تونێل

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

تونێلێک لە ئەمریکا

تونێل (بە ئینگلیزی: Tunnel) بە کوردی ڕێبرک ڕێگایەکی ژێرزەمینی یاخود ژێر ئاویە کە لە ھەردوو سەرییەوە کراوەیە بۆ ھاتوچۆ. بە کونکردن و ھەڵکەندنی خاکی شوێنەکە و پاشان داپۆشینەوەی بەشە بڕاوەکان دروست دەکرێت، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو (ڕێبرک) تونێلی بۆری نوقمکراو ھەیە وەک تەکنیکێکی تر.

بەکارھێنانەکانی تونێل زۆرن. زۆربەی جار بۆ پێداڕۆشتنی ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەر دروست دەکرێت و ھەندێک جار بۆ پێداڕۆشتنی پیادەڕەو و میترۆ و ھێڵی ئاو و کارەبا و ئینتەرنێت و ئاوەڕۆ دروست دەکرێت. یان بەکاردێت وەک تونێلێکی فرە مەبەست. ھەندێک جار بۆ مەبەستی نھێنی دروست دەکرێت بە تایبەت لە کاتی جەنگەکاندا، یاخود بۆ پاراستنی ھاوڵاتیان لە چەک و شەڕ دروست دەکرێت، ھەندێک جۆری زۆر تایبەتیشی ھەیە کە بۆ پاراستنی گیانی ئاژەڵی کێوی دروست دەکرێت لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا.

پێناسەی وشەی تونێل شێوەیەکی بڵاوی ھەیە، بۆ نمونە لە بەریتانیا تونێلی ئۆتۆمبێل بە شەقامێکی ژێرزەمینی ناو دەبرێت کە درێژییەکەی خۆی دەدات لە ١٥٠ م و زیاتر، بەڵام لە ئەمریکا بە) پێکھاتەیەکی ژێرزەمینی (ناو دەبرێت کە درێژییەکەی لە ٣٢ م زیاترە و تیرەکەی لە ١٫٨ مەتر زیاترە.

تەکنەلۆجیا سەرەتاییەکانی تونێل ئەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی کانزاکردن و ئەندازیاری سەربازی. لە وڵاتی بەریتانیا تەکنیکێکی تایبەتی ھەڵکەندنی دەستی کە پێی دەوترا (گڵ ھاویشتن) بە کار دەھات کە تایبەت بوو بە ھەڵکەندنی گڵی بەھێز.

پشکنینی جیۆتەکنیک[دەستکاری]

پڕۆژەی تونێل لە سەرەتادا پێویستە پشکنینی زەوی بۆ بکرێت بە کۆکردنەوەی نمونەی وەرگیراو لە بنە چاڵی قوڵ و تەکنیکە جیاوازەکانی جیۆفیزیک تاکو ببێتە ھۆکارێک بۆ دیاریکردنی جۆری ھەڵکەندن و دروستکردنی تونێلەکە. ڕەنگە ھەندێک جار پشکنینە سەرەتاییەکان بەس نەبێت بۆ دەرکەوتنی سروشتی بەردەکان و قڵیشی نێوانیان و توانای خۆگرتنی خۆڵە نەرمەکەی، بۆ زانینی زانیاری ورد پێویستە تونێلی ڕێنیشاندان و کونی ستونی لێبدرێت بۆ دەستکەوتنی نمونە لە کرۆکی شوێنی کارەکە.

ھەندێک کلیلی جیۆتەکنیکی:

  • کاتی خۆگرتن: بریتییە لەو کاتەی کە خۆڵی تونێلەکە خۆی ئەگرێت بەبێ ھیچ ڕاگرێک، کە ئەمەش ڕێ ئەدات بە ئەندازیار کە تاکو چەندێک ھەڵکەندن بکات، ئەم کاتەش بەپێی جۆری خۆڵەکە ئەگۆرێت و گڵ و بەرد خۆگرترە لم و قوم کاتی خۆگرتنی کەمە.
  • کۆنتڕۆڵی ئاوی ژێر زەوی: ئاوی ژێر زەوی خاڵێکی گرنگە لە دروستکردنی تونێلدا چونکە ئەگەر بێت و لیکی ئاوی زۆر بێت ئەوا کاتی خۆگرتن کەم دەکاتەوە و ئەگەری ھەرەسی زۆرتر دەبێت، بۆ کۆنتڕۆڵ کردنیشی پێویستە ئاوەکە دەربدێت یان بە بۆری ھەوای ساردی پێدا ببرێت تاکو ئاوە کە ئەیبەستێت.
  • شێوەی تونێل: ڕۆڵی سەرەکی ھەیە لە کاتی خۆگرتنی تونێلدا و بەجۆرێک تاکو ڕێژەی (بەرزی/پانی) زیاتر بێت کاتی خۆگرنتی زۆرتر دھبێت و کارە کە ئاسانتر دھبێت.

