بیابانی دەشتی لووت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
بیابانی دەشتی لوت
Sand castles - Dasht-e Lut desert - Kerman.JPG
وڵاتئێران
دابەشکاریی کارگێڕیپارێزگای کرمان، پارێزگای سیستان و بەلۆچستان، پارێزگای خۆراسانی باشوور
پۆتانی شوێن٣٠°١٥′٥٠″N ٥٩°١٤′٢٨″E
باری کەلەپووریمیراتی جیھانیی یوونێسکۆ
ڕووبەر٢٬٢٧٨٬٠١٥ hectare، ١٬٧٩٤٬١٣٤ hectare
پێوەری کەلەپووری جیھانیWorld Heritage selection criterion (vii)، World Heritage selection criterion (viii)

بیابانی دەشتی لووت (بە فارسی: دشت لوت‎) ناوچەیەکی بیابانیە لە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئێران. ئەم بیابانە بە ڕووبەری زیاتر لە ٤٠ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە (بە شار و ئاوەدانییەکانییەوە) دەکەوێتە نێو چەند بەشێکی پارێزگاکانی کرمان، سیستان و بەلووچستان و خۆراسان - ی باشوورەوە و بیابانەکە بەتەنھا بە ڕووبەری نزیکەی ١٧٥ ھەزار کیلۆمەتر، نزیکەی ١٠ لە سەدی ڕووبەری ئێران دەگرێتەوە. بیابانی لووت ٢٧ ھەمین گەورەترین بیابانی جیھانە.

بیابانی دەشتی لووت یەکێکە لە ناوچە گەرم و زۆر وشکەکانی جیھان لە ساڵەکانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ و ٢٠٠٩ دا، ناوەراستی بیابانەکە گەرمترین خاڵی سەر ڕووی زەوی بووە، کە بەرزترینیان لە ساڵی ٢٠٠٥ دا تۆمار کراوە کە بەرزترین پلەی گەرمای ٧٠٫٧ پلەی سەدیی بووە. زانایان لەو باوەڕەدان ھۆکاری بەرزیی گەرماکەی، ڕەنگی تاریکی خاکەکە و وشکی ڕووەکەیەتی، کە گەرمیی خۆر ھەڵدەمژێت.[١]

بیابانی دەشتی لووت لە باکووری ڕۆژئاواوە درێژ دەبێتەوە بۆ باشووری ڕۆژھەڵات کە درێژییەکەی نزیکەی ٣٢٠ کیلۆمەترە (٢٠٠ میل) و نزیکەی ١٦٠ کیلۆمەتر (١٠٠ میل) پانییەکەیەتی.

لە بەشی باشووری بیابانەکە بەھۆی گونجاوی و ڕێژەیی بارودۆخی کەشوھەوا و ھەبوونی ئاوی بەردەست و خاکێکی باشتر بووەتە ناوچەیەکی ئاوەدانی و سەرچاوەیەکی گرنگی بژێوی و کاری کشتوکالی.

ڕیشەسازی ناوەکەی[دەستکاری]

وشەی لووت لە زمانی تورکیدا بە واتای ڕووت دێت، جا مەبەستی بێنان و ئاو بێت یان ھەژاری و چۆلەوانی بێت.

