تۆماس ھاردی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
تۆماس ھاردی

تۆماس ھاردی (ماوەی ژیان:٢ی حوزەیرانی ١٨٤٠ تاکوو ١١ی کانوونی دووەمی ١٩٢٨) نووسەری کورتە چیڕۆک و ڕۆماننووس و شاعیری بریتانیایییە.

ڕێئالیستێکی سەردەمی ویکتۆرییەن بە سەبک و سونەتی جۆرج ئێلیۆت بوو، ئەو ھەم دە ڕۆمانەکانیدا و ھەم دە شێعرەکانیدا لەژێر کاریگەری ڕۆمانتیسیزم بوو کە ھەروەتر شێعرەکانی ویلیام وۆردسوۆرس دەگرێتەوە. ئەو زۆری ڕەخنە لە کۆمەڵگای ویکتۆریایی دەگرت بەتایبەت لەبارەی دۆخی ڕوو بە خراپی دێھاتەکانی بەریتانیا وەک زاگەی خۆی لە باشووری خۆراوای ئینگلیس. تۆماس ھاردی ھەوەڵێ وەک نووسەری ئەو ڕۆمانانە بەنێوبانگ بوو: دوور لە خەڵکی شێت، شارەداری کاستربریج، تێس لە بنەماڵەی دوربرویل، جودی نادیار. زۆربەی ڕۆمانەکانی لەبارەی کاراکتێرھایێکی تڕاژیکە کە دەگەڵ ھەستەکان و دۆخی کۆمەڵایەتی خۆیان شەڕ دەکەن. دوو ڕۆمانی 'تێس لە بنەماڵەی داربرویل' و 'دوور لە خەڵکی شێت'، لە ڕاپرسی بی بی سی دا دە لیستی پەنجادانە لە باشترین ڕۆمانەکان دا ڕیز کرا.

ژیان و پیشە[دەستکاری]

تۆماس ھاردی لە دووھەمین ڕۆژی مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٨٤٠ لە دێھاتێک لە ناوچەی ستینسفۆڕد (Stinsford) لە ڕۆژھەڵاتی دۆرچێستێر لە دۆرسێت (Dorset) لە بەریتانیا لە دایک بوو، جێگایێک کە لە وێ باوکی بە نێوی تۆماس (١٨١١_١٨٩٢) وەک بەردتراش و بەننا کاری دەکرد و دەگەڵ دایکی بە نێوی جێمیما (Jamima) (١٨١٣_١٩٠٤) دە ساڵی ١٨٣٩ دا ھاوسەرگیری کرد. جێمیما کتێبخوێن بوو و تۆماسی پەروەردە کرد تا ئەوکاتەی لە تەمەنی ھەشت ساڵی چۆ ھەوەڵین قوتابخانەی لە بۆکھامپتن (Bockhampton). بەڵام چوونکێ بنەماڵەی ھاردی ھەژار بوون و نەیانئەتوانی ئاسانکاری ڕۆیشتن بۆ زانکۆی بۆ تۆماس بەرھەم بێنن، لە تەمەنی شازدە ساڵ کۆتایی بە خوێندنی فەرمی ھێنا و بوو بە شاگردی مێعمارێکی ناوچەکە.

ھاردی پێش کۆچکردنی بۆ لەندەن لە ساڵی ١٨٦٢، وەک مێعمارێک لە دۆرچێستێر پەروەردەی دیت. لەوێ وەک خوێندکار لە زانکۆی کینکز کالێجی لەندەن (King's College London) ناونووسی کرد. ئەو براوەی چەند پاداشت لەلایەن پەیمانگای سەڵتەنەتی مێعمارەکانی بەریتانیا و ئەنجومەنی مێعماران بوو.

ھاردی لە لەندەن قەت ھەستی بەوە نەکرد لە ماڵە خۆیەتی چوونکێ بە ڕوونی ئاگاداری جیاوازی چینەکان و جایگاھی کەمی کۆمەڵایەتی خۆی لەوێ بوو، کەوایە لە کۆتاییدا بە خاتری تەندروستی خۆی گەڕاوە دۆرسێت و لە وێیماوس (Weymouth) جێگیر بوو و بڕیاری دا ھەموو کاتی خۆی بۆ نووسین تەرخان بکا.

ساڵەکانی کۆتایی[دەستکاری]

ھاردی بە خاتری وێرانێکانی شەڕی جیھانی ھەوەڵ شڵەژابوو و ماوەیێکی زۆر بیری لەوە دەکردەوە کە «ھەست دەکەم دونیایێک کە تووندوتیژی و بێڕەحمێکی وای تێدا دەکرێ شایەنی ڕزگارکردنی نییە و باشترە لە شارستانییەتی ڕۆژاوا گەڕێین کە لە ناو بچێ و شانس بە نەژادی ڕەش و زەرد بدەین».

لە ساڵی ١٩٢٧، ھاردی تووشی نەخۆشی پلوریسی (pleurisy) دەبێ و سەعات ٩ی ڕۆژی ١١ی بەفرانباری ساڵی ١٩٢٨ لەکاتێکدا کە دوایین شێعری بە ھاوسەرەکەی دیکتە ئەکا، کۆچی دوایی ئەکا.

