بۆ ناوەڕۆک بازبدە

برادۆست (چیا)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
  ئەم وتارە سەبارەت بە برادۆست نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە برادۆست (ڕوونکردنەوە).


چیای برادۆست کەوتووەتە باکووری شاری ھەولێر لە نزیک ڕەواندز و سۆران (دیانا). سەرەتاکەی لێواری ڕۆژاوای خەرەندی ڕەواندز ناسراو بە (گەلی عەلی بەگ) پێک دێنێت و بە ناواخین ناو دەبرێت لە بەرامبەر چیای کۆڕەک و ترۆپکە بەرزەکەی پێی دەگوترێت گۆڕەز کە (٢٠٥٨)مەتر بەرزە، ناوی گۆڕەز بە گشتی چیاکەش دەگوترێت.[١]

ئەم چیایە بەشی ڕۆژاوای ناوچەکە پێکدێنێت، درێژبوونەوەی چیای برادۆست (٢٠٥٨) مەتر دەبێ، لە باشووری ڕووباری ڕەواندز درێژییەکەی دەگاتە ١٥٩٦ مەتر، بەشەکانی ڕۆژاوای چیاکە لیژاییەکەی بەھێزە بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی تری، بەشێک لە دۆڵەکە ھەندێک لە ڕوباری ڕەواندز پێکدەھێنێت. قەدپاڵی ڕۆژئاوای لێژییەکەی بەھێزە کە دەڕوانێت بەسەر ڕوباری ڕەواندز، لێژایی دەگاتە ٦٠٪، بەشەکانی ڕۆژھەڵات لێژایی کەمترە بەبەراورد لەگەڵ بەشەکانی تر، و دەڕوانێت بەسەر ڕووباری باڵەکیان.

سەرەکەی تری دەگاتەوە چیای پیرەفات لە سنووری قەزای مێرگەسۆر. کۆنترین ئەشکەوتی جیھان لە چیای برادۆست ھەڵدەکەوێ و بە ئەشکەوتی شانەدەر[٢] دەناسرێت. لەم ئەشکەوتەدا ئێسک و پروسکی نێژراوی یەکەم مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزراوەتەوە کە تەمەنی بە گوێرەی لێکۆلینەوەکانی ڕالف سولکی لە زانکۆی کۆلۆمبیای ئەمریکایی (١٩٥١–١٩٦١) دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠ تا ٨٠ ھەزار ساڵ.

ناوی چیای برادۆست لە ناوی ھۆزی ناسراوی برادۆستەوە ھاتووە؛ بەڵام مێژووی ناونانی دیارنییە. بە گوێرەی ھەندێک سەرچاوەی زارەکی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگاری پاشا کۆرەی ڕەواندز (١٨٢٠–١٨٤٠) و شەڕی سەختی لە دژی میرانی برادۆست لە سیدەکان.

گرنگترین گوندەکانی بناری چیای برادۆست: گوندی بالەکیان و ھاودیانن. ڕێگەی خەلان - سارداو لە ڕێگە گرنگەکانە کە قەدی ناوەندی چیای برادۆست دەبڕێت و دیوی ھاودیان بە دیوی زێ (خەلان) دەگەیەنێت.

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ www.rudaw.net https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/290620219. لە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٣ ھێنراوە. {{cite web}}: پارامەتری |title= ونە یانیش واڵایە (یارمەتی)
  2. ^ دەشکەوتی شانەدەر: دەکەوێتە قەزای مێرگەسور لە ھەولێر. (٢٢٠٠) پێبەرزە لە ئاستی ڕووی دەریاوە، دەکەوێتە سەر بەرزایی لووتکەی چیای برادۆست و مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ چاخی بەردینی کۆن بۆ (٦٠٫٠٠٠) سال پ. ز و بە کۆنترین و گەورەترین دەشکەوت دادەنرێت لە عێراقدا. بۆ یەکەم جار لە ساڵی (١٩٥٧ – ١٩٦١) ز لەلایەن (ڕالف سولکی) ھەڵکۆڵینی تێدا کراوە]