ناونیشانەکانی " چەلە لووت " و " دەشتی لووت " و " بیابانی لووت " و " کویر لووت " بۆ ئەم ناوچە چۆڵ و بیابانییە بەکاردەھێنرێ. لە نووسینە جوگرافییەکان ناوچەی لووت ھەندێک جار بە " کویر لووت " ناودەبرێن و ھەندێک جاریش وەک " دەشتی لووت ". لەناو ڕای گشتی و لەزۆر ھەواڵدا ناوی دەھێنن ئەمەش بەھۆی ھەندێک لەیەکچوون بۆ دەشتی بیابانی، زۆر جاران ناونیشانی (کویر لووت) بەکاردەھێنرێت، لەکاتێکدا بەکارھێنانی کویر بۆ لووت ڕاست نییە، لەتۆمارگەی جیھانی لووت - ی یونسکۆشدا ناونیشانی «دشتی لوت» «کویر لوت» نییە، چونکە دەشتی لووت و بیابانی لووت لێک جیاوازن لە ڕووی جوگرافیایییەوە، دەشتیش بیابان نییە، ناوچەی لووت ھەمووی بیابان نییە بەلکو بەشێکی کەمی ڕووبەرەکەی بیابانە و بەشەکەی تری دەشتە.[٢] بیابان زاراوەیەکی ئیکۆلۆجی و ناوچەیەکە کە کەش و ھەوایەکی نالەباری ژیانی ھەیە و ئاماژە بە شوێنێک دەکات کە خاکەکەی مردوو بێت و بەکاری کشتوکال نەشێت، بیابان پەلەوەر و بارانبارینی کەمە، دانیشتووانەکەی کە لە دەشتی لووت نیشتەجێن ھەموو ناوچەکە بە بیابان و دەشتەوە بە «دەشتی لووت» ناودەبەن، بۆیە " بیابان " زاراوەیەکی گشتگیرترە بۆ باسکردنی ئەو دیاردە سروشتییە فراوانە، بۆیە زانایان پێیان وایە دەبێت ئەو بیابانە گەورەیە ناوی " بیابانی دەشتی لووت " بێت نەک " بیابانی لووت " چونکە دەشتی لووت پێکرا بووەتە یەک ناوی لێکدراو،[٣] چونکە بیابان تەنیا بەشێکە لەو. لە نووسینەکانیان توێژەرانی جوگرافیا چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەستەواژەی " بیابانی لووت " لەسەر ئەم یەکە جوگرافییە ڕاست نییە ".

ئایا گەرمترین خاڵی سەر زەویە؟[دەستکاری]

لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٢ بۆ ٢٠١٢ بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کەشناسی جیھانی بەرزترین پلەی گەرمی کە تۆمار کراوبێت لە جیھاندا ھی وێستگەی کەشناسی ئەلعەزیزیانی لیبیا بووە لە بیابانی مەزنی ئەفریقیا، کە لە ١٣ی ئەیلوولی ١٩٩٢ بە پلەی ٥٨ پلە سی (١٣٦٫٤ پلەی فەھرەنھایت) تۆمارکراوە بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ ڕێکخراوی کەشناسی جیھانی بە بەڵگەی قایلکەر دەڵێت کە پێوانەکە نادروست بووە بەھۆی ھەڵەی مرۆڤەوە بووە و تۆمارەکەی بە نادروستیی ھەژمار کردووە. بۆیە ئێستا ڕیکۆردی بەرزتر بۆ پلەی گەرمای ھەوایی تۆمارکراو ھی دۆڵی مەرگ لە کالیفۆرنیایە کە لە ساڵی ١٩١٣ بە ٥٦٫٧ پلەی سیلیلیزی پێوانە کراوە.[٤]

لە لێکۆڵینەوەی ناسا بۆ گەرمترین بەشەکانی ئەم ھەسارەیە بە بەکارھێنانی وێنەی سەتەلایتی یورۆستی ییودییەکان لە ساڵەکانی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٩ بیابانی دەشتی لووت لە ساڵەکانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ و ٢٠٠٩ وەک گەرمترین خاڵی سەر ئەم ھەسارەیە پێوانە کران، کە پلەکانی گەرمای ٧٠ , ٧ ی C لە ساڵی ٢٠٠٥ دا گەرمترین پلەی گەرمای لەسەر زەوی تۆمار کردووە. ١٢ پلەی زیاترە لە تۆمارە فەرمییەکانی پلەی گەرمی ھەوای زەمینی کە لە لیبیا لە ساڵی ١٩٩٢ەوە دانراوە،[٥] پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە گەرمترین خاڵ لەسەر ئەم ھەسارەیە ساڵانە بە جیاوازییەکی زۆر دەگۆڕێت بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، کوینزلەند ئوسترالیا گەرمترین خاڵی سەر زەوی بوو بە پلەی ٦٩. ٣ ° C، کە دووەم بەرزترین پلەی گەرما بوو لەدوای بیابانی دەشتی لووت لە ماوەی چاودێریکردنی حەوت ساڵەی ناسادا. جگە لەوەش، پلەی گەرمی یورووتی زەوی بە زۆری لە پلەی گەرمی ھەوا لە ھەمان خاڵدا بەرزترە و ئەو ژمارانەی بۆ گەرمی بەرگەھەوای زەوی بەکار دەھێنرێن بە بەکارھێنانی ئیندێکسی پلەی گەرمای ڕووکەش بەدەست دەھێنرێ، مانای پلەی گەرمی ھەوایی ئەو ناوچانە نییە. لێکۆڵینەوەی زانایان لە ساڵی ١٩١٥ لەسەر جیاوازی پلەی گەرمای ھەوا و ڕووی زەوی لە دۆڵی مەرگ دا ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە لەکاتێکدا پلەی گەرمی یورووتی زەوی لە قوڵایی ٠ , ٤ سم لە زەویی ڕووەکەی ٧١، ٥ °C دەپێورێت، ھاوکات پلەی گەرمی ھەوا لە بەرزی ١٢٠ سم لە سەرووی ڕووی زەوییەوە ٤٢ , ٥ پلەی سەدی بووە.

