کەنەدا ھەیە لەکاتێکدا ماوەی ڕۆژ جیاوزە بە جیاوازییەکی زۆر کە لە ھاویندا ڕۆژ ئاوانابێت بە درێژایی وەرزەکە لە ناوچەکانی ھێڵی جەمسەری باکوور، لە ستۆکھۆڵمی پایتەخت ماوەی ڕۆژ لە وەرزی ھاوین نزیکەی ١٨ کاژێرە لە زستانیش کەمترە لە ٦ کاژێر، سوێد ساڵانە ١٦٠٠ بۆ ٢٠٠٠ کاژێر تیشکی خۆری بەردەکەوێت لە ساڵێکدا. جیاوازییەکی زۆر ھەیە لە نێوان باکوور و باشوور لە ڕووی کەش و ھەواوە، ناوەڕاستی سوێد زستانێکی سارد و ھاوینێکی گەرمی ھەیە کە ھاوینی تا ٢٥ پلە بەرزدەبێتەوە و زستانیشی بۆ ٤ پلە ژێر سفڕ لەکاتێک بەشی باکووری وڵات ھاوینی ساردە و زستانیشی زۆر زۆر سارد و بەفراویە و ماوەکەی دڕێژە پلەی گەرما لە ھاوین بۆ ٣٠ پلە بەرز دەبێتەوە، لە زستانیش بۆ ٣٨ پلەی ژێر سفڕ نزم دەبێتەوە نزمترین پلە تا ئێستا تۆمارکرابێت لە ساڵی ١٩٤٧ کە بۆ ٥٢ پلەی ژێر سفڕ نزم بوویەوە. لە ھەموو ناوچەکانی سوێد بە گشتی بڕی ٥٠٠ بۆ ٨٠٠ ملم باران دەبارێت لە ساڵێکدا، لە بەشی باشوور بڕی ١٠٠٠ بۆ ١٢٠٠ ملم باران بەشێوەی لێزمە دادەبارێت، لە کاتێک لە ناوچە شاخاویەکان لە باکوور تا ٢٠٠٠ ملم دادەبارێت لەگەڵ بەفرێکی زۆر. لە باشوور وەرزی بەفر لەنێوان مانگەکانی کانوونی یەکەم و مارس دایە بەڵام لە باکوور لە نێوان مانگەکانی تشرینی یەکەم بۆ مای یە، لە ھەندێک ساڵیش بەشی باشوور بەفر بەخاکەکەیەوە نابینرێت.

کارگێڕی[دەستکاری]

سوێد وڵاتێکی یەکگرتووە دابەش کراوە بۆ بیست و یەک یەکەی کارگێری، ستۆکھۆڵم و سۆدەرلاند و وەسترگۆتلاند و یۆنکۆپینگ کڕۆنۆبێڕگ و کاڵماڕ و گۆتلاند و بیڵکینگێ و سکێن و ھاڵاند و ڤێسترا و گۆتاڵاند و فێرمڵاند و ئۆرەبڕۆ و ڤێستمانلاند وداڵارنا و گێڤلبۆڕگ و ڤێستەر نۆردڵاند وێمتڵاند وڤێستەربۆتن و نۆڕبۆتن. بۆ ھەر یەکەیەک ئەنجومەنێکی کارگێڕی بۆ دامەزراوە لەلایەن حکومەتەوە، ئەم ئەنجومەنە بۆ ماوەی شەش ساڵ دەست بەکاردەبێت، ئەم جۆرە ڕژێمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٦٣٤ کاتێک ئەم یەکە کارگێڕیانە دامەزرا لەلایەن لۆردی سوێدی «ئەکسڵ ئەکسنستێرا»، کە ئامانج لێی بەڕێوەبردنی ئەو یەکانەیە بە گوێرەی سروشتی ناوچەکە و بەرەو پێشبردنیان، کەلە ناو ھەر ئەنجومەنێک پەڕلەمانێکی بچوک ھەیە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە ھەڵدەبژێردرێت. ھەر یەکەیەک بۆ چەند شارەوانییەک دابەش دەبێت، کە کۆی گشتی ٢٩٠ شارەوانی ھەیە لە ساڵی ٢٠٠٤، وەزارەتی شارەوانی وەکو لێژنەیەکی حکومی بەسەر شارەکان چاودێری دەکات، ئەنجومەنێکی شارەوانی ھەیە کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت لە ٣١ تا ١٠١ ئەندام پێکدێت، کەلە ڕێگای ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان ھەڵدەبژێردرێن، کە چوار ساڵ جارێکە. لەناو شارەوانییەکان کۆمەڵە مسقۆفێک ھەن کە ژمارەیان ٢٥١٢ مسقۆف دەبێت، وەک نەریتێکی کۆن بەنوێنەرایەتی کڵێسا بەشداری دەکەن. بەڵام ھیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نییە، چونکە دەنگی دەنگدەران بڕیاڕ دەردەکات.

سەرچاوەکان[دەستکاری]