کۆبوونەوەی ناشتنی تەرمی ھاردی لە ڕۆژی ١٦ی مانگی کانوونی دووەم لە کڵێسای وێست منیستێر (West Minister) بە مشت و مڕی لەسەر جێگای ناشتنەکەی، بەڕێوەچوو چوونکێ ئاواتی ھاردی ئەوە بوو کە لە لای ھاوسەری ھەوەڵی بنێژرێ و خزم و ھاوڕێکانیشی ھاوڕا بوون بەڵام جێبەجێکارەکەی پێداگر بوو لەسەر وەیکە لە لای شاعیرانی بەنێوبانگی کڵێسا بنێژرێ و دوای گفتوگۆیێکی زۆر بڕیار درا کە دڵی وی لە لای ئێما (Emma) ھاوسەری ھەوەڵی بنێژن و تەرمەکەی لە جێگای شاعیرەکان.

دوای مردنی ھاردی، بەڕێوەبەرەکی نامەکان و یاداشتنامەکانی دەسووتێنێ بەڵام ١٢ یاداشتنامەی بەجێ دەمێنێ کە لە یەکیاندا یاداشت و چیرۆکەکانی ڕۆژنامەی ساڵی ١٨٢٠ دەدۆزنەوە و لێکۆڵینەوەیەک لەسەر وەیکە ھاردی بە چ شێوەیەک ئەو چیرۆکانەی لە نێو کارەکانی خۆیدا بە کار ھێناوە، بەڕێوەچۆ.

ڕۆمانەکان[دەستکاری]

ھەوەڵین ڕۆمانی ھاردی بە نێوی «خاتوون و پیاوی ھەژار» (The Poor Man and the Lady) بوو کە لە ساڵی ١٨٦٧ تەواوی کرد بەڵام کەس بۆی چاپ و بڵاو نەکردەوە. دوایە ھاردی ئەو کارەی نیشانی ھاوڕێ و فێرکارەکەی دا کە بۆخۆی نووسەر و شاعیر بوو و ئەو ھەستی کرد بەھۆی سیاسی بوونی ڕۆمانەکە، دەکەوێتە ژێر مشت و مڕی و لەوانەیە نەتوانێ دوای وی ھیچ ڕۆمانێکی دیکە لە داھاتوودا بڵاو کاتەوە. کەوایە ھاردی گوێی دا بە قسەی ھاوڕێکەی و دەستی لە بڵاوکردنەوەی ئەو کارە کێشا. بەڵام بە دڵگەرمی ھاوڕێکەی لەسەر نووسین بەردەوام بوو و دوو ڕۆمانی «چارەسەرەکانی نائۆمێدانە» (Desperate Remedies) لە ساڵی ١٨٧١ و «لەژێر داری گرینوود» (Under the Greenwood Tree) لە ساڵی ١٨٧٢ بە شێوەی نەناسراو بڵاو کراوە. لە ساڵی ١٨٧٣، «یەک جووت چاوی شین» (A Pair of Blue Eyes) بە نێوی خۆی چاپ کرد. ڕۆمانی «دوور لە خەڵکی شێت» (Far from the Madding Crowd) لە ساڵی ١٨٧٤ پەخش کرا و ئەوەندە سەرکەوتوو بوو کە توانی کاری مێعماری بەجێ ھێڵی و ھەموو کاتی خۆی بۆ ئەدەبیات تەرخان کا و بە درێژایی ٢٥ ساڵ دوای وی زیاتر لە دە ڕۆمان بنووسێ.

شێعر[دەستکاری]

ھاردی ھەوەڵین پەرتوکی شێعری لە ساڵی ١٨٩٨ بە نێوی «شێعرەکانی وێسێکس» (Wessex Poems) چاپ کرد و کۆمەڵێک لە شێعرەکانی بوو کە لە ماوەی سی ساڵ دا نووسیبوی. لە سەدەی بیست دا ھاردی تەنیا ھەر شێعری بڵاو کردەوە.

تۆماس ھاردی ھەموو جۆر شێعرێکی دەنووسی وەک ھەڵبەستی کورت، ھەڵبەستی چیرۆکی، تەنز، مۆنۆلۆگی درامایی، دیالۆگ و ھەروەھا سێ پەرتووکی درامای شەڕ بە نێوی «The Dynasts».

سەرچاوەکان[دەستکاری]

ویکیپیدیای ئینگلیزی

https://www.britannica.com/biography/Thomas-Hardy .1

2. https://www.theguardian.com/books/2006/oct/13/thomashardy

3. Tomalin, Claire, (2007), Thomas Hardy, the Time-torn Man, Penguin, pp. 30, 36

4. Hardy, Emma (1961) Some Recollections by Emma Hardy; with some relevant poems by Thomas Hardy; ed. by Evelyn Hardy & R. Gittings. London: Oxford University Press

5. .Gibson, James (ed.) (1975) Chosen Poems of Thomas Hardy, London: Macmillan Education; p.9

6. .Wilson, Keith (2009). A Companion to Thomas Hardy. John Wiley & Sons. p. 55

7. .Burley, Peter (2012). "When steam railroaded history". Cornerstone. 33 (1): 9

8. .Walsh, Lauren (2005), "Introduction", The Return of the Native, by Thomas Hardy (print), Classics, New York: Barnes & Noble

9. .Watts, Cedric (2007). Thomas Hardy: 'Tess of the d'Urbervilles'. Humanities-Ebooks. pp. 13, 14

10. Florence Emily Hardy, The Early Life of Thomas Hardy, 1840–1891, p. 269

11. .Geoffrey Harvey, Thomas Hardy: The Complete Critical Guide to Thomas Hardy. New York: Routledge, 2003, p.108