لە زۆرێک لە میدیا ئێرانی و بیانییەکاندا بە وتەی دکتۆر پەروێز کۆردڤانی ناوچەی گەندۆم-ی بێریان (٨٠ کم لە باکووری شەداد) بە گەرمترین خاڵی بیابانی دەشتی لووت و جیھان ناسرا، بەڵام کۆردڤانی ئەم بانگەشەیە و ئەو وتانەی کە بۆی دەگێردراوەتەوە، ڕەت دەکاتەوە، پێی وایە گەرمترین خاڵی زەوی لە بیابانی لووت «چاڵی ناوەندی لووت» ٧٥ کم لە باکووری شاری بم و ناساندنی گەندۆم بێریان بە گەرمترین خاڵی لووت و ھەسارەکە نادروستە.

شوێن و نیشاندەری گشتی[دەستکاری]

دیمەنێک لە دەشتی لووت

ناوچەی بیابانی دەشتی لووت زۆر فراوانە و بەشێک لە پارێزگاکانی خۆراسان، سیستان و بەلوچستان و کرمان ی داپۆشیوە سنووری باکووری ئەم ناوچەیە لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا، ھێڵی سەرەکی کوێستانەکانی باکووری بیرجەند و چیای مۆمنئاباد و چیای تەق ئاشیان دەگرێتەوە، کوێستانەکانی باکووری نایبەند چیای ئاتاشان و چیای نایبەند لە دەوری بازنەی ٣٢ پلە دەگرێتەوە و لە باشوورەوە درێژ دەبێتەوە بۆ بەرزایییەکانی ئیگنۆسیی شاساڤاران و جەبەل ڕێزو لە باکووری خولگەی ٢٨ لە ڕۆژاوا ھێڵی سەرەکی کوێستانەکانی کرمان، لە خولگەی ٦٠ و ٣٠ تا بناری ڕۆژئاوای چیای تەفتان، لەژێر بنارەکانی ڕیسۆ، کرمان و ماھان دا دەگرێتەوە کەواتە:

  • دەشتی لووت ناوچەیەکە لە نێوان پارێزگاکانی خۆراسان و سیستان و بەلوچستان و کرمانە
  • دەشتی لووت دەکەوێتە نێوان ھەردوو بەرزایی نەھبەدان لە ڕۆژھەڵات و نەێبەند لە ڕۆژاوا
  • سنووری باکوور ٣٢ پلە و سنووری باشووریش ٢٨ پلەیە.
  • ڕووبەری ناوچەی بیابانی دەشتی لووت نزیکەی ١٧٥ ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە (یەک لەسەر دەی ڕووبەری ئێران).
  • درێژییەکەی نزیکەی ٩٠٠ کم لە باکوورەوە بۆ باشوور و ڕۆژاوا بۆ ڕۆژھەڵات نزیکەی ٣٠٠ کم دەبێت
  • نزمترین خاڵی دەشتی لووت نزیکەی ٢٤٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە (لووتی ناوەڕاست)
  • دەشتی لووت بووە شوێنی بوومەلەرزە گەورەکان
  • شاخەکان بەسەر دەشتی مەزنی لووتدا دەڕوانن، لە ھەزارەی چوارەمی پێش زایینەوە شوێنەواری مرۆڤ بەدی دەکرێت (سەرچاوە ژمارە ٢)
  • گەورەترین ناوچەی دانیشتووانی دەشتی لووت شەداد-ە، کە لە ڕابردوودا بە خابیس دەناسرا.
  • دۆڵی سیرچ و ناوچە نیشتەجێبوونییەکەی کە ھەمان ناوی سیرچی ھەڵگرتووە لە جوانترین دیمەنی سەر سەوزی ناوچەکەیە.