بنیادنانی تونێل[دەستکاری]

دیاریکردنی ڕێگای دروستکردنی تونێل لەسەر کۆمەڵێک ھۆکار بەندە لەوانە (جۆری خاک، ڕادەی ئاوی ژێر زەوی، درێژی و پانی و تیرەی تونێل، بەکارھێنانی تونێلەکە و توانای لۆجیستی و … (بڕین و داپۆشین، کونکردن، بۆری نقوم کردن (لە سێ ڕێگا باوەکانی بنیاتنانی تونێلن.

ڕێگاکانی بنیاتنانی تونێل[دەستکاری]

  • بڕین و داپۆشین: بریتییە لە ڕێگایەکی سادە کە تێیدا شوێنەکە بە تەواوی ئەبڕدرێت و پاشان سەقفی بۆ ئەکرێتەوە بە ڕادەیەک کە بەرگەی ھێزەکانی سەری بگرێت، زیاتر لەو شوێنانە بەکاردێت کە قووڵییەکەی کەمە.
  • کونکردن: ڕێگایەکی ئۆتۆی خێرایە و بە ئامێری کونکردن (Tunnel Boring Machine- TBM) (ئەکرێت کە بۆ ھەموو جۆرە خۆڵێک دیزاینێکی تایبەتی ئامێرە کە ھەیە. بەڵام یەکێک لە لایەنە خراپەکانی قورسی گواستنەوەیەتی بۆ شوێنی کار.
  • بۆری نوقم کردن: بریتییە لە کۆمەڵێک بۆری پێکەوە بەستراو و زیاتر بۆ تونێلی ژێر ئاو بەکاردێت، دەبرێنە شوێنی کارەکە؛ و دەخرێتە شوێنی تونێلەکەو پێکەوە دەبەسترێنەوە، ئەتوانرێت بە ھاوبەش لەگەڵ ڕێگای بڕین و داپۆشین لە بنیاتنانی تونێلدا بەکاربێت.
  • تەقینەوە: یەکێکە لە ڕێگا گونجاوەکان بۆ لێدانی تونێلی درێژ کاتێک پێکھاتەکەی بەردی بەھێزە، تێیدا بڕگەیەک کون دەکرێت و بەپێی پێویست مادەی تەقاندنەوەی تێدە کرێت و پاشان خۆڵەکەی دەردەدرێت و بە کۆنکرێت ڕووەکە دائەپۆشرێت.
  • جیاکەرەوەی ھایدرۆلیکی: بۆ پێکھاتەی بەردی بەھێز گونجاوە، و بە جۆرێک کون دەکرێتە ناو بەردەکە و دوو دەم یان زیاتری ئامێرە ھایدرۆلیکییەکە دەکرێتە کونەکان و کاردانەوەیەک دروست ئەکات کە بەردەکە دەکاتە پارچەی وردتر و پاشان لا ئەبرێت و کەڤەر دەکرێتەوە.

ڕێگای کاتی[دەستکاری]

بریتییە لە ڕێگایەکی کاتی ئاسنین و بارھەڵگرێک یان دووانی لەسەر جێگیر دەکرێت لە کاتی دروستکردنی تونێلدا بۆ دەردانی مادەی زیادە لە ناو تونێلەکەوە بۆ دەرەوە و ھەروەھا گواستنەوەی مادەی پێویست بۆ ناو تونێلەکە، ھەروەھا لە تونێلە گەورەکاندا ھەندێک جار ئەھێڵرێتەوە و دەکرێتە ڕێگای ھەمیشەیی.

تونێلی دووقات یان تونێلی فرە مەبەست[دەستکاری]

بریتییە لەو تونێلانەی کە بۆ زیاد لە مەبەستێک دروست ئەکرێن وەک (ترافیک، کۆنتڕۆڵی ئاو، گۆڕینی ڕێڕەوی ئاو، شەمەندە فەر،.. ھتد).. لە نمونەی ئەم تونێلانە) تونێلی شاژن لە بەریتانیا، تونێلی شێری بەرد لە چین).