دیاردە سەرنج ڕاکێشەکان[دەستکاری]

لە یەکەم شوێندا، شوێنی کەلەپووری جیھانی بیابانی لووت، لە بانەکانی بیابانی لووت (کلۆت) لە بەشی ڕۆژاوا، تەپۆڵکەی یاڵان یان قەڵای یاڵان لە بەشی ڕۆژھەڵات، حەمەدەی بەشی ناوەڕاست و نبکەس لە لێواری بەشی ڕۆژاوا پێک دێت، کە ھەموویان پێکرا کۆی بیابانی لووت پێک دەھێنن. پێکھاتەکانی دیکەی ئەم بیابانە بریتین لە ھەرێمەکانی ڕووباری شوور، گەندۆم-ی بەریان و شۆرگەز و ھاموون. بیابانی لووت نەک تەنیا تایبەتمەندی جوانیناسی ھەیە، بەڵکو نوێنەرایەتی بەشێک لەو پڕۆسانە دەکات کە پەیوەند دارن بەشێوەی ناوچەکەو مێژووی جیۆلۆجیدا. ھاوکات ھەمەجۆریی دیمەنی سروشتی و ناوچەی دوورە دەست، مەرجی گونجاو بۆ توێژینەوەی زانستی و پەرەپێدانی جیۆگەشتیاریی دابین دەکات.

دەشتی لووت یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین بیابانەکانی جیھان، کە ھەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەمانەن:

  • گەورەترین شاری قەڵایی جیھان لە کۆنەوە ھەر ھەبووە تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان کە تەنھا وێرانەی شارێکی گەورە دەبینرێت کە بە شێوەی جۆراوجۆر وەسف کراوە، وەک شاری خەیاڵی یان شاری لووت.
  • بەرزترین قوچەکەکانی بیابان لە جیھاندا لە لووت دایە بەرزترین قوچەکەبیابانییە ناسراوەکانی جیھان تا بەرزیی ٣٠٠ مەتر دەڕۆن کە لە (لیبیا) یە، بەڵام لە لووت، بەرزی ھەندێک لە قوچەکەکان ھەندێک جار دەگاتە ٤٨٠ مەتر.
  • ٤٠ کونیلەی گڕکانی کواتێرناری لەسەر ڕووی دەشتی لووت ھەیە
  • ناوچە لمی و چەویپانەکان لە قاوەیی کاڵەوە بۆ شەبەنگی و ڕەنگی خۆڵەمێشی و ڕەش خۆیان دەنوێنن.
  • دەشتەکانی چاڵی لاڤای کە وەک شەپۆلی دەریا خۆیان دەنوێنن پێیان دەڵێن «گاندۆم بیریان».
  • ناوچە لمییە ڕەنگدارەکان
  • گەورەترین تۆو لە جیھاندا دەنکە خۆڵاوییەکان (نەبکەس) ن، کە یەکێکە لە سەرسامی خاک و ئاو و ھاوژیانی ڕوەکی. ھەروەھا ئەم نبکەسانە پێیان دەوترێت مەنجەڵەکانی بیابان.
  • ڕیبدۆ (Rebdou) بەرزترین جۆری لەم بیابانەیە.
  • ناوچە لول پێچەکان ئەو ناوچانەن کە لە شێوەی فرەگۆشەدان ئەمەش بەھۆی توێکڵی خوێی ئەستوورەوەیە کە لە ئەنجامی بە ھەڵمبوونی یەکجاری ڕووکەشی زەویەکەی دروست بوون.
  • حوشتر پێ؛ پێدەچێت ڕووی ئەم جۆرە زەوییە دوای بارانێکی زۆر ئاوسابێت و چەند حوشترێک بەسەری دا ڕۆشتبێتن. ھەممادا (ڕوەکی بیابانی) جۆرە ڕوەکێکی تایبەتن لەم بیابانە بەدی دەکرێن.

زەویناسی و جوگرافیا[دەستکاری]

نەخشەیەکی تۆپۆگرافی بیابانی دەشتی لووت.

دەشتی لووت ناوچەیەکی چاڵایییە و لە ڕووی بەرزی و نزمییەوە نا ھاوسەنگە، بە ئاڕاستەی باکوور-باشوور دا چاڵی سەربەخۆی بە شێوەی پۆپۆراڵی بچووکتر ھەیە کە ژێرئاوێکی کارێزیانەی ھەیە بوونەتە سەرچاوەی ئاوی سازگار. لێژی گشتی لە بناری کێوەکانییەوە بۆ دەشتایی نزم دەبنەوە، بەڵام بە گشتی خۆی وەک یەک بەرزایی نیشان دەدات. لەباکوور زۆرترین بەرزی لەنێوان ڕووباری بیرجەند و باپیرانە کە ١٠٠٠ مەتربەرزە و لەخۆرئاواش ٤٤٠ مەتر بەرزە کد (شەداد) یە و لەڕۆژھەڵاتدا ٨٤٠ بۆ ١٠٠٠ مەترە و لەباشووردا لە دامێنی دوانە گردەکانی (لووت زانی ئەحمەد) ٧٢٠ مەترە.

بەھۆی زبری و دابەشبوونە ئاڵۆزییە جوگرافییەکان، دەکرێت بەشێوەیەکی سروشتی دابەشبکرێت بەسەر سێ یەکەی بچووکتر: باکووری لووت، لووتی ناوەڕاست و لۆتی باشوور یان (لووت زانی ئەحمەد).

ڕێژەی باران بارین[دەستکاری]

بڕی باران بارین لەم بیابانە زۆر کەم و سنووردارە بە وەرزی سەرما بەپێی پوختەی ئاماری ئەتۆمۆسفەری وێستگە جیاوازەکان، لە وەرزی گەرمادا باران نییە و تێکڕای ساڵانەی باران بارین لە وەرزی سەرما لە کرمان ١١٨ ملم، لە بام ٤٣ ملم، لە زاھدان ٧٨ملم، زەبۆل ٤٥ملم و نزیکەی ١٩٢ ملم لە بیرجەند تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە لەو ناوچانەدا تا ڕادەیەک بەرزە و بەو جۆرەش ڕێژەی ھەڵمبوون لە وەرزی گەرمادا و بە تایبەت لە دەشتی لووت دا بە شێوەیەکی زۆر بەرز دەبێت. بارانبارینی ساڵانە لە کوێستانە نزیکەکانی دەشتەکە کەمێک زیاترە لەو ژمارە و ڕێژانەی لە کوێستانەکان تۆمار کراوە، بەڵام بڕەکەی زۆر گرنگ نییە و سەبارەت بە بەفر بارین تۆپی بەفر ژمارەیەکی کەمن و بەفریان بە خێرایی بەرەو کۆتایی وەرزی سەرما یان لە زۆربەی زووەکانی وەرزی گەرمادا دەتوێتەوە بۆیە تاکە سەرچاوەی ئاو کارێز و ئەو گۆم و کەندەڵانانەن کە لە باران دروست دەبن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "آلبوم عکس: کویر لوت، تازه‌ترین میراث جهانی یونسکو". BBC News فارسی (بە فارسی). 2016-07-18. Retrieved 2021-02-20.
  2. ^ "جزئیات ثبت جهانی بیابان لوت/ ایراد یونسکو به پرونده چه بود؟". خبرگزاری مهر | اخبار ایران و جهان | Mehr News Agency (بە فارسی). 2016-07-18. Retrieved 2021-02-20.
  3. ^ "میراث جهانی بیابان لووت > درباره بیابان لوت > موقعیت جغرافیایی". web.archive.org. 2019-03-29. Retrieved 2021-02-20.
  4. ^ "The Hottest Spot on Earth". earthobservatory.nasa.gov. 2012-04-12. Retrieved 2021-02-20.
  5. ^ "Where Is the Hottest Place on Earth?". earthobservatory.nasa.gov. 2012-04-05. Retrieved 2021-02-20.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]